کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نە دەوڵەت و نە کەرتی تایبەت، حەوت تەپە مڵکی کرێکارانە

زیاتر لە حەفتەیەک بەسەر مانگرتنی کرێکارانی موجتەمەعی نەیشەکەری حەوت تەپەدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و کرێکارانی ئەم موجتەمەعە گەورە کرێکاریە لە ئێران هەروا پێداگرن لەسەر داواکاریەکانیان. رۆژی شەممە ٢٧ی مانگی گەلاوێژ کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لە ناڕەزایەتیی بە زەوی خۆری خاوەنکار، لە خوارەوە بوونی حەقدەستەکان و نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکان، دەستیان لەکار کێشایەوە و لە بەردەم دەفتەری مودیریەتی ئەم شیرکەتەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان به‌ڕێوه‌ برد. هاوکات کرێکارانی خانەنشین کراوی ئەم ناوه‌نده‌ کرێکاریەش لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی مەزایای ساڵانەیان لە بەردەم دەرگای چوونە ژوورەوەی شیرکەتەکەدا کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند تا گەیشتن بە سەرجەم داخوازیەکانیان درێژە بە مانگرتنەکانیان ئەدەن. کرێکارەکان لە دەوری دووهەمی ناڕەزایەتیەکانیاندا داخوازی دیکەشیان لە چەشنی دژایەتی لەگەڵ واگوزاری ئەم موجتەمەعە بە کەرتی تایبەت و بارودۆخی قەراردادەکان و زیاد کرانی مافی بیمە و مەزایاشیان هێناوەتە گۆڕێ.

خەباتی کرێکارانی ئەم موجتەمەعە گەورە کرێکاریە لەدژی گوشار و پێشێل کردنی مافەکانیان لە لایەن دەوڵەت و خاوەنکارانەوە، حەوتویەکە درێژەی هەیە. هەڵبەت لە ناخی ئەم خەباتەدا تا ئێستا نەوەیەکی نوێ لە هەڵسوڕاوان و ڕێبه‌رانی وشیاری کرێکاری پەروەردە بوون و بۆ دیفاع لە بەرژەوەندی هاوچێنەکانیان هاتونەتە ڕیزی پێشەوەی نەبەردی چینایەتی. ئیسماعیل بەخشی یەکێک لە ئەندامانی سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە یەکێک لە هەڵسوڕاوانی ئەم نەوەیە لە کرێکارانە. ئەو لە وتووێژ لەگەڵ “مەیدان” بە وردی دەچێتە سەر بارودۆخی نابەسامانی ژیانی کرێکارانی موجتەمەعی حەوت تەپە و هەنگاوەکانی کرێکاران لەبەرەنگار بوونەوە لەگەڵیان ڕایگەیاندوە:” کرێکاران بە ئامانجی چاودێری بەسەر کاری خاوەنکار، بەڕێوەبردنی شیرکەت و دابین کردنی کاری موجتەمەعی کرێکاری حەوت تەپە، شوڕایان پێکهێناوە. ئەم شوڕایە لە نوێنەرانی کرێکارانی بەشە جۆراو جۆرەکانی شیرکەت پێکهاتوە و ئامانجی ڕزگار کردنی موجتەمەعەکەیە و دەیانەوێ بە هێزەوە ئەو شوڕایە بەرەو پێش بەرن.”

هەنگاوی پێکهێنانی شوڕای کرێكاری لە بارۆخی ئێستادا هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتیە لە ڕاستای داسەپاندنی کۆنترۆڵی کرێکاری بەسەر کارخانەکەدا. پێویستە وەها کردارێک پەرە بستێنێ و کرێکاران لە باقی ناوەندە کرێکاریەکانیشدا بۆ بەرەو پێش بردن و بە ئاکام گەیاندنی خەباتەکەیان، لە ڕاستای تەشەکول یابی خۆیاندا دەست بدەنە دروست کردنی تەشەکولە جەماوەری و چینایەتیەکانی خۆیان. ئەمە هەمان پێویستیە کە کرێکارانی گوروپی سەنعەتی فولادی ئەهوازیش جەختیان لەسەر کردۆتەوە و لە کۆبوونەوەی خۆیاندا خوازیاری پێکهێنانی شوڕای سەربەخۆی کرێکاری خۆیان بوون.

ئیسماعیل بەخشی و باقی هەڵسوڕاوانیش بە ئه‌زمونێك کە لە جەریانی کاردا لە ماهیەتی دەوڵەت و خاوەنکار بە دەستیان هێناوە، هەستیان بەم واقعیەتە کردوە کە خاوەنکار چ لە جۆری دەوڵەتی و چ لە چەشنی خسوسی بە گشت دامودەزگای دەوڵەتی، نیزامی، ئەمنیەتی و سەرکوت گەریەکانیەوە پارێزەری بەرژەوەندی خاوەنکارانن. ئەو بەرژەوەندیە لە بەرانبەر بەرژەوەندی و مەسڵەحەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەت کێشدا قەراری گرتوە و کرێکاران بەبێ بوونی تەشەکولی سەربەخۆی کرێکاری دەرەقەتی هێزی دوژمنانی چینایەتیان نایەن. ئەو لەم وتووێژەدا قامک لەسەر خراپتر بوونی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتری بەڕێچوونی کرێکاران دادەنێ و بە ئاماژە بە پێویستی زیاد کرانی حەقدەست گونجاو لەگەڵ سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی ئاسایی، لە بارودۆخی قەیراناوی ئابووری و زیاد بوونی رۆژانەی نرخی کالاکانی جێی پێداویستی ژیاندا، دەڵێ کرێکارێک کە دە ساڵە لە شیرکەتدا کار دەکات و ئێستا لە ئاستی وەستا کارێکدا خەریکی کارە هەروا کەمترین حەقدەست وەردەگرێت. ئەو بە هێنانەوەی نمونەیەکی سادە لە دابەزینی ئەرزشی تمەن نیشانیدا کە ٢٥٠٠ تمەنێک کە ساڵانی پێشتر بۆ یەک ژەم خۆراکی گەرم وەک مەزایا دەدرا بە کرێکار، ئێستا قیمەتی بتریەک ئاوی مه‌عده‌نیش نییە. ئەو باسی لە پێشێل بوونی زیاتری مافی کرێکاران لە لایەن سەرمایەدارانەوە کرد و وتی:” ئەگەرچی کاربەدەستان پێمان دەڵێن شیرکەتەکەمان واگوزار نەکردوە، بەڵام واگوزاری شیرکەت بە کەرتی تایبەت لەساڵی ٩٤وە، بارودۆخی ئێمە کرێکارانی خراپتر لە پێشو کردوە. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەوپەڕی هەوڵی خاوەنکاران ئەوە بووە کە قەراردادەکان بە قازانجی خۆیان بنووسن. وەعدە و بەڵێنی درۆینەمان پێبدەن. ئەوان لە بانکەکان ئیمکانات وەردەگرن بەبێ ئەوەی پیشەسازیەک دروست بکرێت. ئێمە ئیتر هیج متمانەیەکمان بە خاوەنکاران نییە. ئێمە لەمرۆدا بە پشت بەستن بە هێزی بە کۆمەڵی خۆمان حەرەکەت دەکەین و کارەکانی شیرکەت ئەنجان ئەدەین. حەوت تەپە بە مڵکی کەس نازانین نە دەوڵەت و نە کەرتی تایبەت. حەوت تەپە مڵکی کرێکارانە.”

ئەو بەم شێوەیە لەسەر پێویستی چاوەدێری و داسەپاندنی ئیرادەی کرێکاران بەسەر کار و بەڕێوەبردنی موجتەمەعی نەیشەکەری حەوت تەپەدا جەخت دەکاتەوە و دەڵێ نوێنەرانی کرێکاران دەور و نەخشێکی زۆریان لەم پێوەندەدا نییە. لەمرۆدا ئەوان تواناییان بەدەست هێناوە و کارەکانیان خۆیان ئەنجامی ئەدەن. ئەوان بە ئاگادار بوون لە ماف و حقوقی خۆیان حەرەکەتێکی کرێکاریان لە حەوت تەپەدا دەست پێکردوە. ئەوان دەبێ داخوازیەكانیان داوا بکەن و ئەوەندەی دووپات بکەنەوە تا هەموان لەگەڵی ئاشنابن. بەم جۆرە ئەو لەسەر هێزی تەشەکولی کرێکاران جەخت دەکاتەوە و داوا لە کرێکاران دەکات بە شێوەی بە کۆمەڵ ده‌نگ هه‌ڵبڕن تا خەباتەکەمان دەستکەوتی هەبێت و لە بەرانبەر ده‌ركردن و دەست بەسەر کراندا خاوەنی هێزێکی زیاتر بن.

نەبوونی تەشەکولی جەماوەری کرێکاران لە بارودۆخی ئێستادا ئیمکانێکی بۆ دەوڵەت و سەرمایەداران فەراهەم کردوە کە داواکاری کرێکاران پشت گوێ بدەن و لە بەرانبەر ناڕەزایەتی ئەواندا دەست بدەنە دەرکردن، سەرکوت، گرتن و زیندانی کردنیان. پێكهێانی شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان لە ناوەندە گەورە کرێکاریەکاندا و پەیوەست بوونیان بەیەکەوە دەبێتە هێزێکی گەورە و ئامرازێکی بەهێز لەدەست کرێکاراندا بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانیان لە روو بە روو بوونەوە لەگەڵ سەرمایەداران و دەوڵەتدا. لەم بارودۆخەی ئێستادا بوونی شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان لەدژی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامییە. بۆ پێکهێنانیان دەست بەکار بین.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-