ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی ده‌ستبه‌سه‌رکراوی خەڵکی گوندی “دێوەزناو” سەر بە شاری سەوڵاوا بە ناوی “مێعراج مورتزایی” تەمەن ٣٥ ساڵ، پاش ٣٦ ڕۆژ لە ده‌ستبه‌سه‌رکرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆیان دەبوێرن. شایانی باسه، “مێعراج مورتزایی” لە ماوەی ده‌ستبه‌سه‌رکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، “مێعراج مورتزایی” ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، پاش بانگ كرانی بۆ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوو. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری ده‌ستبه‌سه‌رکرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.