١١ کەس لە کرێکارانی خاوەن پێشینەی کارخانەی «سامان کاشی بروجێرد » ڕۆژی شەممە ٢٢ی خاکەلێوە دوای ١٠ ساڵ لە داخستنی ئەم ناوەندە بەرهەمهێنەرە، خوازیاری حەقدەسته دواخراوەکانیان بوون.
کارخانەی «سامان کاشی بروجێرد » لە پارێزگای لوڕستان، لەنێوان مانگی خەرمانانی ساڵی ۹۲ تا ساڵی ۹۶، بەهۆی کێشەی داراییەوە، لەلایەن خاوەنکارەوە بە تەواوی داخرا و سەرجەم ۷۵ کرێکارەکەی بێکار بوون. لەو کاتەوە تا ئێستا، هێشتا بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانی نزیکەی ١١ کرێکار لەم یەکەیەدا نەدراوە. یەکێک لەم کرێکارانه وتی کە ئەوان بەهۆی کێشەی بیمەوە، لەگەڵ ئەوەی کە ١٠ تا ١٧ ساڵ پێشینەی کارکردنیان هەیە، ناتوانن خانەنشین بن. ئەو کرێکارە هەروەها وتی کە بڕیار بوو ئەگەر کارخانەکە دووبارە دەست بە کار بکاتەوە، حەقی بیمەکەیان بۆ پەرداخت بکرێت، دەرفەتی خانەنشینییان بۆ دابین بکرێت. بەڵام، سەرەڕای ئەوەی کە کارخانەکە لە نزیکەی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ۱۴۰۳ەوە چالاکیی خۆی دەستپێکردۆتەوە، نەک هەر نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەڵکوو سەرەڕای بوونی بڕیاری دادگا سەبارەت بە گرتنی هەندێک لە ئامێرەکانی کارخانە، هێشتا داواکارییەکانیان وەڵام نەدراوەتەوە.
