کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هاوین و ئاگرتێبەربوونی دارستانەکانی ڕۆژئاوای ئێران و وشکبوونی دەریاچەی ورمێ

images

عاملی موقەدەم، ئەندامی مەجلیسی ئیسلامی لە شاری کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆسیش دەستیپێکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆهگیلویە و بۆیەرئەحمەد ئیمکانات و کەرەستەی پێویستی نییە بۆ بەرەنگاربوونەوە و کوژاندنەوەی ئاگر. هەروەها به گوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیامنێری تابناک له کۆهگیلویه و بۆیرئەحمەد، بە وتەی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە، له‌گه‌ڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما و وشکبوونی گژوگیا، زیاتر له ٩٠ لەسەدی ئەو ئاگرانە بە دەستی ئەنقەست ڕوودەدەن، دەکەونە گیانی دارستان و لەوەڕگەکان کە بەهۆی جوگرافیای سەخت و دەستڕانەگەیشتن بە زۆربەی ناوچەکان، کوژاندنەوەی ئاگرەکان زۆر ئاستەمە و تێچوویەکی زۆری دەوێت. بەشێوەيەکی گشتی ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی زاگرۆس ڕاستەوخۆ دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی یان مانۆڕێکی سپای پاسداران لە ناوچەکە ڕوودەدەن و ئەمەش وایکردووە کە خەڵکی ناوچەکە زیاتر لەسەر ئەو بڕوایە بن کە ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە ئەنقەستن. ئاماژەیەکی دیکەی ڕوونی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە وێرانکردنی کارەساتباری ژینگەدا، بریتییە لە خێراتربوونی ڕەوتی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ. بەپێی پێشبینیی شارەزایانی بواری ژینگە و بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی پێنج بۆ شەش پلەی گەرمی هەوا لەمساڵدا و هەروەها کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە ناو دەریاچەکە، دەریاچەی ورمێ بەخێرایی بەرەو وشکبوون دەچێت.

هه‌موو ئەوانەی که ته‌نانه‌ت کەمترین ئاشناییان لەگەڵ یاسا و ڕێسای ژینگه هەیە، ئه‌م زیانە لەقەرەبوو نەهاتووە، دەگەڕێننەوە بۆ ئەو پلانە نازانستیانەی که له سیستەمی ئیداریی گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا ڕووده دەدەن. هەر ئێستا ٢٥٠ هەزار هێکتار زەوی دەوروبەری دەریاچەکە بووتە شۆرەکات. وشکبوونی دەریاچەی ورمێ نەک هەر پرسێکی درێژخایەنی ژینگەیی، بەڵکوو هەر ئێستا مەترسی بۆسەر ژیانی خەڵکی تەواوی ناوچەکە و بەتایبەتی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دروستکردووە و لێکەوتەکانی لە درێژماوەدا کاریگەرییان لەسەر پارێزگاکانی دراوسێش دەبێت. پانتایی شۆرەکاتی کەنارەکانی دەریاچەکە تادێت پەرەدەستێنێ و ئاوەکانی ژێر زەویش سوێرتر دەبن. کێڵگەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ لەگەڵ هەڕەشەی لەناوچوون بەرەوڕوون و ژمارەیەک گوندی کەنارەکانی ئەو دەریاچە چۆڵکراون. باو و تۆفانی خوێ لە داهاتوودا دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر ناوچەکە. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە لەگەڵ وشکبوونی ئەم دەریاچەیە، بیابانێکی فراوانی دیکە لەم بەشەی ئێراندا دروست دەبێت و بەهۆی شۆرەکاتبوونی، سیمای ژیانی خەڵکی ناوچەکە دەگۆڕێت. لە پێوەند لەگەڵ ئەم دوو حاڵەتە، واتە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ و ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام لە دارستانەکانی زاگرۆس، ئەم پرسیارە دێتەئاراوە کە چ هۆکارێک بووەتە هۆی خێراتربوونی ڕەوتی لەناوچوونی ژینگە و هۆکارە مرۆییەکان تا چ ڕادەیەک لەم دوو کارەساتە گەورەیەدا بەشدار بوون؟

کێ تاوانبارە به کەمتەرخەمی لە ئاست ئەم کارەساتانە؟ ئایا دەکرێت پێش بە ڕەوتی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بگیرێت و سەرلەنوێ وەک ڕابردوو بژێتەوە؟ ئایا دەکرا ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوەکان و سووتانی زیاتر لە ١٢٠ هەزار هێکتار دارستان بکرێت؟ سەبارەت بە کاریگەری فاکتەرە مرۆییەکان، ڕوونە کە پڕۆژە نازانستییەکانی کە لە لایەن سیستەمی ئیداریی ناکارامە و گەندەڵی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێن، ڕۆڵی بنەڕەتییان لە تێکدانی ژینگەی وڵاتدا هەیە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە دروستکردنی بێ بەرنامەی بەنداوە گەورەکان لە کاتێکدا کە ناتوانن لانیکەم بە ڕێژەی ٥٠ لەسەد کەڵک لە ئاوی پاشەکەوتکراوی پشت بەنداوەکان وەربگرن، هەروەها هەڵکەندنی هەزاران بیر لە پێناو بەرەوپێشبردنی بەناو سیاسەتی خۆبژێوی کشتوکاڵی، لە زومرەی ئەو پڕۆژانە بوون کە لەلایەن دام و دەزگا ئیدارییە دواکەوتوو و گەندەڵەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرنامەڕێژییان بۆ کراوە و جێبەجێ کراون، کاریگەر بوون لەسەر خێرایی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ. بەڵام چ بۆ پێشگرتن لە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ یان کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس، ئەوەندە بەس بوو کە کۆماری ئیسلامی دەستبەرداری ئەو پلانە سەربازی و ئەمنییە دژە خەڵکیانە بێت کە لە بنەڕەتدا لە خزمەت سەرکوتکردنی خەڵکدان و بەشێک لەو تێچووە لە ڕادەبەدەرانە لەپێناو ڕزگارکردنی دەریاچەی ورمێ و پڕۆژەکانی دیکەی لەناوچوونی ژینگەدا تەرخان بکات. کارێکی کە دەسەڵاتێکی لەوجۆرە کە لە بنەڕەتدا بە پشتبەستن بە هێزی سەرکوت حوکمی ئەم وڵاتە دەکات، هەرگیز ئامادە نابێت بیکات. ئەوەندە بەسە ئەو بە ملیارەها دۆلار سەروەت و سامانەی ئەم وڵاتە کە ڕێژیمی ئیسلامی بەمەبەستی دورستکردنی ئامرازی مانەوەی خۆی لە پڕۆژە ئەتۆمییەکانی دا خەرجی کردووە و هەروەک بینیمان لە کاتی شەڕی دوانزە ڕۆژەدا هەمووی بەفیڕۆ چوو، لە کاتێکدا خەڵک بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە لە ژێر گەمارۆ و گوشاری ئابووریدان، بۆ پلانێکی لەو شێوەیە تەرخان بکات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە وێرانبوونی ڕووبەرێکی فراوانتری ئەم وڵاتە. بەڵام ئەوە لە دەسەڵاتێکی کە جگە لە مانەوەی خۆی بیر لە هیچی تر ناکاتەوە و هەر هەزینەیەکی کە لە ڕێگەی تردا خەرج بکرێت، پێیوایە بە زایە چووە، چاوەڕوان ناکرێت. ئەو کارەساتەی کە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە بەسەر ژینگەیدا هێناوە، کەمتر نییە لەو کارەساتەی کە لە هەموو بوارەکانی دیکەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەسەر هەموو خەڵکی ئێرانیدا هێناوە. کۆماری ئیسلامی نەک هەر دوژمنی ژیانی ئەمڕۆی زۆرینەی خەڵکی ئێرانە، بەڵکوو خەریکە بارودۆخی ژیانی نەوەکانی داهاتووش تێکدەدات.