کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نیشاندانی هاودەنگی و  یەکگرتوویی جەماوەریی لە ڕێوڕسمەکانی نەورۆز و چوارشەممە سووریدا

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ویدیۆی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە چەند ناوچەیەکی کوردستان  لە تەلەویزیۆنی کۆمەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە. ڕاپۆرتەکان لە ناوچەکانی باشووری کوردستانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمساڵ خەڵک بەهۆی هاوکات بوونی نەورۆز لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، لە ئاستێکی بەرینتردا بە پێشوازی نەورۆز و ساڵی نوێوە چوون. لەم ڕێوڕەسمانەدا وەک هەموو ساڵێک شێعر و سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕانە و شادیبخش پێشکەش کراوە. پێشبینی دەکرێت کە خەڵکی کوردستان بە هەمان جۆش و خرۆشەوە ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری واتە کۆتا شەوی چوارشەممەی ساڵیش بەڕێوە ببەن. نەورۆز یەکێکە لەو بۆنانەی کە لە کوردستان کەشێکی جیاوازی هەیە. لە ماوەی ئەو ٤٥ ساڵەی کە بەسەر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا تێپەڕ دەبێت، نەورۆز لە کوردستان بەردەوام بۆنەیەک بووە کە خەڵک وێڕای گرتنی جێژن و دەربڕینی شادی و خۆشی، لە هەمان کاتدا پێکەوەبوون و یەکدەنگی خۆیان ئەزموون دەکەن و پەیامی خۆیان بە زمانی شێعر و سروود و گۆرانی و هەڵپەڕکێ، بە پێچەوانەی فەرهەنگی باو لە کۆماری ئیسلامیدا، بە گوێی هەموان دەگەیەنن. بەرپرسانی ڕژیم چوارشەممە سووری و نەورۆز بە نەریتێکی پێچەوانەی ئایینی ئیسلام دەزانن. لەمڕووەوە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆریان داوە کە ئەم نەریتە بە زەبر و زەنگ و سەرکوت و پڕوپاگەندە، لە کۆمەڵگای ئێران بسڕنەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دژایەتیکردن و وەستانەوە لەئاست فەرهەنگێکی ئاوا جێکەوتوو لە کۆمەڵگای ئێراندا کارێکی ئاسان نەبوو، بەرپرسانی ڕژیم بەرە بەرە لە بەرامبەر خۆڕاگریی جەماوەردا لە هەڵوێستی خۆیان لەم بوارەدا پاشەکشەیان کرد و هەوڵیان دا لانیکەم بتوانن هەندێک سنوورداری بکەن. بەڵام لەگەڵ هەر پاشەکشەیەکی ڕژیمدا، خەڵک چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە چوون. دژایەتی کردن لەگەڵ ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بەم ڕۆژانە، بوو بە پاڵنەر و هەوێنی خۆڕاگریی لە نێو خەڵکدا و بە کردەوە ئەم ڕێوڕەسمانەی لە کوردستان کرد بە ئەکتێکی سیاسی.

هەموو ساڵێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ و خۆ ئامادەکردنی جەماوەر و لاوان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕسمەکانی نەورۆز، بەرپرسانی ئینتیزامی، ئەمنییەتی و جێبەجێکردن و دام و دەزگای پڕوپاگەندەی ڕژیم دەکەونەخۆ بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن هیچ جەشنە کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بەم بۆنەیەوە پێکبێت و نەهێڵن لەم ڕۆژانەدا شادی و پێکەنین بچێتە ناو هیچ کۆڕ و کۆمەڵێکەوە. ئەوان کە لە سێبەری خۆیشیان دەترسن، نیگەرانن لەوەی کە ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەکانی خەڵک ببێتە ئامرازێکی ناڕەزایەتی لە دژی ڕژیم. ڕژیمی ئیسلامی بەردەوام لە جێژن و شادی خەڵک دەترسێت. ئەم ڕژیمە نەک هەر لە نەورۆزدا، بەڵکوو بە درێژایی ساڵ نایهەوێ بزەی شادی و خۆشی بکەوێتە سەرلێوی خەڵک، خەمۆکی و نائومێدی و بێهیوایی خەڵک، هۆکار دەبێت بۆ درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕژیمە کۆمەڵگایەکی ملکەچ و گوێڕایەڵی دەوێت کە تێیدا مرۆڤەکان لە ئاست ئەو چارەنووسەی کە ڕژیم بۆی دیاریکردوون، سەر دابنەوێنن. ڕێوڕسمەکانی هاوسەرگیری بە بیانووی ئەوەی کە تێیاندا حیجابی ئسلامی ڕەچاو ناکرێت و مەودای نێوان ژن و پیاو لەبەرچاو ناگیرێت، تێکدەدات.

ڕێگری دەکات لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت و مۆسیقا. ئەو گەنج و لاوانەی کە لە بۆنە جۆراوجۆرەکاندا لەدەوری یەکتر کۆدەبنەوە و ساتێکی خۆش بەیەکەوە بەسەر دەبەن، دەداتە بەر ئەزیەت و ئازار و سوکایەتیان پێدەکات. لە ڕاستیدا ئەگەر دونیا بە ویستی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوایە، ئەم کۆمەڵگایە دەبوو بە درێژایی ساڵ و هەموو ڕۆژێک بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەشپوش و ماتەمبار بێت. بەڵام زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایە لە ئاست ڕژیمی ئیسلامیدا سەریان دانەنەواندووە. هەروەک دەبینین، سەرەڕای هەڕەشە و تەنانەت گرتن و زیندانی کردنیش لەم پێوەندییەدا، خەڵک لە سەرتاسەری ئێران هیچ گرنگییەک بەو دژایەتیانە نادەن. مۆسیقا و هونەر و گۆرانی و سەما و شادی لە حەشارگەکان هاتوونەتە دەرەوە. مەراسمەکانی چوارشەممە سووری و نەورۆز لە زومرەی ئەوانەن. لە بەرامبەر فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی زاڵدا، خۆڕاگریی پێشکەوتنخوازانە سەریهەڵداوە.

ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئەگەرچی ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم لەم بوارەدا هەندێک کۆت و بەند و ئاستەنگ بۆ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان پێک دەهێنێت، بەڵام ناتوانێت ڕێگری بکات لە بەڕێوەچوونیان و خەڵک لەم بابەتەوە ئەزموونێکی زۆريان بەدەستهێناوە و بە شێوازی جۆراوجۆر لە کات و شوێنی گونجاودا، ئەم جۆرە کردەوانەی ڕژیم تێدەپەڕێنن. کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر شادی و خۆشحاڵی خەڵکدا سەری لەبەرد دراوە و هەوڵەکانی لەم بوارەدا بێ ئاکام بوون و لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەم شادی و خۆشەویستییە بۆ ژیان، هەمان ئەو هێزەیە کە دەسەڵات تووشی ترس و سەرلێشێواوی دەکات. لە نەورۆزی ئەمساڵدا خەڵک سەرەڕای خەم و پەژارەی لەدەستدانی ئازیزانیان، بەکوێرایی چاوی دوژمن، کچان و کوڕان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی ئاڵ و واڵا و شادیبەخش، بەڕێوەبردنی نمایشی هونەری و سەما و گۆرانی ناوچەیی و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن. جێژن و ڕێوڕسمەکانی چوارشەممە سووری و نەورۆزی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، بەربەست و دژایەتییەکانی ڕژیم تێدەپەڕێنن و دەبێتە یەکێکی تر لە دیمەنە شکۆدارەکانی خۆڕاگریی جەماوەر و دیمەنێکی دیکە لە شۆڕشی ڕزگاریبەخشی ژن، ژیان، ئازادی.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-