دوای داخستنی کاتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی «مارال سەنعت» لە ورمێ و بێکاربوونی نزیکەی ١٥٠٠ کرێکار، ژمارەیەک لە کرێکاران دەستیاندایە ناڕەزایەتی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی «مارال سەنعت» لە ورمێ چالاکییەکانی وەستاندووە. بەدوای ئەم ڕووداوە، نزیکەی ١٥٠٠ کرێکار کە گرێبەستیان هەبووە، بەبێ دانی حەقدەستەکانیان لەسەر کارەکانیان دەرکراون. هەندێک لە کرێکارە خاوەن پێشینەکان، بۆ ماوەی سێ مانگ، بۆ وەرگرتنی موچەی بێکاری ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کار کراون. هەروەها ژمارەیەک لە کرێکارە تازەکارەکان، کە زۆربەیان شۆفێر بوون، لە کار دەرکراون. بەپێی زانیارییەکان، کەمی سەرچاوەی دارایی و بێتوانایی لە دابینکردنی ماددەی سەرەتایی وەک ئاسن و فۆڵاد، بۆتە هۆی داخرانی کاتیی و دەرکردنی هێزی کار لەم کارخانەیە.
