کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نەبەردی ژنانی ئازادپۆش لەگەڵ ڕژیمی کۆنەپەرست و سەرەڕۆ، پەرەدەسێنێت

سێ ڕۆژ بەر لە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، ئاخوندێکی ئاتەش بە ئیختیار کە گۆیا مامۆستای حەوزەی عیلمییەی قومە، لە دەرمانگایەکی ئەو شارە لە کاتێکدا دایکێک لە ژووری چاوەڕوانی شیری بە کۆرپەکەی دەدا، بەمەبەستی بەدەستهێنانی بەڵگە، بە موبایلەکەی فیلمی لێگرت. دایکەکە هەرکە ئاگادار بوو، بەخێرایی پێش بەو ئاخووندە دەستدرێژیکارە دەگرێت و داوای لێدەکات ویدیۆکە بسڕێتەوە. ئاخووندەکە حازر نابێت ویدیۆکە بسڕێتەوە و بە بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و بێ ئەدەبانە ڕووبەڕووی ئەو دایکە بوێر و ناڕازییە دەبێتەوە. ژمارەیەکی بەرچاو لەو ژنانەی کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون دیفاعیان لە دایکەکە کرد و هەوڵیان دا بەر بە هێرشی ئەو دەستدرێژکارە بگرن. بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، چەند پیاوێکی کە لەو شوێنە بوون، وەک پێویست دیفاعیان لەو دایکە ئازادیخوازە نەدەکرد. سەرەنجام ئاخووندەکە لە کاتێکدا عەباکەی بە دەستی ئەو ژنە بوێرە کەوتە سەر زەوی، جێدەهێڵێت و ڕادەکات.

بڵاوبوونەوەی بەرینی ویدیۆی ئەو ڕووداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێکیان لە کامێرا داخراوەکانی ئەو ناوەندە دەرمانییە وەرگیرابوون، هاوسۆزی و پشتیوانییەکی بەربڵاوی بەکارهێنەرانی لەو دایکە خۆڕاگرە و نەفرەت و بێزارییەی زۆری لەو کردەوە قێزەونەی ئەو ئاخووندەی وەک بەشێک لە کۆی گشتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، لێکەوتەوە. بۆ نموونە بەکارهێنەران نووسییان کە ژنانی ئازادیخواز، وەک ئەو دایکە بوێرە، بەتایبەتی لەو دۆخەدا کە شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیئاوێتەی سەرجەم بوارەکانی ژیان و کردەوەی ڕۆژانەیان بووە، ئیتر ئەزیەت و ئازار و سووکایەتی دارودەستە و بەکرێگیراوانی ڕژیم تەحەمول ناکەن. میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵیاندا ئەم ئەم ورە بەرزی و خەباتکارانەیە هەرچی زیاتر بەرجەستە بکەنەوە و هەرکامە و بە شێوەیەک کردەوەی قێزەونی ئەو ئاخووندە کۆنەپەرستەیان شەرمەزار کرد و لایەنەکانی ئەو ڕووداوەیان تاووتوێ کرد. ڕیفۆرمخوازانی حکوومەتی و ژنێک لە ناو کابینەی دەوڵەتدا کرداری ئەو ئاخووندەیان بە ناماقووڵ ناوبرد و وتیان کە شیاوی پشتیوانی لێکردن نییە. بەرپرسە ڕاستڕەوە ڕانتخۆر و  کۆنەپەرستە ئاتەش بەئیختیارەکانیش وەک هەمیشە، دەستیانکرد بە درۆ و دەلەسە و چەواشە کردنی ڕووداوەکە، چونکە کرداری ئەو ئاخووندەیان بە بەشێک لە هێرشی سیستماتیکی ڕژیم زانی بۆ سەر ژنانی ئازادیخواز و ئەو پیاوانەی کە پشتیوانیان لێدەکەن.

کردەوەی بوێرانەی ئەو دایکە، لووتکەی ئەو نەبەردە ئازادیخوازانەیە کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و لایەنگرەکانی، لە هەمان ڕۆژی جیهانی ژن لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٥٧ەوە لەگەڵ ژنان و تەنانەت کۆمەڵگای سکۆلار و ئازادیخواز دەستی پێکردووە و پاش تپێەڕ کردنی گەلێک هەوراز نشێو، سەرەنجام شۆڕشی ژینا و بەردەوامبوونی ئەو شۆڕشەی لێکەوتۆتەوە. ژنانی سەر بە چینە جۆراوجۆرەکانی ژێر ستەمی چینایەتی، نەتەوەیی و مەزهەبی، بەرامبەر بە سەرجەم ستەمگەرییە تاقەت پروکێنە سەرکوتگەرانەکان، تەبلیغی، یاسایی و ئەو داب و نەریتە پیاوسالارییە ڕزیوانەی کە ڕژیمی ئیسلامی هۆکاری مانەوەیەتی، بەردەوام و بە شێوازی جۆراوجۆر، خەبات و خۆڕاگرییان کردووە و پاشەکشەیان بە دەسەڵاتی ئیسلامی و بەکرێگیراوەکانیان کردووە. لە هەموو ئەو ساڵانەدا و لە هەر شوێنێکی ئێران ناڕەزایەتییەکی گشتی لە ئارادا بووبێت، ژنان تێیدا بەشدار بوون. ئەوان لە بزووتنەوەی سەوزدا، بەڕادەیەکی بەرچاو حزووریان بوو. هاواری ئەوان کە لە تووڕەییەکی مێژووییەوە سەرچاوەیدەگرت، بیسترا و دوا نیگای نەدا ئاغا سوڵتانی لەناو شۆلاوگەی خوێندا، وێنایەکی نوێی ژنێکی خەباتگێڕی مافخوازی لە مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا نەخشاند. ئەوان لە بزووتنەوەی ساڵی ١٣٩٦دا، بەهەموو هێزەوە لە دژی ڕژیمی جینایەتکار وەستانەوە و لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا، سەرەڕای وەحشیگەریی بێوێنەی ڕژیم و بەکرێگیراوەکانی، شانبەشانی پیاوانی فیداکار و خەباتگێڕ، شەقامیان داگیرکرد. ئەوان بە شێوەیەکی شێلگیرانە درێژەیان بە خەبات و خۆڕاگریی ڕۆژانەیان دا و سەرەنجام بوون بە پێشەنگی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی شکۆدار، بە ناوی شۆڕشی ژینا.

خەباتی شۆڕشگێڕانە، ڕزگاریخوازانە و ڕوو لە پەرەسەندنی ژنان، لە فۆرمەکانی نافەرمانی مەدەنی و دادخوازییەکی شێلگیرانەدا بەردەوامە و هەر ڕۆژە و لە گۆشەیەکی وڵات و تەنانەت لە شارێکی ئایینی وەک قومیش، بەشێوازێکی نوێ، خۆی نیشان دەدات. ئەوان هەروەها شانبەشانی بزووتنەوەی کرێکارانی ژن و پیاو، بزووتنەوەی خوێندکاریی، بزووتنەوەی ژینگەپارێزان، ناڕەزایەتی مافخوازانەی پارێزەران، هونەرمەندان و وەرزشوانان و سەرجەم خەباتە ئازادیخوازە شۆڕشگێڕانەکان، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە دێموکراتیکەکاندا خەبات دەکەن و بەرگری لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن. بزووتنەوەی ژنان، کە کاردانەوەی بوێرانەی ئەو دایکە لە شاری قوم لەدژی ئەو ئاخووندە کۆنەپەرستەش لەخۆ دەگرێت، تا دێت جەماوەریی تر دەبێتەوە و دەست لەناو دەستی بزووتنەوەی کرێکاریی، بە مەرجی پێکهێنانی ڕێکخراوی چینایەتی و سیاسیی سەرتاسەریی، دەتوانن وێڕای سڕینەوەی ئەو پەڵە ڕەشانە لەسەر ڕواڵەتی کۆمەڵگا، کۆماری ئیسلامیش بە زبڵدانی مێژوو بسپێرن و بناغەی کۆمەڵگایەکی بەدوور لە ستەم و چەوساندنەوە بنیات بنێن.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-