کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نا بۆ شەڕی ئیمپریالیستی، بژی سۆسیالیسم

photo 2022 02 25 12 03 25

ئەرتەشی ڕووسیە بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی فێوریەی ٢٠٢٢، بەرابەر لەگەڵ ٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٠، ناوەندە نیزامییەکانی ناو خاکی وڵاتی ئۆکراینی کردە ئامانجی مووشەک و بۆمب. ولادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیە، ئیدیعای کرد کە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتی دەستپێکردووە کە ئامانجی داگیرکردنی ئۆکراین نییە، بەڵکوو گۆیا لەسەر داوای خەڵکی دۆنباس(پێکهاتوو لە کۆمارییەکانی دۆنێتسک و لوهانسک)  و بەمەبەستی پاراستنی خەڵکی ڕۆژاوای ئۆکراین ئەنجامی دەدات. ناوبراو ئیدیعای کرد کە بەنیازە وڵات لەژێر باری نیزامیگەری و زاڵبوونی نازییەکان بێنێتە دەرێ. لەڕاستیدا ئەم ئۆپراسیۆنە بە مەبەستی ڕووخاندنی حکوومەتی دەستی ڕاستی و توندڕەوی زێلنێسکی ئەنجام دراوە کە بە بەرەی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا پەیوەست بووە و ئامانج دانانی دەسەڵاتێکی جێنشینە کە ژێرفەرمانی ئیمپریالیسمی ڕووسیە بێت. لێرەدا کابینەی پوتین لە تەبلیغاتی جەنگیی خۆیدا لە بیرەوەریی مێژوویی ڕووسەکان سەبارەت بە جەنایاتی نازییەکان لە خاکی یەکیەتیی سۆڤیەت لە جەرەیانی شەڕی جیهانی دووهەم کەڵکی وەرگرتووە و بەردەوام کەڵکیشی لێوەردەگرێت.

ئۆپراسیۆنی ئەرتەشی ڕووسیە پاش ئەوە دەستیپکرد کە ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور(ناسراو بە ناتۆ)، نەخشەی قەدیمیی ئامادەکراوی خۆی بۆ وەرگرتنی ئۆکراین وەک سی و یەکەمین ئەندام خستە دەستووری کاری خۆیەوە. لە ڕوانگەی هەیئەتی دەسەڵاتداری ڕووسیەوە ئەم کردەوەیە گرێبەستە پێشووە واژۆکراوەکانی سەبارەت بە وەرنەگرتنی ئۆکراین وەک ئەندامی ناتۆی پێشێل دەکرد و ئەمنییەتی ڕووسیەی دەخستە مەترسییەوە. چونکە ئەگەر ئۆکراین بە ناتۆ پەیوەست بێت، لە گەلێک پوان بەهرەمەند دەبێت کە یەکیان بریتی دەبێت لە: “ئەگەر ئەندامێکی ناتۆ هێرشی بکرێتە سەر، باقیی ئەندامانی دیکە ئەرکی سەر شانیانە کە دیفاعی لێ بکەن.” پووتین کە هەمیشە ئۆکراینی وەک بەشێک لە ڕووسیە پێناسە کردووە، داوای لە سەرانی ناتۆ و دەوڵەتی ئەمریکا کرد کە لە پەیوەست بوونی ئۆکراین بە ڕیزەکانی ڕێکخراوەکەیان چاوپۆشی بکەن و پاشەکشە بەو چەکە هێرشبەرانە بکەن کە لە ئۆرووپای ڕۆژهەڵات جێگیرکراون. بەڵام ئەوان ئەم پێشنیارەیان ڕەت کردەوە. ئەرتەش و کابینەی پوتین بۆ نیشاندانی عەزمی ڕووسیە لە ڕێگری لە پەیوەستبوونی ئۆکراین بە ناتۆ، مانۆرێکی هاوبەشی گەورەیان لەگەڵ بێلاڕووس بە ١٥٠ هەزار سەربازەوە لە سنووری ئەو وڵاتە ڕێکخست و بەڕێوەبرد. دەوڵەتانی ئەمریکا و بریتانیاش ژمارەیەکی زۆر چەکی بەڕواڵەت بەرگرییان ڕەوانەی ئۆکراین کرد و گەمارۆ ئابوورییەکانی پێشوویان لەدژی ڕووسیە توندتر کردەوە. ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە، وێڕای دیدار لەگەڵ پوتین لە مۆسکۆ بە میدیاکانی وت کە پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ڕووسیە بەڕەسمی بناسرێت. ئەو بەمجۆرە ڕیزی حکوومەتی فەڕانسەی لە دەوڵەتانی ئەمریکا و بریتانیا جیاکردەوە. دەوڵەتانی ئیتالیا و ئۆتریشیش، کە یەکجار پێویستیان بە گازی ڕووسیەیە، هەڵوێستێکی هاوشێوەیان گرت. دەوڵەتی ئاڵمان سیاسەتی پشتیوانی لە حکوومەتی زێلنێسکیی گرتەبەر و هێندێک گەمارۆی دژبە ڕووسیە دانا بەڵام هاوکات خوازیاری چارەسەرکردنی مەسەلەکە بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هەردوو لایەنی کێشەکە لەڕێگەی دیپلۆماتیکەوە بوو.

حکوومەتی زێلنێسکی، کە بەرهەمی کودتای مەیلەو ڕۆژاوایی ٢٠١٤یە، لە گەرمەی ئەم هەڵوێستگیریانەدا لە ڕێکەوتی ١٧ی فێوریە،  هێرشەکانی بۆسەر دوو ئەیالەتی دۆنێتسک و لوهانسک توندتر کردەوە کە لە ٢٠١٤ەوە سەربەخۆییان ڕاگەیاندبوو و لەبەرامبەردا لەگەڵ خۆڕاگریی بەرینی ئەوان بەرەوڕوو بووەوە.کابینەی پۆتین لە ٢١ی فێوریەدا لەڕێگەی دەنگی پارلەمانەوە سەربەخۆیی ئەم دوو ئەیالەتەی بەڕەسمی ناسی. دەوڵەتانی ئەمریکا، یەکیەتیی ئۆرووپا، ئۆسترالیا و ژاپۆن ئەم کردەوەیان مەحکووم کرد. هەیئەتی دەسەڵاتداری چین، کە بێگومان لە بەرەی ڕووسیە دایە، بەبێ بەڕەسمی ناسینی ئەم دوو ئەیالەتە، ئەم کردەوەیەی بە هۆکاری توندبوونەوەی کێشمەکێشەکان پێناسەکرد و خوازیاری خۆپارێزیی لایەنەکان بوو.

کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی ئیمپریالیستی بەر لە هەمووان دووکەڵەکەی دەچێتە ناو چاوی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوەوە. هەر لەئێستاوە دەسەڵاتی زێلنێسکی بە کەڵک وەرگرتن لەم قەیرانەی کە پێکهاتووە سەرەتا مانگرتنی کرێکاری و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ئازادیخوازانەی قەدەغە کرد و پاشان بە ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامی هەموو ئازادییەکی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی تا  ئاگاداری دوایی سنووردار کرد. لە ڕووسیەش بەپێی بەیانییەی هێزە کۆمۆنیستەکانی ئەم وڵاتە، ئەم هێرشە نیزامییە بۆ پوتین و دارودەستەکانی ئەو دەرفەتە دەخوڵقێنێت تا ئەنترناسیۆنالیستەکان زیاتر بخەنە ژێر گوشار و بەربەستەوە. ئەوان هاوکات ئەم هەلەیان بۆ دەڕەخسێت تا سەرپۆشێک لەسەر ناڕەزایەتیی کرێکاران دژبە هەژاری و دیکتاتۆری و سەرمایە دابنێن و بیروڕای جەماوەری خوازیاری خۆشبژێوی و ئازادی لەپێناو بەهێزکردنی شۆوێنیسمی ڕووسی سنووردار بکەن. هەر بەم شێوەیە حکوومەتی ئەمریکاش هەوڵ دەدات تا بە پەرەپێدانی تەبلیغاتی شەڕ کێشە ناوخۆییەکانی بخاتە پەراوێزەوە. دەوڵەتی ئەمریکا هەروەها بەنیازە لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرێت و ئەو وڵاتە ئۆرووپاییانەی کە مشتەریی گازی ڕووسیەن ناچاریان بکات تا گرێبەستەکان هەڵوەشێننەوە و گازی پێویستیان لە ئەمریکا بکڕن. کۆمپانییە ڕووسیەکان ٤٠ لەسەدی گازی ئۆرووپا دابین دەکەن.

هەر دوو لایەنی ئەم ململانێ و کێشمەکێشە تەبلیغاتی و نیزامییەی کە باسیان لێکرا، داگیرکەر و دژی کرێکاری مافخواز و دژی ئازادیخوازانن. کۆمۆنیستە ئەنترناسیۆنالیستەکان ئەرکی سەرشانیانە تا کردەوەی جۆراوجۆری هەر دوو لایەنەکە و بەتایبەت شەڕی دژەشۆڕشگێڕانەی ئێستا کە دژبە خەڵکی ئۆکراینە مەحکووم بکەن و لەسەر پێویستیی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی سیڤیل پێداگری بکەن. پێویستە لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی دۆنێتسک و لوهانسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین و دانیشتووانی ڕۆژاوای دیفاع بکرێت. بەڵام لە هەمان حاڵدا سەرۆکانی لایەنگری ڕووسی دەسەڵاتدار بەسەر هەر دوو  ئەیالەتەکە، کە چالاکیی کۆمۆنیستەکانیان قەدەغە کردووە، مەحکووم بکرێن.