ئەو شەڕەی ئێستای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆماری ئیسلامی کە بە تایبەتی بەندەرەکان، پاڵاوگەکان و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانی لەخۆ گرتووە، بارگرانییەکەی زیاتر لە هەر کەسێکی تری خستووەتە سەر شانی ئەو کرێکار، ماسیگر و ئەو مەلوانانەی کە تەواوی ژیانیان بەم جوگرافیایەوە بەستراوەتەوە. لە کاتێکدا کە هەواڵە فەرمییەکان زیاتر تەرکیزیان کردووتە سەر پڕوپاگەندە و هەراوھوریا سەربازییەکانی دوولایەنی شەڕەکە، کەنداوی فارس و دەریای عومان بوونەتە مەیدانی شەڕێک کە تێیدا زەحمەتکێشان بۆ پارووە نانێک، دەبێت ڕۆژانە لە نێوان مەرگ و برسیێتیدا یەکێکیان هەڵبژێرن.
ئەگەرچی هێرشەکان بۆ سەر بەندەرەکان، ئیسکەلەکان و بەلەمی ماسیگرەکان لە پارێزگاکانی هورمزگان، خوزستان و سیستان و بەلووچستان لە مانگی ١٤۰٥دا گەیشتە ئاستێکی بێوێنە، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئەم کابووسە بۆ چین و توێژی کرێکار لە باشوور هەرلە هەمان ڕۆژەکانی سەرەتای شەڕەکە لە ڕەشەمەی ١٤۰۴ەوە دەستی پێکردووە. کرێکارانی پترۆشیمیاییەکانی ماهشەهر و بەندەر ئیمام لە زومرەی ئەو یەکەم قوربانییانە بوون کە لە کاتی بە ئامانجگرتنی پاڵاوگەکاندا گیانیان لەدەستدا. لە عەسەلویە و پارسی باشووریش کرێکاران لە تەواوی ئەم مانگانەدا لەژێر سێبەری فڕینی مووشەک و درۆنەکاندا، درێژەیان بە خەبات لە پێناو نان تا ئاستی بەختکردنی گیانیان دا.
داروپەردوو و لێکەوتەکانی تێکدانی پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکان، دوای ڕاگرتنی کاتیی هێرشەکان، بە شێوەی شەپۆلێک لە بێکاری و دەرکردنی کارمەندان بەسەر کرێکاراندا ڕووخا. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان نیشانی دەدەن کە ناوەندە پیشەسازییەکانی باشوور ئهمڕۆ لە باشترین دۆخدا بە ۳۰ لەسەدی توانای خۆیانەوە کار دەکەن. ئەم دابەزینە بەرچاوەی توانای بەرهەمهێنان بە مانای کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئیزافەکاری و ئیمتیاز و مەزایا لاوەکییەکانە، ئیمتیازگەلێکی کە تاکە ڕێگەی مانەوەی ئەو کرێکارانەیە کە زۆربەیان لە چوارچێوەی هێزەکانی ئەرکانی سالس، پەیمانی و کۆمپانیاکاندا بە کەمترین حەقدەست ڕۆژگار بەڕێ دەکەن. بۆ کرێکارێکی کە پێشتریش داهاتەکەی وەڵامدەرەوەی ئاستی هەڵئاوسان نەبوو، لەدەستدانی ئەم ئیمتیازانە بە مانای ڕاستەوخۆ کەوتنە ناو قوڵایی هەژاریی موتڵەقە.
لە نێوان توێژە جیاوازەکانی زەحمەتکێشانی باشووردا، دۆخی ماسیگران و مەلەوانانی کەنداوی فارس و دەریای عومان گەیشتووەتە خاڵێکی قەیراناوی و وەسفنەکراو. لێنج و بەلەمەکانی ئەم زەحمەتکێشانە لە مانگی ڕەشەمەوە زۆر جار کراونەتە ئامانجی بۆردومان و تەقەی ڕاستەوخۆ و دەیان بەلەم نوقمی ئاو بووە. بەم حاڵەشەوە، سەرنجی ڕاگەیاندنەکان بۆ سەر ئەم خەڵکە، بەشێوەی کتوپڕ و تەنیا لە چوارچێوەی هەواڵی ڕووداوەکانی شەڕدا بەرتەسککراوەتەوە، بەبێ ئەوەی زەمینە بنەڕەتییەکانی بێمافیی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت.
ماسیگرەکان تەنانەت پێش لە دەستپێکردنی شەڕیش لە سەرەتاییترین مافە پیشەیییەکان بێبەش بوون. نه بیمەیەکی کارامەیان هەبوو، نە ئەمنییەتی پیشەیی و نە بژێوییەکی کە لەگەڵ سەختیی کار لە گەرمای سەرووی ۵۰ پلەدا بگونجێت. داهاتی ماسیگرێک یان مەلەوانێکی ئاسایی لە گەشبینانەترین دۆخدا بە زۆر دەگەیشتە ئاستی لانیکەمی پەسەندکراوی یاسای کار.
لە پاڵ مەترسیی تەقەی کەشتییە جەنگییەکان و نائەمنیی سەربازیدا، کێشەی سووتەمەنی زەختێکی دووچەندانی خستووەتە سەر ماسیگرەکان. لە ڕاپۆرتێکی “ئیلنا“دا لەم بارەیەوە هاتووە کە: “پشکی سووتەمەنیی دەوڵەتیی بەلەمەکان تەنانەت بەشی نیوەی مانگێکیش ناکات. ماسیگرەکان ناچارن بۆ دابینکردنی ۲۰ تا ۳۰ لیتر بەنزینی ئازاد، بڕی ۲ بۆ ۳ ملیۆن تمەن بدەن بە دەڵاڵەکان. ئەم تێچووە قورسە لە پیشەیەکدا بەسەر ماسیگرەکان دا دەسەپێندرێت کە بەتەواویی بەستراوەتەوە بە کەشوهەوا و شانسی ڕاوکردن و هیچ گەرەنتییەکی تێدا نییە بۆ داهاتی ڕۆژانەیان.
کاتێک لە ماسیگرانی هورمزگان و سیستان و بەلووچستان پرسیار دەکرێت کە بۆچی لەم دۆخە پڕ لە مەترسییەدا و لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی مووشەکەکاندا ڕوو دەکەونە دەریا، وەڵامی ئەوان جەوهەری سەرەکیی ژیانی چینی کرێکار دەردەخات: “دەریا مەترسیدارە، بەڵام کارنەکردن لە مووشەک مەترسیدارترە، برسێتی مەترسیدارترە، ئەوەی کە بەلەمەکەمان لەناو ئیسکەلەدا بێنێتەوە، مەترسیدارترە.”
بێبەشکردنی کۆمەڵگەی ماسیگرەکان لە چابەهار و ئاوە ئازادەکانەوە بگرە تا ئاوە کەمتر قوڵەکانی چۆمی ئەرەوەند و بەهمەنشیر لە خوزستان، نیشانەی نموونەیەکی هاوشێوەیە لە چەوساندنەوە. ئەگەر لە چابەهار کەشتییە جەنگییەکان لێنجەکان نوقم دەکەن، لە خوزستان پێکهاتە ئیدارییەکان، یاسا و ڕێسا دژە کرێکارییەکان و بێبەشبوونی بەردەوام، ماسیگرە خۆجێییەکان دەکەنە قوربانی. لە لایەکەوە ماسیگری سیستان و بەلووچستان ناچارن بۆ گرتنی هەندێک ماسی تا هێڵی ئوستوایی بڕوات و تووشی تەواوبوونی پشکی سووتەمەنی ببێت، لە لایەکی ترەوە گەنجانی خۆجێیی خوزستان تەنانەت لە بوونی مۆڵەتی ڕاوکردن بێبەشن و ناچارن سووتەمەنی بە نرخی بازاڕی ڕەش دابین بکەن.
لە دۆخێکدا کە لانیکەمی حەقدەستی پەسەندکراوی یاسای کار بە بڕی ۲۲ تا ۲۳ ملیۆن تمەن دیاری کراوە، زۆر جار دەستکەوتی مەلەوانێکی ئاسایی لە خوزستان تەنانەت ناگاتە ۲۰ ملیۆن تمەنیش. سەرباری ئەمەش، ماسیگرانی خوزستان لە تەواوی وەرزەکانی ساڵدا تەنیا ۲۱ ڕۆژ لە مانگدا ڕێگەپێدراون کە لە دەریادا کار و چالاکی بکەن و باقی ڕۆژەکانی تر دەبێت خەریکی چاککردنەوە و ئامادەکردنی کەلوپەلی ڕاوکردن بن، بەبێ ئەوەی بۆ ئەو ڕۆژانە هیچ داهاتێکیان هەبێت. ئەم دەست تەنگییە داراییە لەڕادەبەدەرە، تەنانەت خاوەنی بەلەمە بچووکە تایبەتەکانیشی خستووەتە ژێر گوشاری وردە قەرزەکانەوە.
خەڵکێکی کە ساڵانێکە لە گەرمای شێدار و تاقەتپڕوکێندا کاریان کردووە، ئەو پیاوانەی کە بڕانی بەردەوامی بەرق، بێئاوی و هەڵمژینی پیسبوونی ناوەندە پیشەسازییەکان هاوبەشی هەمیشەیی سەر سفرهکانیان بووە و بە حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری ڕەوڕەوەی ئابووریی نەوت و وزەیان بەرەوپێش بردووە، لە شەڕ و مووشەک غافڵگیر نابن. شەڕ بە تەواوی کاولکارییەکانییەوە، تەنیا ڕەهەندگەلێکی نوێی بەخشیوە بەو نەبەردە بەردەوامەی کە ئەم خەڵکە ساڵانێکە بۆ “زیندوو مانەوە” گرتوویانەتە بەر.
سیاسەتە نیزامیگەرییەکانی ڕژێم و بۆردومانەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە لایەکەوە و بێمافیی موتڵەق، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و گوشارە ئابوورییەکان لە لایەکی ترەوە، تیغێکی دوولایەنەیان دروستکردووە کە ژیان و بژێویی کۆمەڵگەی کرێکاریی و ماسیگرانی باشووری ئێرانى کردووەتە ئامانج. خەبات لەپێناو نان لە باشوور، ئهمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەگەڵ خەبات لەپێناو گیاندا ئاوێتە بووە.
