بە ملیۆن ژن و شانبەشانی ئەوان پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا شەقامەکان و مەیدانی شارەکانیان کردە شانۆیەکی پڕ لە شکۆ لە هاوار لەدژی هەڵاواردنی جنسیەتی، لەدژی پیاوسالاری و لەدژی بەهرەکێشی نیزامی سەرمایەدارانە. ئیدیعانامەی ئەم جەماوەرە ملیۆنیە، ئیدیعانامەی ئەو بەشە لە خەڵکی دنیایە کە رۆژانە شێلاقی بێڕەحمی هەڵاواردن لە رۆح و جەستەیان دەسرەوێ. ئەم خەباتە لە ناوهرۆکی ئاڵوگۆڕێک دایە کە لە سەرمایەی بە جیهانی بووندا بەدی هاتووە. ئاکامی قەیرانی گەورەی جیهانی سەرمایەداری و لە ساڵەکانی دواییدا زیاتر لە هەمیشە توانایی وێرانگەریی خۆی ئاڕاستەی ژنان کردوە. بە تایبەت ژنان لە وڵاتانی دەوروبەر هەم کاری بێ حەق و موزدی ماڵەوە بەڕێوە ئەبەن و هەم کۆیلەتی مۆدێڕن ئەوانی کێشاوەتە نێو کارگا و کارخانە گەورەکانەوە. هاوکات هێرشی نیئۆلیبڕالیزم، هاشاوڵێکی هەمەلایەنە بوو بۆ سەر خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان. ئەگەر لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانی سەرمایەداریدا دابین بوونی هەزینەی نەخۆشخانەکان، باخچەی ساوایان، شوێنی حەوانەی بەساڵاچوان بەشێک لەو ئەرکانە بوو، ئێستا بە بەرەکەتی خسوسازی بەشێکی گەورە لەم خزمەتگوزاریانە کەوتۆتە سەر شانی ژنان. لە وڵاتانی دەوروبەر ئیتر بارودۆخەکە فەلاکەتبار ترە. لەوێ لەپاڵ گشت کاریگەریە وێرانگەرەکانی ئەم هێرشەی نیئۆلیبرالیستی، کارەساتی شەڕە نیابهتی و قەومیەکان، کارەساتی هێرشی ڕەوتە تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستە مەزهەبیەکان، کارەساتی دەست درێژی بۆسەر ژنان وەک چەکێکی جەنگی و لە کۆتاییدا کارەساتی دەست درێژی بۆسەر ژنان لە کەمپەکانی پەنابەریدا لەوپەڕی خۆی دایە. لە ئاڕژانتین و برێزیل رۆژانە دەیان ژن دەکوژرێن، لە کارگا بی ئیمکانات و پڕ لە مەترسیەکانی هێند، بهنگلادێش، پاکستان، و چیندا بەملیۆن ژن ئاخرین تواناییەکانیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشن. لە هێندوستان لە مانگی ژانویەدا زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن ژن لە مانگرتنێکی دوو رۆژەدا لەدژی توندوتیژی پەیڕەوکراو لەسەر ژنان، لەدژی سکسیزیم و لەدژی قەدەغە بوونە مەزهەبیەکاندا بەشداری دەکەن. لە تورکیە هەر ئەمساڵ گەلێک جار میتینگی ژنان کەوتۆتە بەر هێرشی هێزەکانی پۆلیس. لە لێهستان لەبار بردنی کۆرپەڵە قەدەغە دەکرێت، لە ئێران منداڵ هاوسەری لەوپەڕی خۆیدایە و تەمەنی هاوسەرگیری دابەزیوە بۆ ژێر ١٣ ساڵ.
هەموو ئەم هەڵاواردنانە، هەموو ئەم توڕەبوونە پۆنگ خواردوانە و هەموو ئەم کۆیلەتی مۆدێڕنەی ئێستا لە ٨ی ماڕس لەسەر شەقامەکان و مەیدانی وڵاتانی دنیا هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە و هاواری دادخواهی خۆیان بەرز کردۆتەوە و ئیدیعانامەکانیان لەدژی نەزمی ستەم گەرانە دەردەبڕێ.
بە ملیۆن ژن لە گەلێک لە پێتەختی وڵاتانی دنیا و لە شارە گەوەرەکانی ئەمریکا، ئاسیا، ئافریقا و ئوروپا ڕێپێوانیان ئەنجامدا. لە ڕێپێوانی ناوەندی بێڕلین لە حاڵێکدا کە ژنان لە حەفتەیەک پێشترەوە بە بانگەوازی مانگرتن بۆ حقوقی کرێکاری کۆمەڵگایان بانگهێشتی بەشداری لەم ڕێپێوانە کرد، هاوکات سەدەمین ساڵیادی درانی مافی دەنگدان بە ژنانیان لە ئاڵمان جێژن گرت. لە هێندوستان بەملیۆن ژن لە ناڕەزایەتیی دژ بە تەندوتیژی نیهادینە بوو لە دژیان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە داخەوە لە روسیە جێگایەک کە سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر پەیام هێنەری ڕزگار بوونی ژن بوو، ئێستا پوتین ئەم مائمورە کار لێهاتوە ئەمنیەتیە و لە پۆستی سەرۆک کۆماریدا لە میتینگی ناوەندی سوخەنرانی کرد و ئەوە هەڵبەت تەنزی تاڵی مێژوو بوو.
لە تورکیە پۆلیسی فاشیستی ئهم وڵاته نەتەنیا بەری بە کۆبوونەوەی ژنان گرت، بەڵکوو لەوێوە کە ژنان بە بوێریەکی بێ وێنەوە هاتنە سەر شەقامەکان بەرەو رووی گازی فرمێسک ڕێژ و گوللەی پلاستیکی بوونەوە.
مادرید پێتەختی ئیسپانیا بەڵام حاڵ و هەوایەکی دیکەی هەبوو، لەوێ بەملیۆن ژن بە خۆڕاگریەکی بێ وێنە لە مێژووی ئیسپانیا لە چەند حەفتە لەوەبەرەوە کۆمەڵگایان داگیر کردبوو. بانگەوازیان بۆ مانگرتن لە رۆژی ٨ی مارسدا بەرەو رووی زیاتر لە ٦ ملیۆن کەس بوویەوە کە تەنانەت بۆ یەکێتیە کرێکاریەکان چارەیەک نەمابوو بێجگە لەوەی کە پشتیوانی لە بانگەوازی مانگرتنی ژنان بکەن و ئەمە بێگومان لە گشتیان زیاتر پیام هێنهری ئەوە بوو کە ژنان بۆ دەست ڕاگەیشتن بە داخوازیەکانیان چارەیەکیان بێجگە لە پشت بەستن بە بەهێز ترین چەکی چینی کرێکار واتە مانگرتن بۆ بەرەوپێش بردنی خەباتیان نییە. ئەوان نە تەنیا لە بانگەوازەکەیاندا کۆمەڵگایان ئاگاداری کاری ژنان لە کارخانەکان، نەخۆشخانەکان، مەزرای دێهاتەکان، قوتابخانە، فرۆشگاکان و ئیدارەکان کردوە بەڵکوو هاوکات ڕایانگەیاند کە چلۆن لە چواردیواری ماڵدا گیرۆدەی بێکاری کراون.
لە ئێرانیش ئەمساڵ ٨ی مارس لە ناخی ئاڵوگۆڕێک کە لە هاوسەنگی هێزی کۆمەڵگادا بەدی هاتبوو، بەڕێوەچوو. ژنانی بوێر بە ئیبتیکاری جۆراو جۆر لە خیابان و میترۆکاندا ئیدیعانامەی خۆیان لەدژی یەکێک لە دژی ژن ترین ڕژیمەکانی دنیا دەربڕی. مەڕاسمی رۆژی جیهانی ژن لە تاران بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری، خانەنشینان، مۆعهلیمان، نووسەران و شاعیران، هەڵسوراوانی بواری مافەکانی منداڵان، کۆمەڵێک لە بنەماڵەکانی دادخاهی و هەڵسوراوانی مافەکانی ژنان بەڕێوەچوو. خاڵی لوتکەی مەڕاسمەکە پێشکەش بە سپیدە قولیان هاوخەباتی کرێکارانی حەوت تەپە کرابوو. لە شارە جۆراو جۆرەکان کۆمەڵێک پلاکارد بە ناوەرۆکی”حەقدەستەکان بگەیەننە بانتر لە هێڵی هەژاری” و یان “ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگایە” بەرچاو دەکەوت. لە شارەکانی کوردستان بە لەبەرچاو گرتنی نفوزی کۆمەڵایەتی هێزە چەپ و کومونیستەکان، مەڕاسمی ٨ی مارس لە ئاستێکی بەریندا بەڕێوەچوون. ئەگەر لە نێوخۆدا تەشکیلاتە کرێکاریەکان و ژنانی بەندکراو چەند پەیامێکیان بە بۆنەی ٨ی مارسەوە دەرکرد، لە دەرەوەی وڵات، ئوپوزسیۆنی چەپ، شۆڕشگێڕ و کومونیست دەستیان دایە بەڕێوەبردنی میتینگ. بەرچاو ترینیان کارزاری ٣ رۆژەی ژنانی هامبۆرگ لە ئاڵمان، دێن هاگ لە هولەند و ئامێستردام لە بلژیک بوو.
گشت ئەم خەباتە کە ئەمساڵ بە پانتایی دنیا بەڕێوەچوو، نیشانیدا کە لەدژی هێرشی سەرمایە، ڕاسیزم، و سکسیزم وڵامێکی جیهانی پێویستە. نابێ لەبیر بچێتەوە کە خەبات لەدژی هەموو جۆرە دیاردەیەکی ستەمی جنسیەتی و نایەکسانی بەشێك لە خەباتی جیهانی لەدژی سەرمایەداری نیئۆلیبڕاڵ، لەدژی توند بوونەوەی بەهرەکێشی، لەدژی لەنێو بردنی ژینگە، لەدژی سەرهەڵدانی جەریاناتی ڕاسیستی و کۆنەپەرستی مەزهەبی، لەدژی شەڕە نیابەتیەکان و لەدژی شوینیزمە. لەبیرمان نەچێتەوە کە خەبات بۆ ڕزگاری ژنان بێ گومان بەشێکە لە خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵگادا و لەم روەوە ٨ی مارس دەبێ و دەتوانێ هەم مەیدانی هەوڵدان بۆ دروست بوونی بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان لە ئاستێکی جیهانیدا و هەم هێزێکی جوڵێنەر بۆ خەباتی جیهانی بێت و لەبیرمان نەچێتەوە کە ژنان خاوەن ئەزمونێکی بە نرخن لەم بوارەدا. ئەوە ئەمان بوون کە ٨ی ماریسان وەک رۆژی جیهانی ژنان بەسەر کۆمەڵگادا سەپاند. ئەوە ئەمان بوون کە چوونە ڕیزی پێشەوە لەدژی شەڕ. ئەوە ئەوان بوون کە دەورێکی بەنرخیان لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر و پەسند کرانی ئەو یاسایانەدا هەبوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا خاڵی سەرەتا بوون بۆ کۆتایی هاتن بە هەڵاواردنی ڕەگەزی.