رۆژی پێنجشەممە 4ی مانگی رەزبەر، کۆمەڵێک لە کرێکارانی فولادی سێمنان لە ناڕەزایەتی بە نەبوونی واکسەنی کۆڕۆنا و گیرۆدە بوونی ژومارەیەکی بەرچاو لە هاوکارەکانیان بەو ویرووسە، کۆبوونەوە.
یەکێک لە کرێکاران دەڵێ: “18 مانگ لە بڵاو بوونەوەی ویرووسی کۆڕۆنا تێدەپەڕێ و ئەوان بەردەوام ناچار بە کار کردن بوون و لەبەر ئەوە زۆربەی کرێکاران گیرۆدەی ویرووسەکە بوون”. هەروەها دەڵێ: “لەو دۆخە نالەبارە ئابوورییە داو بە هۆی گرانی دەوا و دەرمان بنەماڵەکانمان تووشی تەنگ و چەڵەمی زۆر هاتوون”. شایانی باسە کە خواستی واکسیناسیۆنی خێرا و خۆڕایی تەنیا خواستی کرێکارانی سێمنان نییەو بەشەکانی دیکەی چینی کرێکار و هەموو کۆمەڵگای گرتووەتەوە. بە دەسپێکی پەیکی پێنجەمی کۆڕۆناو قەیرانی بوونی زیاتری دۆخەکە، بە پێی ئامارە فەڕمییەکان، رۆژانە زیاد لە 600 بۆ 700 کەس گیانیان لە دەست دەدەن. چوونە سەرەوەی رێژەی قوربانیان کۆڕۆنا هەموو بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکاری بۆ دابین کردنی واکسیناسیۆنی خێرا و خۆڕایی بەڕیز کردووە و لە هەموو ناڕەزایەتییەکاندا یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانە.