ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٥ مانگی سێپتا‌مبر دوو میتینگی جیاواز بۆ هاوپشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌فغانستان له مه‌یدانی كۆماریی پاریس و له به‌رامبه‌ر ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ی یه‌كگرتووه‌كان له ژنێڤ به‌ڕێوه‌چوو.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، له پاریس له‌سه‌ر بانگهێشتی چه‌ندین ئه‌نجومه‌ن و سه‌ندیكا له‌وانه “ئه‌نجومه‌نی دژه ڕاسیست، ئه‌نجومه‌نی ژنان و خوێندكاران، ئه‌نجومه‌نی یه‌هوودییه‌كان” و سه‌ندیكاكانی “سێ ژێ تێ” و “سێ ئێف دێ تێ” و هه‌روه‌ها گرووپی مافی مرۆڤ له فه‌ڕانسه، میتینگێك بۆ هاوپشتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌فغانستان له مه‌یدانی كۆماری به‌ڕێوه‌چوو. له‌م میتینگه‌دا سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ژنان و ئازادی چه‌ندین وتار پێشكه‌ش كرا و گه‌لێك درووشمیش دژبه تاڵه‌بان وترایه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌زاران كه‌س له ئه‌فغانستانییه‌كانی دانیشتووی ژنێڤ و هێزه پێشڕه‌و و سه‌ندیكاییه‌كان، له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی تاڵه‌بان درووشمیان به‌رز كرده‌وه. شایانی باسه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه له به‌رامبه‌ر ناوه‌ندی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ی یه‌كگرتووه‌كان له ژنێڤ به‌ڕێوه‌چوو و پاش خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندین وتار كۆتایی پێهات.