لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ئێران، مانگرتن و ناڕەزایەتیی رۆژانەی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی زەحمەتکێش و هەژار لە زۆربەی شار و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دایە. گوشارەکانی سەرچاوە گرتوو لەم قەیرانە گەیشتۆتە جێگایەک کە کرداری هەڕەشە ئامێز و سەرکوتگەرانەی ڕژیمیش نەیتوانیوە ئەوان لە چوون بە دوای دەستەبەر کردنی ویست و داخوازیەکانیاندا سارد بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ نزیک بوونەوەی زەمانی داسەپاندنی دەوری دووهەمی تەحریمەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران، نیگەرانی سەرجەم حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە سەر هەڵدانی ئاخیزی جەماوەریی بە هۆی بارودۆخی شپرزەی ئابووری زیادی کردوە. بەرەو ڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخە لەوێوە کە ڕژیم ڕێگا چارەی عەمەلی و مەنتیقی بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری و بهرهو ڕوو بوونهوه لهگهڵ ئاسەوارە وێرانگەرەکانی تەحریمی ئەمریکای نییە، دەست ئەداتە کرداری فریوکارانە و بێ حاسڵ کە خۆیشی دەزانێت ناتوانن چارەی کار بن. لەم پێوەندەدا رۆژی یەکشەممە ٢٩ی مانگی ڕەزبەر بانکی ناوەندی ڕژیم باسی لە ئامادە بوونی گەڵاڵەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئەرزی بە ئامانجی بەرگرتن لە دابەزینی زیاتری ئەرزشی تەمەن کرد کە گۆیا بەستەیەکی ١٠ مادەیی لەخۆ گرتوە. ئەگەرچی ناوەرۆکی مادەکانی ئەو تەرحە هێشتا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە بۆچوونی کارناسانی ئابووری لە ئێستاوە دیارە کە ئەم تەرحەش وەک گەلێیکی تر لە گەڵاڵەکانی تا ئێستای بانکی ناوەندی نەتەنیا ناتوانێ کێشە ئابووری و ئەرزیەکانی دەوڵەت چارەسەر بکات بەڵکوو دەبێتە هۆی پشێوی زیاتر لە بازاڕی ئەرزدا. بەرز بوونەوەی کەمی ئەرزشی تەمەن لە حەوتوی ڕابردودا بۆ ١٣ ههزار و ٦٠٠ تمەن لە بەرانبەر دۆلار دا دوای هەڵکشانی زۆری نرخی ئەرزە دەرەکیەکان لە مانگەکانی ڕابردوودا، نەک بە پێی تهوهڕۆم و ڕەوتی ئاسایی بازاڕی سەرمایە بەڵکوو ئاڵوگۆڕێکی نا واقعی و شۆک دەرمانی کاتیی بووە کە لە ئاکامی کەم کردنەوەی دەست کردی تمەن لە بازاڕدا و هێندێک کرداری بچوکی تر روویداوە. ئەم جۆرە بەناو ڕێگا چارانەی بانکی ناوەندی ڕژیم بە مەبەستی فریودان و لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتنی خەڵک بووە و چەند رۆژ زیاتر دەوام ناهێنێ.
لە لایەکی دیکەوە لە ڕاستای بەرەو پێش بردنی ئەم سیاسەتانەدا و بۆ بەرگرتن لە داڕمانی زیاتر نرخی تەمەن، ڕژیم دەستی داوەتە پێکهێنانی شوڕایەک بە ناوی “شوڕای هائاهەنگی ئابووری”. بە پێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵنێری تەسنیم رۆژی یەک شەممە ٢٩ی مانگی ڕەزبەر ئەم شوڕایە کە سەرۆکی هەر سێ قوەی ڕژیمیش تێیدا ئەندامن، یەکەم جەلەسەی نا ئاشکرای خۆیان لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی پێکهێنا. لە ناوەرۆکی دەقیقی ئەم جەلەسەیەش ڕاپۆرتێک بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام بە پێکهاتەی ئەندامانی ئەم شوڕایەدا دەکرێ بەو ئاکامە بگەین کە ئامانجی ڕژیم لە پێکهێنانی ئەم شوڕایە دۆزینەوەی ڕێکارێکی عەمەلی و تەخەسوسی بۆ کەم کردنەوەی قەیرانی ئابووری و پشێویی لە بازاڕدا نییە، بەڵکوو کردارێکی ئەمنیەتی و پێشگیرانەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ ناڕەزایەتیی و ئاخیزە جەماوەریەکان لە ئێران کە ڕژیم بە خراپرتر بوونی بارودۆخی بەڕێچوون بە تایبەت دوای دەست پێکردنی دەوری دووهەمی تەحریمەکانی ئەمریکا چاوەڕوانی دەکات. دەنا حوزوری کەسێکی وەک سادق لاریجانی سەرۆکی قوەی قهزاییەی ڕژیم، لە شوڕایەکی ئابووریدا، کە تەنیا شارەزایی ئەو بۆ بەرەنگار بوونەوە لهگهڵ گرفتی ئابووری، هیچ شتێک نییە بێجگە لە کرداری توندووتیژ ئامێز و کوشتن، چ واتایەکی دەکرێ هەبێت.
له ڕاستیدا وەرشکست بوونی ئابووری ڕژیم ئاکامی قەیرانێکی چەند لایەنەی ئابووریی نیزامی سەرمایەداری و پێکهاتەی سیاسی کۆماری ئیسلامییە کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا قوڵ تر و بەرینتر بۆتەوە. بەم جۆرە بارودۆخی شپرزەی ئابووری کۆماری ئیسلامی لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ئۆلگوی ئابووری نیئۆلیبڕاڵی پەیڕەوی کردووە و ملکەچی یاسامنەدیەکانی بووە. ڕژیم ناچار بووە نوسخە و مەرجی ناوەندە جیهانیە ماڵیەکانی سەرمایەداری قەبوڵ بکات. بۆ نمونە بەم دواییە ناچار بە پەسند و قەبوڵ کردن لایەحەی پەیوەست بوونی کۆماری ئیسلامی بە کۆنوانسیۆنی بهرهنگار بوونەوە لەگەڵ تەئمینی ماڵی تیرۆریزم بوو کە سەرەڕای دژایەتیی زۆر لە ئاستی خوارەوە، لە لایەن مەجلیس و شوڕای نیگابانەوە پەسند کرا.
ئاشکرایە کە تەرح و کردارەکانی سەرانی ڕژیم و ناوەندە سیاسی و ئابووری و ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن ڕێگا چارەیەک بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابووری بدۆزنەوە. بێ گومان ڕەچاو کردنی تەحریمی جەنایەتکارانەی ئەمریکا بارودۆخی ئابووری خراپتر و ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و کەم داهاتی ئێران توشی فەلاکەتی زیاتر دەکات. لەگەڵ ئەوەدا کۆماری ئیسلامی داماو تر لەوەیە کە بتوانێ تەنانەت بەبێ بوونی هیچ جۆرە تەحریمێکیش بەسەر قەیرانی ئابووریدا زاڵ بێت. کەوایە ڕژیم هەوڵی داوە و هەوڵ ئەدات تا باری قورسی بارودۆخی تێک ڕماوی ئابووری بخاتە سەر سفرەی بەتاڵی خەڵکی ستەم دیتوی ئێران. سەرمایەداران و کەسانی دز و گەندەڵی نێو بازنەی نیزام نە تەنیا لە داسەپانی تەحریمەکان توشی خەسارێکی ئەوتۆ نایەن بەڵکوو وەک ڕابردوو، خۆیان بۆ سوئیستیفادە لە دەرفەتی تەحریمەکان بۆ تاڵان و بڕۆی زیاتر ئامادە دەکەن.
کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە سەڵاحیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و دابین کردنی نیازەکانی ژیانێکی شیاوی ئینسانی بۆ جەماوەری خەڵکی ئێرانی نییە. کەوایە لە بەرانبەر بارودۆخێکی فەلاکەتباری ئابووریدا کە ڕژیم بەسەر کرێکاران و جەماوەری بێبەشی ئێرانیدا سەپاندوە، ڕێگایەک بێجگە لە پەرەدان و بەردەوامی دان بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕێكخراو و خاوەن بەرنامە بۆ لەنێو بردن و روخاندنی کۆماری ئیسلامی سەرمایەداری وەک هۆکار و سەبەبکاری سەرەکی دروست بوونی بێکاری و هەژاری و برسیەتی خەڵکی ئێڕان بوونی نییە.