کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نیگەرانیە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، جیدی و کۆمەڵایەتین

رۆژی چوار شەممە ٥ ی مانگی خاکەلێوە، ” محەممەد حسێن رەجەبی” فەرماندەی سپای “بەیت الموقەدس”ی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری فارسی سەربە سپای پاسداران، گرفتە ئەمنیەتیەکانی رژیمی لە کوردستان وەبیر هێنایەوە. نیگەرانی لە لەیەنی قوڵ بوونەوە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی کوردستان لەدژی رژیم لە مێحوەرە سەرەکیەکانی ئەم وتووێژە بوو. رەجەبی یەکێک لە کاربەدەستانی نیزامی کۆماری ئیسلامیە لە کوردستان کە ساڵانێکە بەهەر بیانویەک و لە هەر بۆنەیەکدا باس لە بوونی “ئەمنیەتی پایەدار”ی رژیم لە کوردستان دەکات. بەڵام لەم وتووێژەدا لە دامەزراندنی ئەمنیەتی سەقامگیردا دەکەوێتە گومانەوە.395

رەجەبی قسەکانی بە درۆیەکی مێژوویی دەست پێدەکات و دەڵێ: “خەڵکی کوردستان لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیەوە بەدانی دەنگی ئەرێنی بە کۆماری ئیسلامی و هەروەها تەشکیلی سازمانی پێشمەرگانی موسڵمان و یارمەتیدانی رەزمەندەگانی مهاجر لە روو بە روو بوونەوە لەگەڵ رژیمی بەعس لە شەڕی داسەپاودا و هەروەها گوروپە دژی شۆڕشەکان لە بەرەی نێوخۆدا، سەلماندیان کە هەوڵەکانی دژی شۆڕش لەم ئوستانەدا بێهودەیە و کارێکیان بۆ ناکرێت.درۆکردنیش حەد و سنورێکی هەیە. خەڵکی کوردستان سەرەڕای داوای فریوکارانەی خومەینی بۆ بەشداری کردنیان لە ریفڕاندۆمی کۆماری ئیسلامی ئەڕی یان نا، ئەم ریفڕاندۆمەیان وەک حەرەکەتێکی دژی دیموکڕاتیک تەحریم کرد و بەشداریان تێدا نەکرد. تا ئەو جێگایەی تەنانەت لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان حەوزەی دەنگدانیش دانەندرا. کۆمەڵە یەکێک بوو لە پایەکانی ئەم تەحریمە. خەڵکی کوردستان بەدوای حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی جێی ئیعتیمادی خۆیاندا ریفڕاندۆمەکەیان تەحریم کرد. ئەم هەڵوێستەی کۆمەڵە لەلایەن رۆژنامەکانی ئەوکات (کەیهان و ئیتلاعات)ەوە بڵاو کرایەوە. ئەمە فاکتێکی حاشاهەڵنەگری مێژووییە.سەبارەت بە پێکهاتنی بەکرێگیراوانی رژیم کە کۆمەڵێک ئەوباش تێیدا رێکخران درۆکانی فەرماندەی سپا گەلێک جار وڵامی خۆی وەرگرتۆتەوە. بەڵام پەیامی سەرەکی فەرماندەی سپا لەم وتووێژەدا تەنیا، درۆکردن و ئاوەژوو کردنەوەی راستیەکان نییە. ئەو باس لە نیگەرانیەکانی ئەمرۆی رژیمەکەی لە بواری ئەمنیەت لە کوردستان دەکات و ئەو راستیانەی کە پێشتر رەدی دەکردنەوە، ئەمرۆ ددانیان پێدادەنێت. ئەو دەڵێ:” هەرچەند ئەمنیەت لە ئوستانی کوردستان بەرقەرارە و خاوەنی سەقامگیرەیەکی باشە بەڵام سرنج نەدانە نیازە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و باقی فاکتۆرەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە بارێکی قورستر بۆ پاراستن و بەردەامی ئەم ئەمنیەتە بکەوێتە سەر شانی بەرپرسانی ئەم بوارە.”

کاتێک کە کاربەدەستانی ئیداری و سەرانی سپا سنگیان دەکوتا و باسیان لە بەرقەرا بوونی ئەمنیەتی پایەدار لە قەڵەمرەوی نیزامی لە کوردستاندا دەکرد، لە وڵامیاندا وتبومان: ئەمنیەتی پایەدار پێوەنی راستەوخۆی بە ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی شارۆمەندانی کۆمەڵاگایەکەوە هەیە و لەگەڵ ئەودا مانای هەیە. لە کۆمەڵگایەکدا کە ئەندیشەی بانتری چینایەتی، میللی و مەزهەبی لە بنەماکانی حاکمیەتەکەیەتی و پەیڕەو کردنی ئەم هەڵاواردنە، کەلێن و ناکۆکیە چینایەتیەکانی لە کوردستان لە هەموو ناوچەیەکی دیکەی ئێران زیاتر قوڵ کردۆتەوە، باسی ئەمنیەتی پایەدار کردن خۆی جۆرێک فریوکاریە. ئەمرۆ و بە تێپەڕ بوونی ساڵانێک لەم خۆ فریودانە تازە فەرماندەی سپا و دەوڵەتەکی پەی بەم راستیە دەبەن کە ناکرێ ئەمنیەتی پایەدار لەنێو خەڵکێکدا کە دڵیان پڕە لە نەفرەت لەدژی رژیم بە پشت بەستن بە هێزی چەکدار دابین بکرێت.
فەرماندەی سپا لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ هەواڵنێری سپا هەر ئەم مەفهومە بە لەحنێکی تر شیدەکاتەوە و دەڵێ:” هەڵبەت ئەمنیەت نابێ تەنیا لە دیدگای نیزامیەوە چاو لێ بکرێت لەبەر ئەوەیکە ئەمنیەت دەرهاویشتەی فەرهەنگ، ئابووری، پێوەندی کۆمەڵایەتی، مەسایلی فەرهەنگی، بەرهەمهێنان، سەرمایەگوزاری و ئێقداماتی ژێربەناییە. ئێستا ئێوە دەبینن کە بێکاری لە ئوستانی کوردستاندا زۆرە تا جێگایەک کە کوردستان ئوستانی دووهەمی وڵاتە لەباری بێکاریەوە و کاتێک بێکاری لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە سەرئەنجام ئاسەوارەکانی لە شوێنەکانی دیکەشەوە سەرهەڵئەدات و ئەمە هەمان ئەو بارەیە کە لەلایەنی ترەوە دێتەسەر شانی ئێمە کەوایە ئەگەر ئەمنیەتی پایەدار، قایم و خەڵکیمان بوێت دەبێ باقی فاکتۆڕە ئەمنیەتیەکان و هاوتەریب بچنە پێشەوە.”
بەم جۆرە ڕەجەبی سیاسەتگوزار لە کوردستان لە حاڵێکدا ناچارە ئیعتیڕاف بە کرداری دوژمنانەی دەوڵەت و دەزگا دەوڵەتیەکان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکات. پرسیار لێرەدایە کەوایە ئەو ئەمنیەتە پایەدارەی کە سالانێکە باسی دەکەن، لەکوێیە؟ دەردەکەوێ کە کرداری ئەوباش و بەکرێگیراوانی ناسراو بە ” سازمانی پێشمەرگانی موسڵمان” کە ڕەجەبی شانازی بە بوونیان لە دامەزراندنی ئەمنیەت لە کوردستاندا دەکات، هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە کوشتار و جەنایەت و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان. دەردەکەوێ کە ئەم ڕژیمە لە بەرقەرار کردنی ئەمنیەتی پایەداری جێی سرنجیدا، سەرەڕای گشت ئەم جەنایەتانە هێشتا لە سەرەتای کاردایە.لەناوچەیەکدا کە زۆرترین هێزی کارەکەی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا خەریکی کارە، کۆچی ئیجباری بۆ دەستەبەر کردنی داهات یەکێک لە هۆکارەکانی کەم بوونەوەی جەمعیەتە تێیدا، ٥٥ لەسەد لە دانیشتوانی ناوەندی ئوستانەکەی لە نشیمەنگای نا ئیستانداردا دەژین؛ قسە کردن لە دامەزراندنی ئەمنیەتی پایەدار تەنیا ڕاپۆرتێکی بێ ناوەرۆکی ئیدارییە. تەوسعە لە کوردستانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا تا ئێستا دروشمێکی فریوکارانە بووە. هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ ئارام کردنەوەی خەڵکی کوردستان درەنگە و هەموو دەرفەتەکانی سوتاون. هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی رۆحی خۆڕاگری و پایەداری خەڵکی کوردستان بە پشتبەستن بە هێزی نیزامی و پیلان، مێژینەیەکی ٣٥ ساڵەی هەیە، ستەم و هەڵاواردن، هەژاری و بێبەشیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان، بێکاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر و سەرکوتی ئازادیە سیاسیەکانیان، پایەمادیەکانی بێزاری و نەفرەتی خەڵکی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی پێکدێنن. ئەم ستەمکاریانە چەقۆیان گەیاندۆتە سەر ئێسقانی خەڵکی کوردستان، قولایی ئەم ناڕەزایەتیانە و قین و توڕەیی خەڵکە کە فەرماندەی سیاسەتگوزاری سپای وادار کردوە تا بە ناساندنەوەی دامەزراندنی ئەمنیەتی پایەداردا بچێتەوە و بیخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە.لە ناوچەیەکدا کە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە ڕادیکاڵەکان تێیدا چالاک و روو لە گەشەن، و داواکاری لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و هەڵاواردن بەپێی وابەستەیی میللی و مەزهەبی، و بەرقەرار کردنی حاکمیەتی خەڵکی بۆتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سەقامگیر، و کومونیستەکان و کرێکارانی پێشڕەو لە کێشمەکێشە کۆمەڵایەتیەکەیدان، نیگەرانی ڕژیم بنچینەیی و دایمی دەبێت.فەرماندەی سپای کوردستان کە سەرەڕای ئەم ئیعتیڕافاتە هێشتاش بەسەر کوێرە ڕێگایەکی بەردەڵاندا دەڕوات. ڕێگاچارەی بۆ ئارام ڕاگرتنی کوردستان داخستنی سنورەکانە و لەم پیوەندیەدا دەڵێت:” ئێمە وەک هێزی نیزامی و بەرپرسی ئەمنیەتی ئوستان بەتوندی و جیدی داواکاری داخستنی سنورەکانین لە ئوستاندا.” لە وڵامدا دەبێ بڵێین، ئەوە هەڕەشە دەرەکیەکان نین کە پایەکانی ڕژیمی ئیسلامی دەخەنە لەرزە. ئەوە هەژاری و بێکاری، بێبەشیە کۆمەڵایەتیەکان و دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەموو جۆرە ئازادی خوازی و ڕیفاهێکی کۆمەڵایەتیە کە ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی نەک لە سنورەکان بەڵکو لە قوڵایی کوردستاندا خستۆتە مەترسیەوە. مەترسی ئاخێزی جەماوەری بۆ ڕژیم وێرانگەر ترە لە هەموو هەڕەشەیەکی دیکە و مژدەی کۆتایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئەدات.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-