کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هاوسەرگیری منداڵان کارێکی جەنایەتکارانەیە و دەبێ وەک تاوان چاوی لێبکرێت

هەواڵنێری ڕەسمی ئیلنا، رۆژی ٢٥ ی ئەم مانگە ڕاپۆرتێکی لە بواری بەرز بوونەوەی ئاماری هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران بڵاو کردەوە. ڕاپۆرتەکەی ئیلنا لەسەر بنەمای وتووێژێک لەگەڵ یەکێک لە هەڵسوڕاوانی مافەکانی منداڵان لە ئێران ئامادە کراوە. ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بە ئاماری هاوسەرگیری ١٧ لەسەدی زەواجی کچانی کەم تەمەن دەکات و جەخت کراتەوە کە هاوسەرگیری منداڵان زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگا. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لەگەڵ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە دەبێ چاوەڕێی خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوەگرتوو لێیەوە بین. لە ڕاپۆرتەکەی ئیلنادا هاتووە، “بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ژمارەی منداڵانی بەرهەمی زەواجی ئەو منداڵانەی، کە ڕزگار کراون و خراونەتە ئیختیار سازمانی بێهزیستیەوە، بەردەوام لە زیاد بوون دایە، داتوانین هەست بەوە بکەین کە ئاستی کارەساتی کۆمەڵایەتی سەرچاوەگرتوو لێیەوە چەندە.739

سایتی ڕەسمی سازمانی سەبت و ئەحواڵی وڵات هاوسەرگیری هاوسەرانی کەمتر لە ١٥ ساڵی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤ ی نزیک بە ٢٠ هەزار کەس ڕاگەیاندوە. ئەم سازمانە لە ساڵی ٩٣ دا ئاماری هاوسەرگیری ژێر ١٥ ساڵی نزیک بە ٤٠ هەزار و پانسەد کەس ڕاگەیاندبوو. لە هەمانحاڵدا سەرجەمی ئەم ئامارانە تەنیا ژمارەی هاوسەرگیریە تۆمار کراوەکان نیشان ئەدات و ئاماری سەبارەت بە هاوسەرگیریە تۆمار نەکراوەکان بوونی نییە. لە حاڵێکدا کە توێژینەوەکانی لە نزیکەوە نیشانی ئەدات ژمارەیەکی زۆر لەم زەواجانە بەهۆی جۆراو جۆرەوە لەوانە نەبوونی ناسنامە لە هیچ جێگایەک تۆمار ناکرێن.
لەسەر بنەمای قانونەکانی شەرعی ئیسلام کچان دەتوانن لە تەمەنی ٩ ساڵیدا هاوسه‌رگیری بکەن. بەڵام بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان، یۆنیسێف و سازمانی نەتەوەیەکگرتوەکان تەمەنی هاوسەرگیری ١٨ ساڵ دیاریکراوە. ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هەموو جۆرە هاوسەرگیریەکی ژێر ئەم تەمەنەی قەدەغە و داوای لە هه‌موو ئه‌و دەوڵەتانه‌ی كه‌ ئەم پەیمانه‌یان ئیمزا كردووه‌ ده‌كات كه‌ مل کەچی تەنزیم کردنی یاسا و ڕێساکان بن لەم بوارەدا. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٣٧٣ دا بە شێوەی مەرجدار پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی ئیمزا کردوە. لەگەڵ ئەوەدا دیاریکرانی لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای یاساکانی شەرع بەڕێوەدەچێت. مادەی ١٠٤١ ی یاسای مارەکردن و نیکاح کۆمەڵێک مەرجی بۆ ڕەچاو کردنی مەوازینە شەرعیەکان بە کراوەیی هێشتۆتەوە کە بە پێی ئەو بە ئیزنی کەسوکار و دادگا، کچان و کوڕان دەتوانن بە تەرتیب بەر لە گەیشتن بە تەمەنی ١٣ و ١٥ ساڵی هاوسەرگیری پێشوەخت ئەنجام بدەن.قانونی مەدەنی کۆماری ئیسلامیش تا ساڵی ١٣٧٩ لەسەر ئەم بنەمایە نوسرابوو. واتا، وەلی، کە پیاوە، دەتوانێ کچی تەمەن ٩ ساڵان بەشوبدات و بۆ کوڕی ١٥ ساڵیش ژن بێنێ. دوای خەباتێکی دورودرێژ لەگەڵ تەمەنی هاوسەرگیری، لە کۆتاییدا قوەی قەزاییەی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٧٩ دا قەبوڵی کرد لانیکەمی تەمەنی ١٣ ساڵ بۆ هاوسەرگیری کچان بخاتە نێو یاساکانیەوە. بەڵام بە ڕەواڵی ئاسایی کڵاوی شەرعی جۆراو جۆر دوران و ئەم مادەیە بە کردەوە ڕیعایەت نەکرا.دیاردەی منداڵ هاوسەری بابەتێکی کۆن و مێژینەیە لە کۆمەڵگای ئێراندا کە لەژێر گاریکەری ڕوانگەی دواکەتوانە و مەزهەبی رۆحانیەکاندا بەردەوام بەرهەم دێتەوە و حکومەتی ئیسلامی ئێران سەرپوشی قانونی و مەدەنی بەسەر ئەم باوەڕ و ئەحکامانەدا داوە. بەهۆی بارودۆخی نابەسامانی ئابووری زۆربەی خەڵک و گوشاری سەرچاوەگرتو لە گرانی، بێکاری و لە خوارە بوونی ئاستی داهات، هێندێک لە بنەماڵە هەژار و بێبەشەکان کچان بە باری گرانی لەسەر هەزینەی بنەماڵە دەزانن کە بۆ کەم کردنەوەی هەزینەکان، ئەو وادار بە هاوسەرگیری بە ناچاری دەکەن. توێژینەوە کارشناسانەکان دەریدەخەن کە زیاد بوونی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ منداڵان لەگەڵ هەژاریدا پێوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە و هێندێکجار ئاوێتەی ئیعتیادی کەسوکاریان بە مادەی هۆشبەریشە.

ئیزدواجی نابەوەخت، بەتایبەت بۆ ئەو کچانەی کە فەراغەتی دەورانی منداڵی و دەرفەتی زێڕینی ئاموزش و شکۆفانەوەی ئیستعداد و گەشە کردنی جەستەیی و فکری و شکڵ گرتنی کەساتیان لێ زەوت دەکرێت، وێڕای گیرۆدە بوون بە ئاسەواری رۆحی و جەستەیی کاریگەریەکی خراپ لەسەر بنەماڵە و کۆمەڵگا دادەنێ. بووکێکی منداڵ بەهۆی تەحەمول کردنی کاری ماڵەوەی تا کۆتایی تەمەن و مەحدودیەتی پێڕاگەیشتن بە دەرفەتەکانی منداڵی هێز و توانایی بڕیاردان لەدەست ئەدات. ئەم کچانە بەهۆی دوگیان بوونی نابەوەخت و نا ئاشنا بوون بە ئاموزشە جنسیەکان دەکەونەبەر مەترسی مەرگ ومیری نابەوەخت بە شێوەیەک کە ڕێژەی مردنیان پێنج بەرابەری کچانی بیست ساڵەیە.

هاوسەرگیری منداڵان بابەتێکی جەنایەتکارانەیە و پێویستە وەک تاوان چاوی لێبکرێت. شەرع و سوننەتێک کە ئەم هاوسەرگیریانە بە ڕێپێدراو دەزانێ دەبێ ڕیشەکێش بکرێن. شەرع و یاسادانه‌ڕێك کە ئەنجامدانی ئەم تاوانە بە شەرعی و یاسایی دەکات دەبێ بدرێنە دادگا و ئەمەش ئیمکانی نییە مەگەر بە روخاندنی کۆماری ئیسلامی. بەڵام کارێکی بەپەلە لە کۆمەڵگادا گوشار خستنەسەر ئەو کەسوکارانەیە کە کچە کەم تەمەنەکانیان بە زۆره‌ملی لە پیاوانی بەتەمەن مارەدەبڕن. ئەوانەی کە مەعمولەن لەبەر هەراژی دەست ئەدەنە ئەم کارە، دەبێ سەبارەت بە ئاسەوارە مەترسیدارەکانی ئەم کردەویان ئاگادار بنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-