ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ، ژمارەیەک لە کارمەندانی دەرمانخانەکانی پارێزگای کرماشان، لە درێژەی ناڕەزایەتییە پیشەییەکاندا، دژ بە خراپی بارودۆخی کار و کێشە قورسە ئابوورییەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
نوێنەری کارمەندانی ناڕازی ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە دەرمانخانەکان بەشێکن لە سیستەمی دەرمان و تەندروستی وڵات، بەڵام کارمەندەکانیان وەک ملیۆنان کرێکاری دیکە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بەدەست کەمبوونی حەقدەست و نەبوونی ئاسایشی پیشەییەوە دەناڵێنن. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی کرێی دووکان، کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خەڵک و دابەزینی فرۆشی دەرمان، دۆخی دارایی زۆربەی دەرمانخانە تایبەتەکانیش ڕووبەڕووی ئاستێکی خراپ بووەتەوە و ئەمەش گوشارێکی زیاتری خستووەتە سەر بژێوی کارمەندان.
