ڕۆژی هەینی ٢٠ی دێسامبر بەرامبەر بە ٣٠ی سەرماوەز، بەپێی ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی جیهانیی هاوپشتیی ئینسانی بوو. ئەم ڕۆژە، بە گوێرەی پێناسەی ئەو ڕێکخراوەیە، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکێتی لەناو فرەچەشنی و جیاوازییەکاندا دیاریکراوە. بڕیار وابوو کە ئەم ڕۆژە تایبەت بکرێت بە بەرزنرخاندنی ئەو چالاکییانەی کە لە پێناو بنبڕکردنی هەژاری، برسێتی، نەخۆشییەکان و لە هاوپشتی لەگەڵ سروشتدا بەڕێوە دەچێت. کاتێک سەیری دەوروبەری خۆمان دەکەین دەبینین کە هیچ دەوڵەتێک بە ئاراستەی هاوپشتی لەگەڵ ئینسان و سروشت هەنگاو نانێت. تەنانەت لەم نێوەندەدا چەند دەوڵەتێک بە شێوەیەکی بێ وێنە خەریکی دووبەرەکی نانەوە و دروستکردنی شەڕ و لە هەمووی خراپتر، خەریکی خوڵقاندنی جینۆسایدن. دەوڵەتی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣وە دەستدرێژی بۆ سەر غەززەی دەستپێکرد و لە ڕێگەی بۆردومان و سەپاندنی برسێتی و لەناوبردنی هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، لەوانە تەندروستی و دەوا و دەرمان، دەستیدایە جۆرێک لە جینۆساید کە هاوشێوەکەی، تەنیا لەگەڵ دەوڵەتی نازی بە ڕێبەرایەتی هیتلێر بەراورد دەکرێت. ئەم جینۆسایدە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتداران و دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانی وەک ئاڵمان و بریتانیا و فەڕانسە بەڕێوە چووە و هەر ئێستاش بەرێوە دەچێت.
لە تەواوی جیهاندا، تەنیا لە چوارچێوەی حکوومەتی خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە (ڕۆژئاوا) هاوپشتی لەگەڵ سروشت و لەناو فرەچەشنییە نەتەوەیی و ئایینییەکان پەیڕەو دەکرێت. لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١ی سووریە، لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، سێ هەرێم پێکهاتن بە ناوەکانی جزیرە، فوڕات و عەفرین. ئەم سێ ناوچەیە، دواتر لە باری ئیداری و بەڕێوەبەرایەتیدا بە “کانتۆن” ناسران و بوون بە شەش کانتۆنی حەسەکە، قامیشلۆ، گرێ سپی، عەفرین، کۆبانی و شەهبا. زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کورد نین و تەنانەت لە ناوچە کوردنشینەکانیشدا زۆرینە نین، بەڵام سیستەمی ئیدارەی شۆڕایی لەو ناوچانە لەسەر میتۆدێک دامەزراوە کە سەرەتا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا (کوردستانی سووریە) دامەزرا. ساڵی ٢٠١٢ دوای کشانەوەی هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی لە پارێزگا کوردنشینەکانی باکووری سووریە، ئەو ناوچانە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان و ناوچە ئازادکراوەکان بە کانتۆن ناسران. یەکێک لەو کانتۆنە بەناوبانگانەی کۆنفیدراسیۆنی دێموکراتیکی باکووری سووریە، کۆبانییە کە هێزە نیزامییە جەماوەرییەکانی، داعشیان کە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرا، بەسەختی تێکشکاند. ئەو شارە بەم هۆیەوە ناو و ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێنا. لەو سەردەمەدا، سیستەمی سیاسی کوردستانی سووریە، بە خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیک “ڕۆژئاوا” دەناسرا. بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان لە ڕۆژئاوا گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و ئیدارەی کۆمەڵگا لە ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک دامەزراوە، کە لە بچووکترین کۆڕ و کۆمەڵە خۆجێییەکانەوە دەست پێدەکات.
بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت فیدراسیۆنی دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکە کە بە یەکگرتنی سێ کانتۆنی جزیرە و کۆبانی و عەفرین پێکهات. لە ناوەڕاستی مانگی مارسی ٢٠١٦دا، وەفدەکانی هەماهەنگی خۆبەڕێوەبەرییە دێموکراتیکەکانی سەرجەم کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا (کوردستانی سووریە) بە نوێنەرایەتی کوردەکان، عەرەبەکان، ئاشوورییەکان و تورکمانەکان، لە شاری ڕمێلان لە باکووری سووریە کۆبوونەوە. ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیە، بریتی بوو لە پێکهێنانی مەجلیسێکی دامەزرێنەری ٣١ کەسی و ڕاگەیاندنی بەروارێک بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم هەڵبژاردن.
سەرۆکایەتییەکیهاوبەشیدووکەسی،پێکهاتوولهیەکپیاوویەکژن،بۆئەممەجلیسەدامەزرێنەرە،دەستنیشانکرا. لەو کاتەوە سەرکردایەتی ئۆرگانە سیاسییەکان، هەمیشە دوو کەسە، کە پێکدێت لە ژنێک و پیاوێک. بەپێی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی “ڕۆژئاوا“، فیدراسیۆنی دێموکراتیکی باکووری سووریە، خۆی لە ئاست سێ پێوەری ئیکۆلۆژی، دێموکراتیک و ئازادی ژناندا بە پابەند دەزانێت. سەرچاوەی پێگە و شەرعیەتی ئەم فیدراسیۆنە، دەنگی گرووپ و کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەرییەکانی ئەو جوگرافیایەیە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیکەوە، مسۆگەر دەبێت. خوێندن و بەکارهێنانی سەرجەم زمانە هەبووەکان لەسەر هەموو ئاستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بابەتێکی دیکەیە کە لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی “ڕۆژئاوا“دا جەختی لەسەر کراوەتەوە.
ڕاگەیاندنی سیستەمی سیاسیی خۆبەڕێوەرایەتی لەلایەن کوردەکانەوە، لەگەڵ کاردانەوەی نەرێنی دەوڵەتی سووریە و هەروەها دەوڵەتی تورکیە و هێزەکانی سووریەی سەر بە تورکیا بەرەوڕوو بووەوە. بەم حاڵەشەوە، کوردەکانی سووریە بە تێپەڕبوونی زەمەن خۆیان لە دوو پێکهاتەی سەرەکی واتە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)دا ڕێکخست. مانگی ئاگۆستی ٢٠١٤، هێزەکانی یەپەگە لە شەڕێکی خوێناویدا کۆریدۆرێکیان، لە جەرگەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریە تا شاخی گەمارۆدراوی شەنگال، بەمەبەستی ڕزگارکردنی ئێزیدییەکان لە کۆمەڵکوژییەکانی داعش، کردەوە. بەڵام دواتر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، بوون بە بڕبڕەی پشتی هێزێکی گەورەتر کە بە هێزەکانی سووریای دێموکراتیک (ئێس، دی، ئێف) ناسران. ئێستا ڕۆژئاوا (کوردستانی سووریە)، ئەم هێمای هاوپشتییە، لە مەترسیدایە و لە هەموو لایەکەوە لە ژێر گەمارۆی قورسی ئەرتەشی تورکیە و هێزە بەکرێگیراوەکانیدایە. مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی دێسامبری ٢٠٢٤، ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و وەستاندنی شەڕ، دەوڵەتی تورکیە لەسەر هێرشەکان پێداگری دەکات و بەردەوام خەریکی ڕەوانەکردن و جێگیرکردنی تانک و زرێپۆشە لەسەر سنووری ڕۆژئاوا و هەروەها وتی: شەڕی کۆبانی، دەبێتە شەڕی سەرکەوتنێکی گەورە. لە ئێستادا دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکانی بەشدار لە ڕووداوەکانی سووریە، دەیانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیک هەڵبوەشێتەوە و هێزە نیزامییە جەماوەرییەکەی، تێکەڵاوی ئەرتەشی سەراسەری بێت. بەڵام تورکیە و کابینەی ئەردۆغان، کە قەیرانی ئابوورییەکەی تادێت قووڵتر دەبێتەوە و کاریگەریی و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی، لاوازتر دەبێت، بەنیازە لە ڕێگەی نیزامییەوە ئەم ئامانجە بپێکێت. لەمڕووەوە خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لە مەترسیدایە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، تاکە لایەنگر و پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، بریتییە لە خەڵکی خەباتکاری ناوچەکە و ئازادیخوازانی جیهان. پشتیوانی هەمەلایەنە و داکۆکیکردن لە خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی کوردستانی سووریە بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانیان، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە.