کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نیزامێک کە تێیدا دەست درێژی کردنەسەر ژنان پاداش وەردەگرێت!

رۆژی یەکشەممە ١٦ی مانگی بەفرانبار نوێنەرێکی پێشوی مەجلیسی ڕژیم لە کاناڵی تێلگرامی خۆیدا باسی لە مردنی کوتوپر و ئەگەری خۆکوشتنی زارا نەویدپور لە نەخۆسخانەی فارابی شارستانی مەلەکان کرد. دادستانی ئەم شارە بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک خۆکوشتنی ئەوی تەئید کردوە. هاوکات سەرچاوە خۆجێیەکان گوزارشیان دا کە یەکشەممە ١٦ ی مانگی بەفرانبار پەیکەری زارا نەویدپور لە ماڵی دایکی دۆزراوەتەوە و کاتی گوازرانەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی تێدا نەمابوو. ئەو کاتی مردنی ٢٨ ساڵ تەمەنی بووە، ئەم هەواڵە بەڵام هەواڵێکی ئاسایی نەبوو. بڵاو بوونەوەی فایلە دەنگی و ویدۆییەکانی پەردەی لەسەر ڕازێک هەڵدایەوە کە بەشێک لە مێژوی جەنایەتی کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامییە.

ژنێکی گەنج کە بەشوێن کارەوەیە، دەنێردرێت بۆ دەفتەری سەلمان خودا دادی نوێنەری مەلەکان لە مەجلیسی ئیسلامی. خودا دادی لە دەفتەرەکەیدا دەستدرێژی دەکاتەسەر. زارا نویدپور لە جوغڕافیایەک دەژی کە کۆمەڵگای پیاو سالاری ئاوێتە لەگەڵ ئیدئۆلۆژی ئیسلامی دژ به‌ ژن، ژنانی تەڵاق دەراو وەک کالایەک بۆ دەست درێژی کردنەسەر چاولێدەکات. و ئەو کە ژنێکی تەلاق دراوە، دەبێتە ئامانجی ئەم دەست دڕێژییە. خودا دادی گەلێک جار دوای ئەم دەست درێژیە پەیامی ئەداتی کە نەکات لەبیری بچێت کە ئەو ژنێکی تەڵاق دراوە و کەس باوەڕ بە قسەکانی ناکات. زارا نەوید پور پەیامی هەڕەشە ئامێزی بۆ دێت کە نەکەوێتە بیری ئاشکرا کردنی ئەم هەواڵە، دەنا لەنێو دەچێت.

زارا نەویدپور بەڵام لەشەڕی نێوان بێدەنگی و تەحمول کردنی ئەم دەست درێژییە بە ئاشکرا و سوکایەتی بەردەوام و ئاشکرا کردنی ئەوەی بەسەری هاتوە، بوێرانە ڕێگای دووهەم هەڵدەبژێرێت. سەرەڕای ئەوەیکە دەزانێ ڕەنگە شانسێکی زۆری نەبێ لەم نەبەردە نا یەکسانەدا. ئەو بێگومان هەواڵی ئێعدامی ڕێحانە جەباری بە تاوانی” کوشتنی کەسێکی ئیتلاعاتی دەست درێژیکاری بیستوە. ئەو بێگومان هەواڵی دەست درێژی بۆسەر ٤١ کچ و ژنی لاوی بیستبوو لە مانگی جۆزەردان لە شاری ئێرانشار لە لایەن ئاغا زادەکانەوە بیستبوو و ئەو ڕەنگە گەلێک نمونەی دیکەشی کە تەنانەت هەواڵەکانیان لە مێدیاکاندا بڵاو نەبوونەتەوە بیستوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نایەوێ تەسلیمی ئەم جەنایەتە ئاشکرایە بێت. ئەو لە لای کاربەدەستانی شاره‌كه‌ی شکایەت دەکات، لای ” هەیئەتی چاودێری بەسەر کرداری نوێنەران” داستانەکەی باس دەکات. بەڵگەکانی دەدات بە شوڕای نیگابان. لە ئۆرگانێکەوە بۆ ئۆرگانێکی تر دەنێردرێت و بەڵێنی پێڕاگەیشتنی پێ ئەدرێت. و دواتر و دوای تێپەڕ بوونی چەند حەفتەیەک پێی دەڵێن:” خانم لە هیچ شوێنێک هیچ مەڵێ، ئابڕوی خۆت دەچێت، ناتوانی بیسەلمێنی” و گشت ئەمانە لە حاڵێکدایە کە فایلی دەنگی و ویدۆیی نوێنەری دەستدرێژیکاری هەیە. ئەو خۆی دەڵێت:” چوم بۆ شوڕای نیگابان بەڵگەم نیشاندان. پێیان وتم کە شکایەت بکە ئێمە پشتگیریت دەکەین. به‌ڵام ئەوانیش دوای ماوەیەک پێیان وتم خانم بۆچی لای ئێمە شکایەتت کردوە مەگەر وەکیلتین” و لە هەموو ئەم کاتانەدا ئەو پەیامی هەڕەشە ئامێز خودا دادی، لە وەزارەتی ئیتلاعات و سپاوە پێگەیشتوە.

خودا دادی کێیە وا بەم شێوەیە دەجوڵێتەوە. ئەو بەر لە بوونە نوێنەری مەجلیس، مودیر کوللی پێشوی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەردەبیل و فەرماندەی سپای پاسدارانی شاری مەلەکان بووە. ئەو لە جەریانی ئێعدامەکانی دەیەی ٦٠ دا یەکێک لە مۆرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئازەربایجانی رۆژهەڵات بوو. ئەو خاوەنی پێشینەی دەستدرێژی و ئازاری جنسییە. و بە تاوانی دەسدرێژی کردنەسەر مونشی و یەکێک لە که‌سانێک کە سەردانیان کردبوو ماوەیەک گیراوە و تەنانەت سەڵاحیەتی بۆ هەڵبژاردنی مەجلیس سەرلەنوێ ڕد کراوەتەوە و هەموو جارێ بە دخاڵەتی شورای نیگابان سەلاحیەتی ڕەد کراوەتەوە. ئەو بەم پەروەندەیەوە سێ دەورە نوێنەری مەجلیسی ڕژیم بووە. بۆ دەورەیەک لەبەر نزیکایەتی لە روحانی ڕاوێژکاری وەزیری کاروباری دەرەوە دەبێت و” سەرۆکی کوموسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیس”. لە خۆڕا نییە کە زارا لە هەمان فایلی ویدۆییدا دەڵێ کە:” وێڕای تێپەڕ بوونی چەند مانگ کەس وڵام دەرەوە نەبووە و ئەو لە پشت کاربەدەستانەوە سەنگەر دەگرێت و منی بێچارەش دەکەومە بەر ئەزیەت و ئازاری کەسانی سەربەو جەنایه‌تکارە. ئەمنیەتم لێ هەڵدەگرن. بەبێ سەرچاوەی داهاتێک بەبێ کار، بەبێ ماڵ و مەسکەن، ئاوارەم. دەمەوێ بزانم بۆچی بەرپرسان پشتیوانیم لێ ناکەن، و جەنایەتەکانی ئەو دەشارنەوە. تاوانی من چییە کە دەبێ بەم شێوەیە ئاوارە بم.”

ئێستا ئیتر فەرق ناکات کە ئەو خۆی کوشتوە یان لە لایەن بەناو سەربازانی گومناوی ئیمامی زەمانەوە كوژراوە. هەمان ئەو سەربازانەی کە ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیانیان تا ئاستی مردن ئەشکەنجە کردوە. لە هەردوو حاڵەتدا ئەو قوربانییە و ئیستا جارێکیتر هەمان سیناریۆی رۆژەکانی ڕابردو کاتێک کە بەخشی ئیدیعانامەکەی بڵاو کردەوە و وەزیری ئیتلاعاتی ڕژیمی بۆ منازرەی ئاشکرا بانگهێشت کرد، خەریکە تێکرار دەبێتەوە. بە بڵاو بوونەوەی هەواڵەکە، ئەندامێکی هەیئەتی چاودێری بەسەر کرداری نوێنەراندا ڕایگەیاند کە” لە کۆبوونەوەی دواییدا ئەو هەیئەتە لە پەروەندەی دەستدرێژی سەلمان خودا دادی بۆسەر زارا نەوید پور دەکۆڵێتەوە. سەبارەت بەم بابەتە بێگومان لێکۆڵێنەوەی پێویست دەکەین تا بزانین ڕاستی و دروستی ئەم بابەتە تا چ ئاستێکە.” جێگای پرسیارە کە مەگەر هەر لەمرۆژانەی پێشودا نەبوو کە لە بەرانبەر ئیدیعانامەی ڕێبەری بوێری مانگرتنی حەوت تەپەدا، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی قوەی قەزاییە، کوموسیۆنی ئیتلاعات و ئەمنیەتی مەجلیس، فراکسیۆنی ئومید و ژمارەیەک لە نوێنەران رایانگەیاند کە خەریکن بەدوادا چوون بۆ ئەشکەنجە کرانی ئیسماعیل بەخشی دەکەن. بەڵام ئەم پەیگیریانە بەو جێگایە گەیشت کە سەرۆکی دەفتەری روحانی ڕایگەیاند ئیسماعیل بەخشی درۆی کردوە و وەزاڕەتی ئیتلاعات مافی خۆیەتی شکایەتی لێبکات. و شەریعەتمەداری بەڕێوەبەری رۆژنامەی کەیهان و نوێنەری خامنەیی نووسی:” دوێنێ دەرکەوت کە ئەشکەنجەیەک لە کاردا نەبووە، ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئایا نابێ تاوانباری ئاماژە پێکراو و ئەو کەسانەی تۆمەتیان خستۆتە پاڵ سەربازانی گیان لەسەر دەستی وەزاڕەتی ئیتلاعات بکەونە ژێر لێکۆڵینەوە؟” زۆر بێ شەرمانە جێگای تاوانبار و شاکی دەگۆڕدرێت.

ئیسماعیل بەخشی، سپیدە قولیان، محەممەد حەبیبی و دەیان و سەدان چالاکی کۆمەڵایەتی کە ئەشکەنجە کراون هێشتا زیندوون و کۆمەڵگا لە ئاستێکی بەریندا بە ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵیان دەنگی خۆی داوە. بەیانیەی بڵاو کراوەی کۆمەڵێک لە مامۆستایان لەم چەند رۆژەی دواییدا نمونەیەک لە ڕاگەیاندنی دەنگی کۆمەڵگایە. ئەوان نووسیویانە:” ئێمە قسەکانی ئیسماعیل بەخشی باوەڕ دەکەین. کاتێک هێزە ئەمنیەتیەکان ئیجازە بە خۆیان ئەدەن بە بەرچاوی ئێمەوە و لە بەرانبەر دوربینەکاندا، بەم شێوەیە ژنانی خانەنشین ئازار و ئەزیەت بدەن، شانی یەکێکیان بشکێنن، بە مست پشت چاوی یەکێتر بریندار بکەن، کەوایە چۆن گومانی ئەشکەنجە دانی کرێکارێکی زوڵم لێکراوی وەک ئیسماعیل بەخشی لە پشت درگا داخراوەکانەوە و بە دوور لە چاوی ڕای گشتی دەکرێت.” هەرچەند کە زارا نەوید پور ئیتر لەنێوماندا نەماوە بەڵام بە هەزاران کەس لە ژنان لە هەر ئان و ساتێک دا دەبنە ئامانجی ستەمگەری و دەستدرێژی وەحشیانە و ئاشکرای ئەم ڕژیمە. توندوتیژی پەیڕەو کراو لە دژیان بەشێک لە سیاسەتی نیهادینە بووی ئەم ڕژیمەیە. کۆتایی هێنان بەم دستدرێژی و توندتیژیە بە ئاشکرایە لە گرەوەی هاتنە مەیدانی بەملیۆن ژن بۆ روخاندنی ئەم نیزامە چینایەتی و پیاوسالارە دایە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-