کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نیگەرانی دوژمنان و هیوای خەڵکی چەوساوە و بێبەش

لەم رۆژانەدا گەلێک مەحفەلی نێو خۆی ڕژیم بە ئاشکرایی باس لە لێک هەڵوەشانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. دەنگی هۆشداری لە لایەن کەسانی دڵنیگەرانی ڕژیمەوە لە هەموو لایەکەوە بەرز بۆتەوە. ئەو قسانەی کە هاو شێوەکەی لەماوەی ٤٠ ساڵی حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا کەمتر بیستراون. با لەنێو دەیان نمونەدا، له‌ چەند دانەیەکیان وردبینه‌وه‌.

جەلیل ڕەحیمی، سەرۆکی کوموسیۆنی حقوقی و قەزایی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، رۆژی یەکشەممە ١٦ی مانگی بەفرانبار سەبارەت بە مەترسی” زەوی گیر بوونی” نیزام لە “خیابانەکانی تاران” هۆشداری دا و وتی: “کاتێک کە یەکێتی سۆڤیەت روخا ١٣ هەزار کڵاوەکی ئەتۆمی هەبوو، لە زیاتر لە ٢٠ وڵات نفوزی خاریجی هه‌بوو، ئیستیگای فەزایی هەبوو، بەڵام لە خیابانەکانی مۆسکۆدا لەت و کوت بوو وە یەکپارچەیی خاکەکەشی له‌ ده‌ستدا.

ئیسحاق جهانگیری، جێگری یەکەمی روحانی، وتویەتی: “ئەوەی ئێمە دەبێ نیگەران بکات نەفرەت، قین و توڕەیی نیسبەت بە بەرپرسان و نیزامە”. ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری نێوخۆ باسی لە وەک خۆی مانەوەی هۆکاری ناڕەزایەتیەکانی مانگی بەفرانبار کردوە و هۆشداری ئەدات کە “بروسكه‌یه‌ك بەسە تا کۆمەڵگا گڕ بدات.” فائیزە هاشمی کچی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی دەڵێ: “لەباری ناوەرۆکەوە ئەم لێک هەڵوەشانە رووی داوە”. حەسەن خومەینی نەوەی خومەینی لە تازە ترین قسەیدا دەڵێ: “هیچ زەمانەتێک بوونی نییە کە ئێمە بمێنینەوە و کەسانی تر بڕۆن. ئەگەر قاعیدەکە ڕیعایەت نەکەن، مەیدانەکەتان لێ دەستێنن.”

بەڵام بابەتی لێک هەڵوەشانی کۆماری ئیسلامی تەنیا نیگەرانیی باڵاییەکان نییە بەڵکوو هیوای جه‌ماوه‌ری خوارەوەشە. لە ڕوانگەی زۆربەی خەڵکی ئێرانەوە، چ ئەوانەی کە خۆیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ڕژیمەدا لەسەر داخوازیەکانیان دەرگیرن و چ بۆ کەسانێک کە لە دەرەوەی ڕژیم قازانجیان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا دەبینن، کۆماری ئیسلامی بەرەو رۆیشتنە. باس لەسەر ئەوە نییە کە که‌ی دەڕوات و چۆن دەڕوات، بەڵکوو باس لەسەر بۆچوونێكه‌ کە بە هۆی بارودۆخی عەینیەوە لە زەینی ئەم زۆرینەدا شکڵی گرتووە. بەڵام ئەم بۆچوونه‌ له‌ خۆوه‌ پێکنەهاتوە. لە مانگی بەفرانباری پارەکەوە کە خەڵکی شارەکانی ئێران لە ئاخێزێکی گشتیدا حاکمیەتی ئەم ڕژیمەیان بردە ژێر پرسیار و خۆی خاڵی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌ بوو لە مێژووی خەباتی ٤٠ سالەی جه‌ماوه‌ردا تا بە ئەمرۆ، ناڕەزایەتیی و مانگرتن و خۆپیشاندان لە سەرتاسەری ئێران بێ پسانه‌وه‌ لە ئارادا بووە. خەڵک لە مانگی بەفرانباری ڕابردوو بەملاوە، تەنانەت ڕاشكاوانه‌تر بە بەراورد لەگەڵ ئەحزابی سیاسی نەیاری ڕژیم، لە نه‌مانی ئەم حاکمیەتە دەدوێن. لەم ماوەیەدا نە لە بەرەی خەڵکدا، جه‌ماوه‌ر لە بەدواداچوونی داخوازیەکانیان وه‌ستاون و نە لەبەره‌ی ڕژیمدا هەنگاوێک لە ڕاستای ولامدانەوە بە داخوازیەکان هه‌ڵگیراوه‌.

کاتێک باس لە لێک هەڵوەشان بەم شێوەیە بەرین دەبێتەوە، قاعیدەتەن لە هەردوو لاوە مه‌سه‌له‌ی جێگرەوەکەشی زەینەکان بەخۆیەوە خەریک دەکات. بەڵام به‌دیلی جۆراوجۆر بۆ جێنشینی ئه‌و ڕژیمه‌ چۆن گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن؟

حەرەکەتی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار و ناڕەزایەتیەکانی دوایی لە ماوەی یەکساڵی ڕابردودا بە روونی نیشانی ئەدات کە خەڵکی ناڕازیی چیان دەوێ و چییان ناوێ. خەڵک خوازیاری مافە سەرەتایی، کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیانن. خەڵک ژیانێکی ئابووری باشتریان دەوێ. دروشمی نان و ئازادی، جەوهەری داخوازیەکانیان نیشان ده‌دات. ئەم خەڵکە لەگەڵ ئەم ڕژیمە بێگانەن و هیچکام لە باڵەکانی بە هی خۆیان نازانن. درێژەی ناڕەزایەتی ماف خوازنەی خەڵک، درێژەی مانگرتنی کرێکاری، درێژەی خەباتی یەکسانی خوازانەی ژنان، هەنگاو بە هەنگاو بەدیلی جێی سەرنجی ئەوان دروست دەکات. لە مەسیری بەرەو پێش چوونی ئه‌م خه‌باته‌دا دەبی تەشکیلات دروست بکرێت، دەبێ ڕێبەرانی خاوەن نفوز و جێی متمانەی خەڵک بێنە روو. گشت ئەمانە پێوستیان بە کات هەیە. دەبێ بە حەرەکەتی وشیارانە، بە هەڵبژاردنی دروشمی گونجاو، بە تەشخیسی مەوقعیەتەکان و لەکیس نەدانیان، ئەم کاتە ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت و بە باشی لە هەر ساتێکی کەڵک وەربگریت. سۆسیالیزم ئامانجێکە کە تەنانەت دوژمنەمانیش ناتوانن بە ئاشکرایی دژایەتی بکەن. ئەوان بە خەڵک ئەڵێن، ئەم کومونیستانە ئارەزو گه‌لێكی شیرین و خەیاڵبافەنەیان هەیە کە تاقی كراوه‌ته‌وه‌ و هه‌رگیز به‌دی نایه‌ت. کە وایە ئێمە دەبێ دەرفەتمان هەبێ، تا بتوانین بە خەڵکی نیشان بدەین نە تەنیا کۆمەڵیک ئینسانی خەیاڵباف نین، بەڵکوو بە پشت بەستن بە پێگەی چینایەتیمان کۆمەڵگا له‌ مەسیرە دژوارەکاندا بە کەمترین تەلەفات تێپەڕ دەکەین. دەبێ نیشانی بدەین کە ئێمە بۆ ژیانی ئەمرۆ و بۆ بینا كردنی کردنی داهاتویەکی روون بۆیان بەقازانج و پێویستین. بەدیلی ئێمە لە وەها مەسیرێکدا دروست دەبێت.

بەڵام باڵە جۆراو جۆرەکانی بورژوازیش کاتێک دەبینن کە ڕژیمی حاکم بە قەولی ئەوان بە “مودیریەتی خراپ” بەرژەوەندی چینەکەیانی خستۆتە مەترسیەوە، کاتیک دەبینن کە ئه‌م ڕژیمه‌ توانای بەستنی ڕێگای شۆڕشی نییە، خۆیان ڕاستە خۆ دەست بەکار ده‌بن. ئەوانیش هەوڵ ئەدەن بەدیلی خۆیان دروست بکەن. کاتێک بۆ نمونە کەسێکی وەک حەسەن خومەینی کە خۆی وەفادار بە ئەمانجەکانی باوەگەورەی دەزانێ دەڵێ: کۆماری ئیسلامی یان بە “لێک هەڵوەشان” و یان بە توندوتیژی بێ پەردەی” لەجۆری پۆپۆلیزمی ئیقتیدارگەرا” بەره‌وڕوو دەبێتەوە، لە ڕاستیدا بە زمانی ئیشارە باس لە ئه‌گه‌ری به‌دیلێك دەکات کە لە لایەن سپا و بەسیجەوە دێتە مەیدان. هەڵبەت حەسەن خومەینی باش دەزانێ کە ڕێبه‌رانی سپا لە هەنگاوی یەکەمدا سەری عەمامەدارەکانی حاکم و لەوانە خۆدی ئەو ده‌خه‌نه‌ ژێر تیغەوە و لەم حەرەکەتە سه‌ره‌تاییه‌وه‌ سەرماییه‌یه‌ک بۆ ئامانجەکانی خۆی دەستەبەر ده‌كه‌ن. ئه‌م ڕۆژانه‌ سپا تەنانەت، بۆ به‌هێز كردنی ئەم زەرفیەتەی خۆی، بە جۆرێک ڕێگا بۆ لێسەندنەوەی ئیعتیبار لە دەزگای ئیداری حاکم ده‌كاته‌وه‌. سپای پاسداران كۆمه‌ڵێك پلانی ئاڵۆزكاو له‌ سه‌ر ڕێگای خه‌باتی کرێکاران و جەماوەری بێبەش دەنێتەوە و دیتنی سه‌ره‌تاكان و نیشانه‌كانی ئه‌م پیلانانه‌ دژوار نییه‌.

بەڵام دوژمنانی شۆڕش تەنیا لەنیو خۆی ڕژیمدا سەر بەرز ناکەنەوە. ئەوان لە دەرەوەی ڕژیمیش بێکار دانەنیشتون. دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی خاوەنی ئیمکاناتێکی زۆرن بۆ بەستنی ڕێگای شۆڕش. سەرچاوەی دارایی زۆر و زه‌به‌نه‌، دەزگای تەبلیغاتی سەرسوڕهێنەر، گوروپ و ئەحزابی لایەنگری جۆراو جۆر لە لەنێوخۆی وڵاتدا، ئەوانیش بە توند بوونه‌وه‌ی قەیرانی سیاسی هەموو زەرفیەتەکانیان بەکار دێنن تا بەر بە شکڵ گرتنی بەدیلێکی سۆسیالیستی بگرن.

لەم روەوە جارێکیتر دەبێ جەخت بکرێتەوە کە تەنیا ڕێگای پوجەڵ کردنەوەی ئەو مەترسیانەی کە لەسەر ڕێگای شۆڕشی ڕزگاری بەخشی داهاتوی ئێراندا لە بۆسە دان، درێژەی خەباتێکە کە دەبێتە هۆی قوڵ بوونەوەی وشیاری، دەبێتە ڕێكخراو بوون، ده‌بێته‌ هۆی شکڵ گرتنی ڕێبەریەکی جێگای متمانە و بۆ گشت ئەمانە دەبێ کاتی پێوسیت لەبەر دەستا بێت و كاتی پێویست ووشیارانه‌ به‌ده‌ست بێنین.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-