لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا به سەدان هەزار کەس لە وڵاتانی ئاڵمان، فەڕانسە و ئیسپانیا دەستیان داوەتە خەبات و ناڕەزایەتی. لە ئاڵمان کرێکاران و کارمەندانی بەشی خزمەتگوزاری دەوڵەتی لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بۆ زیاد کرانی حەقدەستەکان داستیاندایە كۆبوونهوه، مانگرتن و ڕێپێوان. لە فەڕانسە کرێکارانی ڕێگای ئاسن بۆ بەرەنگار بوونەوەی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵییەکانی دەوڵەتی مەکرۆن شەقامەکانیان کردە گۆڕەپانی خەبات و خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکاندا. لە ئیسپانیا خانەنشینان لە ویلایەتە جۆراو جۆرەکانی ئیسپانیاوە هاتبوونە مادرید و قین و توڕەیی خۆیان لەدژی دەوڵەتی ئیسپانیا دەربڕی.
ناڕەزایەتیی مووچه خۆرانی بەشی خزمەتگوزاری دەوڵەتی لە ئاڵمان بە کۆتایی هاتنی ماوەی قەراردادە بە کۆمەڵەکانی ساڵی ڕابردوو دەستی پیکردووە. یەکێتیی خزمەتگوزارییەکان داواکاری زیاد کرانی ٦ لەسەد و یان لانیکەم ٢٠٠ یۆرۆ بۆ دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە شاغڵینی دەوڵەتی بووە. دەوڵەت وەک خاوەنکار دەڵێ، توانایی وەها زیاد کردنێکی نییە. و ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی ئاڵمان لەگەڵ مازاد و زیادەی ٤٦ میلیارد یۆرۆ لە داهاتدا بەرەوروو بووە. سەرۆکی یەکێتیی خزمەتگوزاری بە ئاماژە بە بەشداری ٧٠ هەزار کەس لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لە حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکاندا ڕایگەیاند کە ئەمە پەیامێکی روونە بە دەوڵەت و لە لایەکی دیکەوە نیشانەی عەزمی کارمەندانی بەشی خزمەتگوزارییە بۆ دەستەبەر بوونی داخوازییەکانیان. ئەو وتی ئەگەرچی یەکێتییەکە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی ناوچەیی بەرتەسکی بە نۆبە لە چەند ویلایەتێک بەڕێوەبردوە، بەڵام لە حەفتەی داهاتوەوە ئەم ناڕەزایەتیانە دەکێشێتە ویلایەتی زیاتر و لە کۆتاییدا ئەگەر بێت و دەوڵەت تا ١٥ و ١٦ی مانگی ئاوریل کە دەوری دواتری وتووێژەکانی قەراردادی بە کۆمەل بەڕێوەدەچێت، وڵامی دواکاریەکانیان نەداتەوە، بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی هاوکات و سەرتاسەری دەبێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە دەوری دووهەمی ناڕەزایەتی بەرین و بەربڵاوەی مووچه خۆران لە ئاڵمان لەمساڵدایه. لە ماوەی مانگەکانی ژانوییە و فێورییەدا، ئەوە کرێکارانی پیشەسازی و ئیلیکترۆنیکی ئاڵمان بوون کە بە مانگرتنی چەند کاتژمێری دەستیان پێکرد و لە کۆتاییدا دەستیاندایە مانگرتنێکی ٢٤ کاتژمێری و خاوەنکارانیان ناچار بە قەبوڵ کردنی بەشێکی زۆر لە داواکاریەکانیان کرد. ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئاڵمان لە قۆناغی دواتری وتووێژەکاندا ئەگەر بە گشت داخوازییەکانیش نەبێت بەڵام مل بە زۆربەیان ئەدات. ئەمەش لە لایەکەوە بێ گومان دەبێتە سەرکەوتن بۆ کرێکاران، بەڵام لە لایەکی دیکەوە یارمەتی ڕێبەرانی برۆکراتیکی یەکێتییە کرێکارییەکانیش ئەدات تا وەک ” شەریکێکی کۆمەڵایەتی خاوەنکار” هەروا ئەندامانی یەکێتیەکە لە چوارچێوەی سیاستە ڕفۆرمیستیەکانیاندا کۆنترۆڵ بکەن. بەڵام، خەباتی کرێکاران لە فەڕانسە جیاوازی ئەساسی لەگەڵ باقی خەباتی کرێکاری لە ئۆرووپادا هەیە. بێ زیادە رۆیی دەبێ بوترێت کە ئەوان ڕادیکاڵترین بەشی بزوتنەوەی کرێکاری ئۆرووپا پێکدێنن. بوونی مهیلی ڕادیکاڵتر لە یەکێتییە کرێکاریەکاندا و نفوزی ڕێژەیی ئەحزابی چەپ لەم یەکێتییانەدا یەکێک لە هۆکارە یەك لا کەرەوەکانە لە خەباتی مووچه خۆران لە فەرانسەدا. لە خۆڕا نییە کە سەرجەمی ئەو هەوڵانەی وا دەوڵەتەکانی فەڕانسە لە یەک دوو دەیەی دواییدا لە ڕاستای بەرەو پێش بردنی ” ڕیفۆڕم لە بازاڕدا” لە بەستێنی سیاسەتە نیئۆ لیبڕاڵیەکاندا ئەنجامیان داوە، بەرەوڕووی خۆڕاگری بەرین و توندی مووچهخۆران بۆتەوە. هێشتا چەند مانگێک لە سەرکەوتنی مەکرۆن ئەم پاڵەوانەی نیئۆلیبڕالیزمی ئۆرووپا لە هەڵبژاردنی فەرانسە و ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی موزد و حقوق بگیران بۆ ڕێفۆڕم لە بازاڕی کاردا تێنەپەڕیبوو کە کرێکارانی فەرانسە دەستیاندایە یەکەم زۆرەوانی خۆیان لەگەڵیدا. تەنیا لە ٢١ی مانگی گوڵانی پارەکەدا ١٨٠ میتینگ و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و زیاتر لە ٤ هەزار مانگرتن بەڕێوەچوو. مەکرۆن قەت نەیشاردەوە کە نوێنەری سەرمایەی فەرانسە بووە و لە ڕێگای ” ڕیفۆڕم لە بازاڕی کاردا” خوازیاری بەرز کردنەوەی توانایی ڕقابەتی سهرمایهداری فهڕانسه لە بەرانبەر ڕەقیبە جیهانیەکانیدایه.
هێرشی حەفتەی ڕابردووی دەوڵەتی مەکرۆن بۆسەر کرێکاران و کارمەندانی ڕێگای ئاسن درێژە هەوڵەکانییەتی بۆ لیبڕاڵی کردنی بازاڕی کار و بە کراوەیی هێشتنەوەی دەستی سەرمایەداران بۆ هێرش کردنەسەر ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و هاوکات لاواز کردنی یەکێتییە کرێکارییەکانیشە. مەکرۆن دەیەوێ گەورە ترین بەشی گوازستنەوە و گەیاندنی فەڕانسە واتە ڕێگای ئاسن کە دەوڵەتییە بخاتە ئیختیار کەرتی تایبەتەوە و لەم بەستێنەدا بواری بێکارسازی بەرینتر و لادانی مەزایاکانیان وەک کارمەندانی دەوڵەتی فەراهەم بکات. بە هەست کردن بەم ئامانجەیە کە ڕێبەرانی یەکێتیی” سێ ژێ تێ”، گەورەترین یەکێتیی کرێکاری فەرانسە حەفتەیەک لەوەپێش ڕایگەیاند کە ” دەوڵەت خوازیاری شەڕە”. بەم بۆنەیەوە چوار یەکێتی گەورەی فەڕانسە لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا رایانگەیاند ” لەوێوە کە دەوڵەت هیچ چەشنە تەمایولێکی بۆ وتووێژ نییە و شەڕی ڕاگەیاندوە، کەوایە دەبێ خۆمان بۆ تێکهەڵچونێکی دژوار و درێژماوە ئامادە بکەین.” دەوڵەت هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر پێویست بکات لە قانونی نائاسایی کە ئیجازە ئەدات بە دەوڵەت بەبێ گەڕانەوە بۆ پاڕلمان تەرحەکانی بەڕێتە پێش، کەڵک وەردەگرێت. کارمەندانی ڕێگای ئاسن بەڵام وڵامی هەڕەشەکانی دەوڵەتیان بە مانگرتنی گشتی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی مارس، دایەوە. لەم رۆژەدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە شارە گەورەکانی فەڕانسە لەدژی دەوڵەت ڕژانە سەر شەقامەکان. لەگەڵ ئەوەدا کە سەرجەمی شاغڵینی ڕێگای ئاسن ١٤٠ هەزار کەسن. ناڕەزایەتی بە سیاسەتەکانی دەوڵەت تەنیا سنوردار نییە بە خوسوسی سازی ڕێگای ئاسن بەڵکو سەرجەم سیاسەتەکانی دەوڵەتی مەکرۆن بۆ بێکارسازی زیاترە کە ١٢٠ هەزار کەسی لە کەرتی خزمەتگوزاری دەوڵەتیدا كردووهته ئامانج. ئاگادار بوون لە ئامانجەکانی مەکرۆن بۆتە هۆی ئەوەی کە شاغڵینی بەشەکانی دیکەی خزمەتگوزاری دەوڵەتیش بە ڕیزی مانگرتوان و خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست بن. ئێستا دوای دوو ساڵ سەرلەنوێ ٤ یەکێتیی گەورەی کرێکاری فەرانسە بەیەکەوە ئەم ناڕەزایەتیانەی دواییان ڕێکخستبو. ئەوان ڕایانگەیاند کە” ئاخێزی میللی” ٣ مانگ درێژەی دەبێت و لە سێی مانگی ئاوریل، ١٣ ی مانگی خاکەلیێوە”وە، ٢ ڕۆژ لە ٥ ڕۆژی حەفتە دەست لەکار دەکێشنەوە.
لە ئیسپانیا دەیان هەزار کەس لە خانەنشینان ڕۆژی شەممە ٢٤ی مانگی مارس، لە مەیدانی ناوەندی شاری مادرید کۆبوونەوە. گەلێک لەوان لە ویلایەتە جۆراوجۆرەکانی ئیسپانیاوە خۆیان گەیاندبوە مادرید. میتنگی ڕۆژی شەممە دەرێژەی ناڕەزایەتیەک بوو کە لە ڕۆژەکانی ٢٢ مانگی فێورییە و یەکەمی مانگی مارس، بە كۆبوونهوهی خانەنشینان لەبەردەم وەزارەتی دارایی ئیسپانیا دەستی پێکرد و لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٤٠ شاری گرتبۆوە. بڕیاری دەوڵەتی ئیسپانیا سەبارەت بە زیاد کرانی حقوقی خانەنشینان بۆ ساڵی نوێ معادلی ٢٥ سەدومی لە سەد ڕاگەیەندراوە لە حاڵێکدا کە نرخی تەوەڕوم ٢ لەسەد ڕاگەیەندرابوو، لە ڕاستیدا گاڵتە کردن بوو بە چەند ملیۆن کەس لە خانەنشینان. لە خۆڕا نەبوو کە لەسەر باندرۆڵێکی گەورە نووسرا بوو ” دزەکان دەستی چەپەڵتان لە حقووقی خانەنشینەکانمان ههڵگرن.”
ئەم خەباتەی ئێستا لە گرنگترین وڵاتانی یەکێتیی ئۆرووپادا، لەم مانگانەی سەرەتای ساڵی زاینیدا لە لایەکەوە دەرخەری ئاشکرای قوڵتر بوونەوەی کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت و لە لایەکی دیکەوە عەزمی موزد و حقوق بگیرانە بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکانیان. تەجروبە نیشانی داوە کە بەهەر ڕادەیەک کرێکاران ڕیکخراوتر بن بە هەمان ڕادە توانایی داسەپاندنی داواکاریەکانیان بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتی سەرمایەداریاندا زیاترە. هەرسێکی ئەم خابەتە کە ڕووی لە دەوڵەتە سەرمایەداریەکانە لەم وڵاتانەدا دەربڕی بە ئاشکرای ماهیەتی دەوڵەت وەک چینی حاکم و دەوڵەت وەک سەرمایەدارە و ئەمە هەمان ئەو ئۆرگانەیە کە چینی وشیار و ڕێکخراو لە حیزبی سیاسی خۆیدا دەبێ بیکاتە ئامانجی هێرشەکانی.