کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕەزایەتی خانەنشینان لە یەکگرتویی لەگەڵ باقی چین و توێژەکان

44

لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابرودا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە لایەن به‌شێكی زۆر له‌ خانەنشینانی شیرکەت و ئیدارە جۆراو جۆرەکان لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچووە. لەم کۆبوونەوە هاوئاهەنگ و هێندێک جار پەیوەست بەیەکەوانەدا، خانەنشینان نە تەنیا لە ویست و داخوازیەکانی خۆیان بەڵکو لە داخوازی سیاسی و ئابووری کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵیش پشتیوانیان کردوە.

رۆژی شەممە ٢٧ ی مانگی ڕێبەندان ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینانی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە، لە بەردەم دەفتەری کاروباری ماڵی ئەم شیرکەتەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد. ئەوان بە دانی دروشمی دژ بە نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکانی چەند مانگەی خەزمەتیان ناڕەزایەتیان پیشاندا. ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانە لە رۆژانی دواتریشدا درێژەیان هەبوو.

رۆژی چوارشەممە یەکی مانگی ڕەشەمە سەرلەنوێ زیاتر لە٢٠٠ کەس لە کرێکارانی خانە نشینی موجتەمەعی نەیشەکەری حەوت تەپە لەبەردەم بینای مودیریەتی شیرکەتدا لە ناڕەزایەتی بە دەستەبەر نەبوونی داواكارییه‌كان و حقوق و مەزایای دواخراویان دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە تەنیا بۆ مافی دوو ساڵی ڕابردوی ژمارەیەک لە کرێکارانی خانەنشین، نزیکەی ٨ میلیارد تمەنیان پێ قەرزدارە. خاوەنکاری شیرکەت بە بەهرەمەند بوون لە پشتیوانی و پشتگیری کاربەدەستانی حکومەتی ئیسلامی، بە بیانوی جۆراو جۆر خۆی لە دانی ئەو داواکاریانە دەدزێتەوە.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی خانەنشین کراوی حەوت تەپە لە رۆژەکانی ئەم حەفتەیەشدا لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی شیرکەت و بە شێوەی جۆراوجۆر لەوانە بە هەڵدانی خێوەت لە بەردەم درگای چوونە ژوورەوە و بەرو رووی باسکۆڵی شیرکەت، درێژەیان هەبووە. بەڵام لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا ژمارەیەکی دیکە لە خانەنیشینان لە شارەکانی تر لەوانە لە تاران و ئیسفەهان لە ناڕەزایەتی بە سەرنج نەدانی دەوڵەت بە داخوازیەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی زۆریان بەڕێوەبردوە. رۆژی یەکشەممە ٥ ی مانگ ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینانی ئەندامی سندوقە کۆمەڵایەتیەکان، بە بانگەوازێکی هاوئاهەنگی ٥ تەشەکولی خانەنشینان، لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی خراپی بەڕێچوون و ژیانی خۆیان لە بەردەم مەجلیسی شورای ئیسلامی ڕژیم دەستیان کرد بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی. لەو بانگەوازەدا کە لە لایەن تەشەکولە کرێکاری و فەرهەنگیەکانیشەوە پشتیوانی کراوە، نە تەنیا بە نیگەرانی لە درێژەی بارودۆخی غەیرە قابیلی تەحەمولی بەڕێچوونی خانەنشینان ئاماژە کرابوو، بەڵکو سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیشدا کەوتە بەر ناڕەزایەتی. خانەنشینان لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانەی خۆیاندا بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە:”سفرەکانمان به‌تاڵە و بودجەی ساڵی داهاتووی ده‌وڵه‌تیش ئەوە نیشان ئەدات کە بارودۆخەکە خراپتر دەبێت.”

بەڵام خاڵی بەهێزی گرنگی ئەم حەرەکەتە ناڕەزایەتیە وێڕای هاوئاهەنگی و تەوافوقی ٥ تەشەکولی خانەنشینی لە بڵاو کردنەوەی بانگەوازێکی هاوبەشدا بۆ بەرپا کردنی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی، تەرحی کۆمەڵێک دروشمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ پشتیوانی لە داخوازیەکانی خۆیان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵ و لەدژی کولیەتی حاکمیەتی دژی خەڵکی کۆماری ئیسلامی بوو. یەکێک لە دروشمە سەرەکیەکانی خانەنشینان لە مەسیری ڕێپێوانەکەدا لەبەر دەم مجلیسی ئیسلامی بەرەو سازمانی بەرنامە وبوجە، لە حاڵێکدا کە پلاکارد و وێنەی کرێکارانی زیندانییان بە دەستەوە بوو، ئازادی زیندانیانی سیاسی لەوانە ئازادی کرێکاران و مامۆستایان و خوێندکارانی زیندانی بوو. دروشمیان لەدژی هەژاری و گرانی و فریو و درۆی حکومەتی ئیسلامیی ئەدا و ڕژیمیان بە هۆکاری هەژاری و بێکاری و ئیختیناق و نەبوونی ئازادی سیاسی دەناساند. لەوانە دروشمیان ئەدا:” کرێکاری زیندانی- موعەلیمی زیندانی- دەبێ ئازاد بکرێت. دەوڵەت خیانەت دەکات- مەجلیس حیمایەت دەکات. خانەنشین ڕاپەڕە- لەدژی زوڵم و تەبعیز. حقوقی ئێمە ڕیاڵییە- هەزینە دۆلاریە. هاوار هاوار- لەم هەموو بێدادیە. زوڵم و ستەم کافیە- سفرەکانمان خاڵیە.” شیاوی ئاماژەیە لە هەمان رۆژی یەکشەممەدا ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینان لە ئیسفەهانیش لە ناڕەزایەتی بە بەراوردە نەبوونی داخوازیەکانیان، لە بەردەم ئوستانداری ئیسفەهان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد.

خاڵێکی گرنگ و جێگای سەرنجی تر لەم ناڕەزایەتیانەی ئەم دەورەیەدا، پشتیوانی جەماوەری خەڵک و ناوەندە و تەشەکولەکانی دیکەیە لە ناڕەزایەتی خانەنشینان. لەوانە شوڕای هاوئاهەنگی تەشەکولە سینفیەکان لە ڕاگەیاندنێکدا بە تاریخی ٤ ی مانگی ڕەشەمە، پشتیوانی خۆیان لە بانگەوازی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان ڕاگەیاند. لە بەشێک لەم ڕاگەیاندنەدا هاتوە:” هەر ئەڵێی دەستێکی شاراوە لە هەوڵی کپ کردنەوەی دەنگی مافخوازانەی پێشکسوەتان دایە و بە هاوڕێیەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید، ئاستی ئەم ستەمەیان بەرینتر کردۆتەوە. هەموان دەزانن کە بارودۆخی دژواری ئابووری بوارەکەی رۆژ لە رۆژ زیاتر لەم توێژە شەریفە بەرتەسک تر کردۆتەوە. سەرنج نەدانی دەوڵەتیەکان لە بارودۆخی ژیانی ئەم ئازیزانە دەردی نادادپەروەری لە لای ئەوان دوو هێندە زیاتر دەکات.”

درێژەی حەرەکەتی ناڕەزایەتی، بە بەرنامە و هاوئاهەنگی ئەم دواییەی ٥ تەشەکولی خانەنشینان و تەرحی دروشمی سینفی و سیاسی پێوەندیدار بە خۆیان و باقی چین و توێژەکانی هاو چارەنووسیان نیشانەی پەرە سەندن و پێشڕەوی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکە لەدژی ڕژیمی ئیسلامی. ئەمە و ڕاگەیاندنی پشتیوانی و پشتگیری کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵ لە ناڕەزایەتی و داخوازی یەکتر، ناڕەزایەتیی ده‌ربڕین لەدژی کولیەتی ڕژیمی بردۆتە فازێکی ترەوە. ئێستا ئەوان دەزانن کە وەعدە درۆینە و فریوکارانەکانی حکومەتی ئیسلامی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونی جەماوەری خەڵکێک کە بە درێژایی تەمەنی ڕژیم درێژەی هەبووە، پوچ و بێ ب نەمایە. لەبەر ئەوە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران لەوانە خانەنشینان لەم خۆشباوەڕیەدا نین کە سەران و دەست و پێوەندەکانی دز و گەندەڵی ڕژیمی ئیسلامی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچوونی خەڵک بەرنامەیەکیان هەبێت. ئەوان خۆیان دەست بەکار بوون بۆ ئه‌وه‌ی مافەکانیان لە قورگی سەرمایەداران و حکومەتەکەیان دەربکێشن. خانەنشینان، کرێکاران و باقی توێژە هەژار و ستەم دیتوەکان تەنیا بە پەرەدان بە خەباتێکی یەکگرتوانە و ئامانجادار و لە گۆڕنانی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە دەتوانن هیوادار بن لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ڕزگاریان بێت.