سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی مانگی بەفرانبار ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی تاران و خەڵک سەرەڕای جێگیربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و پێكهێنانی فەزای توندی ئەمنییەتی، لەسەر بانگەوازێکی پێشووتر کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو ببووە، لە مەیدان و خیابانی ئینقلاب لە بەردەم زانکۆی تاران دەستیاندایە کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژە و بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ٣ رۆژەی خوێندکارانی واحیدی علووم و لێكۆڵینهوهی زانکۆی ئازاد دژ بە گیان لەدەستدانی ١٠ کەس و برینداربوونی ٢٨ کەسی دیكه لە هاوکلاسەکانیان بەڕێوەچوو. ئەم ڕووداوە پڕ ئازارە ڕۆژی سێشەممە چواری مانگی بەفرانبار بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆبووسێکەوە کە بە ئیعتیڕافی سەرۆکی ڕاهنمایی و ڕانەندەگی لە ساڵی ١٣٩١ وە کۆنە بووە و دەبوو فڕێبدرایە، بەڵام بۆ گواستنەوە و گهیاندنی خویندکاران لە جادەی لێژ و پڕ مەترسی زانکۆی ئازاد دا لە لایەن بەرپرسانەوە بەکار هێندراوە و ئەو ڕووداوەی لێکەوتەوە.
کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە سەرەتا لەگەڵ داخوازییەکانی پێشوی خوێندکاران سەبارەت بە دەست لەکار کێشانەوە و داوای لێبوردنی بەرپرسانی زانکۆی ئازاد و باقی داخوازییە ئیمنییەکان دەستی پێکرد. بەڵام دوای دخاڵەتی هێزە سەرکوتگەرە نیزامی و لیباس شەخسیەکانی کۆماری ئیسلامیی و هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ و لێدان و ئازار دانی خوێندکارەکان و خەڵکی ناڕازی، خوێندکاران لەگەڵیان تێکهەڵچوون و خیابان بوو بە مەیدانی خۆپیشاندانێکی سیاسی لەدژی کۆماری ئیسلامیی. ئەوان روو بە سەرانی ڕژیم دروشمیان دا:” بترسن-بترسن ئێمە هەموو پێکەوەین” و “نە هەڕەشە و نە زیندان ئیتر كاریگهری نییە”. خۆپیشاندەران لە دروشمەکانیاندا حاکمیەتی ئیسلامییان وەک بەرپرسی نابەسامانی بەڕێچوون و ژیانی پڕ لە مەترسی لە ئێران ناساند. بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە دەرگیری ناڕازیان لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم تا ڕۆژئاوای ڕۆژی دووشەممە درێژەی هەبوو. ئەو کلیپانەی بڵاو بوونەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەی ناڕازیانی خۆپیشاندەریان گەلێک بەرین و بەربڵاو نیشانداوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ڕژیم بێشەرمانە ژمارەی ناڕازیانیان ٢٠ بۆ ٣٠ کەسی فرسەت تەڵەب ناو برد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ڕەسمی هاوکات لەگەڵ ئەم خۆپیشاندانە، ٥٠٠ کەس لە خوێندکارانی واحیدی علووم و لێكۆڵینهوهی زانکۆ ئازادیش وێڕای لەسەرکار دەرکردنی ٥ كهس لە جێگر و مودیرانی زانکۆ لە لایەن ڕژیمەوە بە ئامانجی بە قەناعەت گەیاندنی خوێندکارەکان، بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەرامبهر دەفتەری کاری ویلایەتی سەرۆکی هەیئەت ئومەنای ئەم زانکۆیەدا کۆبوونەوە. خوێندکارەکان بە دانی دروشمی” قاتڵ وەره دەڕێ” خوازیاری لەسەر کار لابردن و محاکەمەی ئەو و مێهدی تێهرانچی سەرۆکی زانکۆی ئازاد وەک سەبەبکارانی سەرەکی گیان لەدەستدانی هاوکلاسیەکانیان بوون. بەرپرسانی ڕژیم بۆ بە لاڕیدا بردنی ڕای گشتی لە سەرەتادا سەکتەی شۆفیرەکەیان بە هۆکاری ڕووداوەکە ناساندبوو و ڕاگەیەنەرەکانی ڕژیمیش هەوڵی دەغەڵکارانەی بەرپرسان و دادستانی گشتییان بۆ نێو خوێندکارەکان و دانی وەعدە و بەڵێنی درۆینەیان بۆ بەدوادا چوونی پەروەندەکانیان بە شێوەیەکی بەرین بڵاو کردەوە. بەڵام حوزوری بەرپرسانی ڕژیم نە تەنیا خوێندکارەکانی هێور نەکردەوە، بەڵکوو بوو بەهۆی قین و نەفرەتی زیاتریش لێیان.
زانکۆی ئازاد بە شەهریەی زۆرەوە کە لەژێر ناوی جۆراوجۆردا لە خوێندکاران دەستێندرێت ناوەندێکی ئینتیفاعی و مەکانێکە بۆ دزی و ڕانت خۆری بەرپرسانی ڕژیم و کەسانی دەور وبەریان. ئامانج لە دامەزراندنی ئەم زانکۆ تایبەتانە نەک پەروەردە کردنی زانستی و تهندرووستی جهسته و دهروونی خوێندکارانه، بەڵکوو دروست کردنی بۆنگایەکە بۆ سود و قازانج کۆکردنەوەی کاربەدەستانی ڕژیم. لەم شەهریە کەلانە کەمترین بودجە بۆ دابین کردنی ئیمکاناتی ڕیفاهی و ئیمنی و ئاموزشی تەرخان دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەولەویەتی بودجە بەندی کۆماری ئیسلامیی نەک بردنە سەری توانایی زانستی و دابین کردنی ئیمکاناتی ئاموزشی، بەڵکوو دابین کردنی بودجەی سەرسوڕهێنەری ناوەندەکانی جەهل و خۆرافەی مەزهەبی و پەرەدان بە دامودەزگای سەرکوت و ناوەندە نیزامی و سیخوڕی و ئەمنییەتییەکانیەتی.
لەگەڵ قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی هەژاری و خراپتر بوونی بارودۆخی بەڕێچوون لە ئێران و بە شوێنیدا ئاخێزی مانگی بەفرانباری٩٦، گرایشی سۆسیالیستی و چەپی نێو بزوتنەوەی خوێندکاریش بە پشت ڕاستکردنەوە لە ژێر باری قورسی سەرکوتی ڕژیم و نفوزی گرایشی لیبڕاڵی و ڕێفۆرمخوازیدا دەیەوێ پێگەی خۆی لەم بزوتنەوەیەدا بەدەست بێنێتەوە و هێژمونی خۆی بەسەریدا بسەپێنێ. پشتیوانی و پشتگیری زانکۆکانی وڵات لە ناڕەزایەتیی کرێکاری و داخوازی مامۆستایان لەگەڵ بە دەستەوە گرتنی دروشمی” کرێکار، دانشجو، مۆعهلیم، یەکگرن یەکگرن”، ” منداڵی کرێکارانین- لەگەڵیان دهمێنینهوه”، ” خوێندکار وشیارە لەگەڵ کرێکارە” و ” زانکۆی پوڵ گەردان لاوازکەری زەحمەتکێشان”، بە روونی ڕواڵەتی سیاسی- چینایەتی خەباتی ئەم دەورەیەی خوێندکاران و پێویستی یەکگرتنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ چینی کرێکار بۆ بەرەوڕوو بوونەوە دژ بە حاکمیەتی دیکتاتۆڕی و هاری سەرمایەی ئیسلامیی نیشان ئەدات.
خەباتی خوێندکاران لە داخوازی تەنیا سێنفیەوە بەرەو داخوازی سیاسی چینایەتی کە یەکێک لە لایەنەکانی لە دەربڕینی دژایەتی لەگەڵ خوسوسی سازی ئاموزش و پەروەرش لە مەدرەسەکان و زانکۆکان دایە، خۆی نیشانەی دەرکەوتنی ئاڵوگۆڕە لە نێو بزوتنەوەی خوێندکاری لەم دەورەیەدا. درێژە و قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە ئێران بە تایبەت دوای ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ فەزا و هاوسەنگی هێزێکی لەبار تر بۆ گەشەی گرایشی چەپ و سۆسیالیستی بزوتنەوەی خوێندکاری بەدی هێناوە و گرایشاتی لیبڕاڵی و ڕێفۆرمخواز لەم بزوتنەوەیەیدا وادار بە پاشەکشە کردووە. بەڵام لهڕاستی دا ئەم ئاستە لە حوزوور و بەشداری خوێندکاران کە لە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاتۆتە مەیدان، بەشێکی زۆر کەمی هێزی ملیۆنی کۆمەڵگای خوێندکاری لە ئاستی سەرتاسەری ئێران دایە. ئەم کەم بوودە ئەرکی قورس و گرنگی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵی نێو بزوتنەوەی کرێکاری لە ئاستی هەوڵدان بۆ هێنانە مەیدان و ڕێکخستنی هەرچی زیاتری ژنان و پیاوانی خوێندکار لە ئاستی جەماوەری و سەرتاسەریدا بۆ هاوهەنگاو کردنی خەباتی باقی بزوتنەوە و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەست نیشان دەکات. لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگای ئێران لە بارودۆخی ئاڵوگۆڕێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە، نواندنی دەور و ڕسالەتی مێژوویی بزوتنەوەی خوێندکاری وەک بزوتنەوەیەکی چەپ و سۆسیالیستی بۆ وەها ئاڵوگۆڕێک پێویست و حەیاتیە.