سەلمان پادشای عەرەبستان، لەگەڵ ٥٠٠ ئەندامی بنەماڵەکەی و ٥٠٠ مهلازم رۆژی شەممە ٢٤ ی ژوئیە بەرابەر لەگەڵ دووی مانگی گەلاوێژ، بۆ بەسەر بردنی پشوی هاوینەی سێ حەفتەیی چوو بۆ شاری نیسی فەڕانسە و لەوێشەوە بۆ ساحیلی میراندول هەڵکەوتوو لە لێوارەی “ریویرا”ی ئەم وڵاتە. کاربەدەستانی دەوڵەتیی ئەم ساحیلەیان بە بیانوی پاراستنی ئەمنیەتی پادشا و هاوڕێیهکانی قورخ کرد و بە رووی خەڵکدا دایانخست. ئەم کاربەدەستانە هەروەها نزیک بوونەوەی قایق و کەسەکانیان لە ئاودا تا مەودای ٣٠٠ میتری ساحیلەکە قەدەغە کرد. بەشێکی بەرین لە خەڵکی ئەم ناوچەیە، دانی وەها ئیمتیازاتێکیان بە پادشای گەندەڵ و دەرباریەکانی بە پێچەوانەی ئەرزشە ئینسانیەکان زانیوە کە بۆ دەستەبەر کردنیان خەباتێکی زۆریان کردووە. بەم هۆیەوە ناڕەزایەتیەکی بەرین لەدژی کاربەدەستانی فەڕانسە و شا سەلمان کەوتە ڕێ. یەکێک لە شێوەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان ئامادە کردنی تۆمارێکە کە زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەس ئیمزایان کردوە و ژمارەی ئیمزاکانیش بەردەوام روو لە زیاد بوونە.یەکێک لە دانیشتوانی ناوچەکە بە راگەیەنەرەکانی وت: “چەندین دەیەیە سەرانی وڵاتان و لەوانە ئەندامانی بنەماڵەی سەڵتەنەتی عەرەبستان دێنە ئەم ساحیلە، بەڵام قەت هیچ کابینەیەک جورئەتی ئەوەی نەبووە ئەم ناوچەیە پاوان و قورخ بکات. لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا ئەم ساحیلە هی هەموانە. ئەمساڵ چی رویداوە کە حکومەت وەک دوژمن دەڕوانێتە ئێمە و فەزیلەتی کەسەکان تەنیا لەبەر پارە و پێگەیان لە ئێمە بە گرینگ تر دەزانێ؟”
وڵامەکە روونە، تامی شیرینی معامەلاتی چەند ملیارد دۆلاری چەک لەگەڵ پادشای عەرەبستان و شێخەکانی تری ناوچەکە لەژێر زمانی رێبەرانی دەوڵەتی فەڕانسەدا مەزەی داوەتەوە. ساڵی رابردوو دەوڵەتانی کەنداو، وەک عەرەبستان، کڕینی نزیکەی ١٠٠ ملیارد دۆلاریان بە هەناردەکارانی چەک سفارش دا. لەم ساڵەدا سەرمایەدارانی فەرانسەوی و دەوڵەتەکەیان بوونە یەکێک لە هەناردەکارانی گەورەی چەک بۆ وڵاتی پادشاهی عەرەبستان. ئەوان لە نوامبری ساڵی ٢٠١٤ لە معامەلەیەکدا ٣ ملیارد دۆلار چەکیان بەم حکومەتە فرۆشت. ئەوان ٣ ملیارد دۆلار چەکیشیان لەگەڵ لوبنان معامەلە کرد کە پارەکەی لە لایەن عەرەبستانەوە پەرداخت کرا. بۆ بەردەوام بوونی ئەم معامەلانەی مەرگ و جەنایەت و نزیک کردنەوەی زیاتری پادشای عەرەبستان لە حکومەتی فەرانسە “فەڕانسوا ئۆلاند” سەرۆک کۆماری فەرانسە و تیمی هاوڕێی، لە مانگی مەی ئەمساڵدا چوون بۆ قەتەر و دوای ئیمزا کردنی قەراردادێکی فرۆشتنی چەک بە بڕی ٦ ملیارد و هەزار ٣٠٠ یۆرۆ چووە ڕیاز پێتەختی عەرەبستانی سعودی. راگەیەنەرەکان نووسیان کە ئەوان هیوادارن لەگەڵ شیرکەتێکی فرۆشیاری چەک، شیرکەتێک لە بواری پرۆژە نەوتیەکان و کەشتی رانیدا، قەراردادێکی ١١ میلیارد یۆرۆیی لەگەڵ پادشای عەرەبستان ببەستن. پەزیرایی بێوێنە لە سەلمان شا لە ساحیلی باشوری فەڕانسە و پێشێل کردنی مافی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەسەر ناوەرۆکی ئاوا بابەتێک بەڕێوەچووە و خەباتی بە پێچەوانەی خەڵک لەدژی ئەم هەڵسوکەوتەی معامەلەگەرانی دەوڵەتی فەرانسە دەبێ لەم بوارەدا هەڵبسەنگێندرێت.سەلمان پادشای عەرەبستان، یەکێک لە خراپترین و دزێوترین هێماکانی دیکتاتۆڕی، چەوسێنەری، دژە ژنی، جەنایەتکاری، پەرە پێدەری ئیسلامی تیرۆریستی، و دواکەوتوو مانەوە لە دنیای ئەمرۆدایە. ئەو و بنەماڵەکەی بە درێژایی مێژوو لە سایەی پشتیوانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی بریتانیا و ئامریکادا لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە. ئەوان بە گرتنە پێشی سیاسەتگەلی نەوتی و رشتنی پارەی بە دەست هاتوو لە فرۆشی نەوت بۆ گیرفانی سەرمایەدارانی ئەم دوو وڵاتە خزمەتیان بەوان و سیاسەتە ئیمپڕیالیسیەکانی دەوڵەتانیان کردووە. ئەو چەکانەی کە ئەم حکومەتە بۆرژواییانە بە عەرەبستانیان فرۆشتوە لە یەمەن و بۆ کوشتاری خەڵکی بێدیفاع بەکار دێت. بەپێی راپۆرتی سازمانی ملەل ئاکامی هێرشە ئاسمانیەکانی عەرەبستان بۆسەر یەمەن، کە بە پشتیوانی دەوڵەتی ئامریکا بەڕیوەدەچێت، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە تا مانگی جۆزەردان نزیکەی ٢ هەزار کوژراو و ٧ هەزار و ٣٣٠ برینداری لێکەوتوەتەوە کە ژمارەیەکی بەرچاویان منداڵ بوون. سەدان هەزار کەسیش لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا ئاوارە بوون.لەو گرنگترین جەنایەتانەی کە پادشای ستەمکاری سعودی، ئەندامانی بنەماڵەکەی، خاوەنانی دەسەڵات و سەرمایە لەم وڵاتەدا کردویانە لەدژی کرێکارانی کۆچبەر بووە. ئەو راپۆرتانەی کە باس لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم کرێکارانە لە وڵاتی پۆلیسی و داخراو بەرووی دەرەوەدا دەکەن هەموو ئینسانێک دەهەژێنێ. عەرەبستانی سعودی لەسەر شانی کرێکارانی کۆچبەر دروست کراوە. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٣ لە جەمعیەتی ٢٨ ملیۆنی دانیشتوی عەرەبستان ٩ ملیۆنیان کرێکاری کۆچبەر بوون. تەنیا ٤ ملیۆن لەم کرێکارانە ژن و پیاوی خاوەن ئیجازەی ڕەسمی مانەوە و کارن و ئەوانی تر بە دەست خاوەنانی سەرمایه و لە ماڵی دەوڵەمهندەکاندا وەک کۆیلە دەچەوسێنەوە کە چکۆلەترین نارەزایەتی دهبێتە هۆی گرتنیان و دیپۆرت کردنەوەیان. لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی سەرمایەداری و گەیشتنی بە عەرەبستان، پۆلیس و دەزگا ئەمنیەتیەکانی کەوتنە گیانی ٥ ملیۆن کرێکاری بێ ئیجازەی مانەوەی رسمی و لانیکەم یەک ملیۆنیان گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەکانیان. هەر جارێک کە لە لایەن ئەم کرێکارانەوە ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، بەرەوڕووی هێرشی پۆلیس دەبنەوە و تەقەیان لێدەکرێت.ناڕازییان بە پاوان بوونی ساحیلی میراندول لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتیەوە، خوازیاری کرانەوەی هەرچی زووتری ئەم ساحیلە بە رووی خەڵکدا و کۆتایی هاتن بەمجۆرە هەڵاواردنانە بە قیمەتی پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانن کە خەڵکی فەرانسە بۆ دەستەبەر بوونیان دوو شۆڕشی گەورەی سەردەمی سەرمایەداریان بەرپا کردووه.