نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە، کوژرانی کارمەندانی فریاگوزاری ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد 383 کارمەندی بواری مرۆیی کوژراون، ئەمەش بە “بەڵگەیەکی شەرمەزارکەر”ـی بێباکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناودەبات و هۆشداری دەدات کە ئاماری ئەم ساڵیش جێگەی “نیگەرانییە”.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە رۆژی جیهانیی مرۆیی بڵاویکردووەتەوە، ئاماری ساڵی 2024 بە رێژەی 31% بەرزترە لە ساڵی پێشتر، “هۆکارەکەشی بۆ ململانێ بێوچانەکانی غەززە دەگەڕێتەوە، کە تێیدا 181 کارمەندی مرۆیی کوژراون، هەروەها لە سوودان 60 کارمەند کوژراون.”
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەوانەی لە ساڵی 2024دا کوژران زۆرتریان بە دەستی هێزی سەر بە حکومەتی وڵاتان بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەوانەی کوژراون کارمەندی خۆجێی بوون، لەکاتی ئەرکدا یان لە ماڵەکانی خۆیاندا هێرشیانکراوەتە سەر.
جگە لە کوژراوەکان، ساڵی رابردوو 308 کارمەندی مرۆیی برینداربوون، 125 رفێندراون و 45ـی دیکەش دەستبەسەرکراون.