کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوە، خەڵکی تاران بە سەرسوڕمانەوە دیتیان کە کازم سەدیقی لەبری ئەوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی بە تاوانی دزی و گەندەڵی لە دادگا لەبەردەم لێپێچینەوەدا بێت، لەسەر سەکۆی نوێژی هەینی دەرکەوت. ئیمام جومعەی تاران ڕاستەوخۆ لەلایەن خامنەییەوە دەستنیشان دەکرێت و هێشتنەوەی سەدیقی لەم پۆستەدا لەلایەن خامنەییەوە لە ڕاستیدا، بێ ڕێزی کردنێکی بە ئانقەست و ئاشکرا بوو بە بیروڕای گشتی ئێران. دیکتاتۆر بەمجۆرە ئەو پەیامەی نارد کە: خەڵک مافی ئەوەیان نییە کە پێ بنێینە ناو بازنەی دەسەڵاتی خۆی و نزیکەکانی. دزی و گەندەڵی سەدیقی، تنۆکێکە لە دەریایەک لە کۆماری ئیسلامیدا. سەروەت و سامانێکی کە لە دەست ئاخووند و بەرپرسە باڵاکاندا کەڵەکە دەبێت، لە حیساب نایەت. شەخسی خامنەیی لە لووتکەی مافیایەکی ئابووریی پتر لە سەد ملیارد دۆلاری دایە. لە دوای شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، ڕەفسەنجانی و بنەماڵەکەی بوونە نموونە و هێمای گەندەڵی. لەو قۆناغەدا تەنانەت ڕادەیەک لە گەندەڵی بۆ پێشکەوتنی ئابووریی بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا بە پێویست دەزانرا. لە سەردەمی خاتەمیدا ئەم ڕەوتە بەردەوام بوو تا گەیشتە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد. ئەگەرچی ئەحمەدی نژاد بە دروشمی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی هاتە سەرکار، بەڵام لە سەردەمی ئەودا ئاستی گەندەڵی ئابووریی بەڕادەیەکی زۆر پەرەی سەند. لە سەردەمی ناوبراودا نەک هەر گەندەڵکار و دز و ڕانتخۆر زۆرتر بوون، بەڵکوو کەسانی وەک محەممەد ڕەزا ڕەحیمی جێگری یەکەم و حەمید بەقایی جێگری جێبەجێکار، جێگە و پێگەشیان بەدەستهێنا. شەخسی ئەحمەدی نەژاد دەستی بەناو جانتاکەدا کرد و تەنیا لە یەک حاڵەتدا سەد ملیارد تمەن باجی لە سندووقی بیمەی ئێران ئەستاند.

گەندەڵی ١٣ هەزار ملیارد تمەنی بابەک زەنجانی هەر لەو دەورەیەدا ڕوویدا. لە سەردەمی ڕۆحانیدا دزییەکان گەورەتر بوون. بۆ نموونە جگە لە گەندەڵی براکەی، دەرکەوت کە سادق لاریجانی، سەرۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەری، ٦٣ حسابی بانکی هەبووە. بڕی هەزار ملیارد تمەن کە لەژێر ناوی سوودی کەفالەت و ئەو زیانانەی کە دەبوو بە دەسەڵاتی دادوەری بدرێت، ئاشکرا بوو کە خراوەتە سەر حسابە، تایبەتەکانی و وترا کە تەنیا سوودی بانکیی ئەو پووڵە ٢٠ ملیارد تمەنە. هەروەها گەندەڵی گەورەی شیرکەتی هۆڵدینگ یاسی سپا، ساڵی ٩٦ لە سەردەمی ڕۆحانیدا ئاشکرا بوو کە پەروەندەیەکی دیکەی بە دزییەکانی قاڵیباف و بەشێک لە فەرماندەکانی ڕژیم زیاد کرد. هەر لەو ماوەیەدا بابەتی گەندەڵی لە بواری دەرمانسازیدا لە ڕاگەیەنەرە حکوومەتییەکاندا بڵاو کرایەوە. سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستی لە کابینەکەی ڕۆحانی ڕایگەیاند، کاتێک لە ساڵی ٩٧دا ئەو وەزارەتەی وەرگرتووە،گەندەڵی لەبواری دەوا و دەرمان لە ئاستێکی چاوەڕوان نەکراودا بووەو جگە لەگەندەڵی ٥٠ هەزار ملیارد تمەنی لە بواری پزیشکیدا، وتی، نازانین یەک ملیارد دۆلاری ئامێر و کەرەستە پزیشکییەکانیان لەکوێ خەرجکردووە. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە بوونیمافیایەکی بەهێزی گەندەڵی لەم بوارەداکرد و وتی کە٨٠ ملیارد تمەن تەنیا بۆ ڕاگەیاندن لە دژی وەزارەتی تەندروستی خەرج کراوە“. وەزیری تەندروستی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پرسی چارەنووسی نادیاری یەک ملیارد و سێ سەد ملیۆن دۆلار لە بواری کەرەستە پزیشکییەکانی دووپات کردەوە. دزی و گەندەڵی لە دەورەی سەرۆک کۆماریی ڕەئیسی دا گەلێک زیادی کرد، کە چەند نموونەیەکیان ئاشکرا بوون. سەرەتا گەندەڵی منداڵەکانی عەلی شەمخانی دەرکەوت و پاشان نۆرە گەیشتە چای دێبش. گەندەڵی لە بەشی پیشەسازی شەکر و فولاد، کە لە لایەن کرێکارانی خەباتکارەوە لەقاو درا، لە دەورەی ئەم سەرۆک کۆمارە بەناو دژە گەندەڵیەدا دەرکەوتووە. ئێستا پەروەندەی کازم سەدیقی، وتەبێژی خامنەیی بەسەردەستی ڕەئسییەوە ماوەتەوە.

لە کاتێکدا کە داسی مەرگ، بە تایبەت دوای شۆڕشی ژینا، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی موحسین ئێژەیی بەسەر دەسەڵاتی قەزایی و سەرۆکایەتی ڕەئیسی جەلاد بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، گیانی شەریفترین و پاکترین ئینسانەکانی لە زیندان و دەرەوەی زیندان کردبووە ئامانج، دز و تاڵانچییەکان هەروا بە ئازادی لەسەر کارەکانیان بەردەوام بوون و ئێستاش هەن. ئەوەی سەبارەت بە گەندەڵی باسکرا، دڵۆپێک بوو لە دەریایەکی گەورە. گەندەڵی کۆڵەکەی مانەوەی کۆماری ئیسلامییە. هەروەها گەندەڵی لە دەست گروپە مافیاییە بەهێزە جۆراوجۆرەکاندا ئامرازێکیشە بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی ناوخۆیی. ئەم گەندەڵییە هێزێکی سەرکوتگەری نەزان و کۆنەپەرستی لە دەوری بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات کۆکردووەتەوە. ئەوان دەتوانن لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی ناوخۆییدا، لە بەرژەوەندی هێزە باڵادەستەکاندا بەکار بهێنرێن. ئەو هێزە ئەوپەڕی دڕندەیی و سەرکوتگەری خۆی لەناو زیندانەکان و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەماوەری ناڕازی بە تایبەت لە ساڵانی ٩٦ و ٩٨ و هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا نیشان دا. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا کارایی جۆراوجۆری هەیە، بە ڕێگەدان بە دز و گەندەڵکارێک که ببێتە وتاربێژی نوێژی هەینی ئەم دواییە، مانایەکی تایبەتی دەبەخشێت. باندی خامنەیی، کە لەژێر گوشاری ئیسرائیل و ئەمریکادا تووشی سەرلێشێواوی بوون، بە ئاشکرا دەڵێن کە ئیمتیاز دەدەن بە دارودەستەکانی نزیک لە خۆیان، تەنانەت ئەگەر گەندەڵییەکانیشیان بۆ خەڵک ئاشکرا بووبێت. چونکە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان پێیانە. پێویستە وڵامی بێشەرمیی ئەو دز و جەردە دەسەڵاتدارانەی، کە ئاوا بێباکانە جێگە و پێگە بە کەسێکی گەندەڵ و فێڵبازی وەک سەدیقی دەبەخشن، بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەو ڕژیمە و دامەزراندنی حکومەتێکی کە لە خزمەت بەرژەوەندی زۆرینەی هاووڵاتیاندا بێت و گەندەڵی لە کۆمەڵگادا ڕیشەکێش بکات، بدرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-