کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نۆژەن کردنەوەی حەقدەستەکان، شگرد و نەیڕەنگی دەوڵەت و خاوەنکاران

254

ئیلنا هەواڵنێری کاری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی مانگی خەزەڵوەر باسی لە وەدوا کەوتنی جەلەسەی” شوڕای باڵای کار” لە پێوەند لەگەڵ نۆژەن کردنەوەی حەقدەستەکان کرد. کومیتەی حەقدەستی شوڕای باڵای کاری ڕژیم لە دانیشتنی ڕۆژی ١٩ی مانگی خەرمانانیدا پەسندی کردبوو کە بە سەرنجدان بە زیاد بوونی نرخی کالا پێویستەکان، لازمە لە ماوەی یەک حەفتەدا حەقدەستی کرێکاران بە ڕێژەی ٨٠٠ هەژار تمەن زیاد بکرێتەوە. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکه‌ی دوو مانگ بەسەر ئەو پەسند کراوەدا کە مۆری تەوافوقی نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکارانی لە کۆمیسیۆنی سێ لایەنەشی پێوە بوو، تا ئێستا وەزارەتی کاری ڕژیم لە بەڕێوەبردنی جەلەسەی دواتری شوڕای باڵای کار بۆ ئیجرا و پەسند کردنی کۆتایی ئەم پەسند کراوە خۆی پاراستووە و هیچ باسێک لە زیاد کرانی حەقدەست لە ئارادا نەبووە. بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا، محەممەد شەریعەت مەداری وەزیری تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی، بەڵێنی دابوو حەفتەی ڕابردوو جەلەسەی شوڕای باڵای کار بۆ پێڕاگەیشتن بەم بابەتە بەڕێوەبەرێت کە نەکرا. بەڕواڵەت ئەو جەلەسەیە بۆ ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو وەدوا خراوە.

لەگەڵ ئەوەدا بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخێکی شپرزەی ئابووری کە کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی بووه‌تەوە، یەکەم دیار نییە جەلەسەکە لەو ڕێكه‌وته‌شدا بەڕیوەبچێت. دووهەم دیار نییە کە نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکاران لە کۆمیسیۆنی سێ لایەنەی حەقدەست، پابەندی وەعدەی دوو مانگی ڕابردووی خۆی دەبێت یان نا. سێهەم لە بارودۆخێکدا کە به‌ ئیعتیڕافی بەناو گوروپی کاریی شوڕای باڵای کار، بەهۆی قەیرانی ئابووری لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا توانایی کڕینی کرێکاران ٩٠ لەسەد کەم بووه‌تەوە، زیاد بوونی ٨٠٠ هەزار تمەن بە لانیکەمی حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری کرێکاراندا چۆن دەتوانێ گرفتی بەڕێچوونی بنەماڵە کرێکارییەکان چارەسەر بکات؟ بەڵام شوڕای باڵای کاری ڕژیمی دژی کرێکاری باش دەزانێ کە لە مەودای نێوان دوو مانگ دا کە ئاگاهانە لە بریار بەدانی ئەم بڕە کەمەی حەقدەستی کرێکارانیشدا ساوە ساوی کردووە، بەهۆی دابەزینی نرخی تمەنەوە ڕێژەی کەم بوونەوەی کڕینی کرێکاران لە ٤٨ لەسەدەوە گەیشتووه‌تە ٩٠ لەسەد. بەرپرسانی دژی کرێکاری شوڕای باڵای کار دەزانن کە ئەگەر نرخی یەک ملیۆن و ١١٤ هەزار تمەن لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە سەرەتای ساڵی ٩٧ دا بە دۆلاری ٤٢٠٠ تەمەنی بەرابەری ٢٦٥ دۆلار بوو، ئێستا بە دۆلاری ١٥ هەزار تمەنی بەرابەری ٧٤ دۆلارە. واتە هەزینەی سەبەدی ژیان بۆ هەر بنەماڵەیەکی کرێکاری لەسەرکار لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا ٤ بەرابەر بەرز بۆتەوە. بەپێی ئەم بەرز بوونەوەیە ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی بێ نرخی ڕژیم بە حەقدەستی کرێکارانەوە تەنانەت ئەگەر پەسند و پەرداختیش بکرێت، ئاستی ژیان و بەڕێچوونی بنەماڵە کرێکاریەکان هەروا لە ئاستی ٤ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا دەبێت. تازە ئەوە بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونی ئەو کرێکارانەیە کە هێشتا بێکار نەکراون و بارودۆخی ملیۆن بنەماڵەی بێکار لەوەش وەحشتناک ترە..

ڕوون و ئاشکرایە بە داسەپاندنی تەحریمە جەنایەتکارانەکانی ئەمریکا ژمارەیەکی زیاتر لە ناوەندەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان کە چالاک ماونەتەوە لە ئێران دادەخرێن و ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران بە خێڵی بێکارانەوە پەیوەست دەبن، بەبێ ئەوەی کە لە بیمەی بێکاری یان هەر جۆرە یارمەتیەک بۆ درێژەی ژیانیان بەهرەمەند بن. ڕوون و ئاشکرایە کە تەحریمەکان هەزینەی هاوردەی کالاکانی جێگای پێداویستی خەڵک چەند بەرابەر بەرز دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێستا لە هەوڵدایە تا ئەم بەرز بوونەوەیەش بەسەر سفرەی کرێکاران و خەڵکی کەم داهاتدا داسەپێنێ. بەڵام بە پێچەوانەی تەبلیغاتی ڕژیم و جەریاناتی سەربەو کە دیانەوێ تەحریمەکان وەک هۆکاری سەرەکی گرانی و گرفتی ئابووری بناسێنن، ڕیشەی سەرەکی هەژاری و بێکاری و برسیەتی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ وێرانی ئابووری نیزامی سەرمایەداریی و پێكهاته‌ی سیاسی و سیاسەتە کەڵانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی. دزی، ئیختیلاس و ڕانت خۆری و گەندەڵی نیهادینە بوو لە دەستگای حاکمیەتیدا لە پاڵ هەزینەیەکی زۆردا بۆ ئیجرای سیاسەتەکانی تەوسعە تەڵەبانە و دخاڵەتگەرانەی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکەدا و پەرەدان بە دەم و دەزگای پڕ هەزینەی نیزامی و سەرکوت و سیخوڕی، هۆکار و ڕیشەی لە ئابووری هەڵوەشانه‌وه‌ی ڕژیم دایە. ناڕەزایەتیی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ٩٦ و دوای ئەو لەدژی ژیانێکی فەلاکتبار کە کۆماری ئیسلامیی بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، لە کاتێکدا ڕوویاندا کە باسی گەمارۆکان لە ئارادا نەبوو. بێگومان تەحریمەکان دەتوانن بۆ سەرمایەداران و ڕانت خۆرانی دەوڵەتی و ئاغا زادەکان دەرفەتێکی گونجاو تر بن بۆ دزی، دەڵاڵی و قاچاق. لەم پێوەندەدا سەرۆکی فراکسیۆنی بەناو خەبات لەدژی گەندەڵی ئابووری ڕایگەیاندووە کە بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان، ٧٠ تا ٩٠ لەسەدی کالا قاچاغەکان لە دەروازە ڕەسمییەکانەوە هاوردەی وڵات دەکرێن..

وادیارە ڕژیم نایەوێ وڵامێک بە داخوازی کرێکاران بداتەوە. مەحەممەد شەریعەت مەداری وەزیری کاری ڕژیم دوای داندرانی لەم پۆستەدا، لە یەکەم وتووێژیدا لە پێوەند لەگەڵ زیاد کردنی ٨٠٠ هەزار تمەن بە حقوقی کرێکارانەوە، بڕیاری یه‌ك لایی كه‌ره‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار دواخست. وەزیری کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی وەک یەکێیک لە کاربەدەستانی گەندەڵی حکومەتی ئیسلامیی لەم پێوەندەدا گشت بەرپرسیایەتیەکی لەسەر شانی خۆی لابرد و وتی:” مەئمورییەتی من و گرنگترین ڕسالەتی ئەم وەزارەتخانەیە کە وەک پێوەندی نێوان توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا و کسانی سەرەوەین و دەنگی نیازمەندان و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا دەگەیەنینە گوێی دەسەڵاتداران.”.

ئەوەی کە ئێستا کاربەدەستانی ڕژیمی نیگەران کردووە مەترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری خەڵکە لەبەرانبەر بارودۆخی شپرزە تری دوای تەحریمەکانه‌. بێ گومان ڕژیم لە وڵامدانەوە بە داخوازی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش وڵامێکی بێجگە لە پەیڕەو کردنی زۆر و سەرکوت و توندووتیژی نییە. نە تەنیا نایەوێ هەنگاوێک بۆ زیاد کردنی حەقدەستەکان گونجاو لەگەڵ زیاد بوونی هەزینەی سەبەدی ژیانی ئاسایی بنەماڵەیەکی کرێکاری ئەنجام بدات، بەڵکوو ئامادە نییە حەقدەستە دواخراوەکانیشیان بدات. سروشتیە بۆ کرێکاران و باقی چین و تویژە هەژارەکانی نێو کۆمەڵگا کە ئێستا توانایی کڕینی ژیانی مەمرەو مەژیشی لێ ئەستاندونەتەوە، ڕێگایەک بێجگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و مانگرتن و خەبات بۆ گەیشتن بە داخوازییە حەیاتیەکانی لەبەردەمدا نەهێشتوونەتەوە. چینی کرێکار دەتوانێ بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێکخراو و بە بەرنامە و لەژێر ڕێبەریی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی چەپ و سۆسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاریدا، ڕژیم وادار بە پاشکشە و تەسلیم بکەن لەبەرانبەر خواست و داواکاریەکانیاندا. بەڵام دابین بوونی ژیانێکی شایستە و ئینسانی لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی دیکتاتۆری سەرمایەداری ئیسلامیدا نامومکین بووە و لە کۆتاییدا لە گرەوی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە و دامەزراندنی حاکمیەتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەکێش دایە.