کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕەزایەتیی و نەفرەتی دەیان هەزار کەسی دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی لە سوئێد

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ ی مانگی خاکەلێوە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ستۆکهۆڵم ی پێتەختی سوئێد له‌ڕێگه‌ی کۆبوونەوە لە مەیدانی ناوەندی شار و وتنه‌وه‌ی درووشم، نەفرەت و بێزاری خۆیان لە تیرۆریزمی ئیسلامی پیشاندا. ئەم کۆبونەوەیە بە ناوی ” خۆپیشاندانی عەشق” بە دوای هێرشی تێرۆریستی له‌ ڕۆژی هەینی ١٨ی ئه‌م مانگه‌دا بەڕێوەچوو. خەڵک لەم خۆپیشاندانەدا تیرۆریزم و توندووتیژیان مەحکووم کرد. ئه‌نجامده‌ری سەرەکی ئەم هێرشە کەسێکی تەمەن ٣٩ ساڵانی خەڵکی ئۆزبەکستانە کە لە سوئێد نیشته‌جێ یه‌. ئەو کەسە دوای ١٠ کاتژمێر لە ئەنجامدانی کارە تێرۆریستیەکەی لە لایەن پۆلیسەوە لە باکووری شاری ستۆکهۆڵم ده‌ستبه‌سه‌ر کرا. تا ئێستا چوار کەسی دیكه‌ش لەم پێوەندەدا گیراون. تاوانبار ی ئه‌و كرده‌وه‌ تێرۆریستییه‌ لایەنگری داعشە و لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەیدا تەبلیغی بۆ ئەم کردەوەیە کردووە. ئەم تێرۆریستە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بە دزینی کامیۆنێک کە خەریکی خاڵی کردنی بار بووە، بە خێراییەکی زۆر لە یەکێک لە شه‌قامە پڕ هاتوچۆکانی ستۆکهۆڵم دا دەستی کردووە بە مانۆڕدان و وێڕای وەبەردانی خەڵکێک کە بەسەر شەقامەکەدا ڕۆیشتون، ماشێنەکەی کردووە بە نێو فرۆشگایەکیشدا.
لەم هێرشە تێرۆریستیەدا، ٤ کەس گیانیان لەدەستدا. یەکێکیان کچێکی ١١ ساڵان بوو کە قەرار بوو پاش کەمێکی تر لەگەڵ دایکی بە یەکەوە بچنەوە بۆ ماڵەوە. ئەویتر خانمێکی گەنج و ٢ کەسەکەی دیکە شارۆمەندی بلژیک و ئینگیستان بوون. لەم هێرشە تێرۆریستیەدا ١٥ کەسیش بە سه‌ختیی بریندار بوون. ڕۆژی دووشەممە ٢١ ی مانگی خاکەلێوەش بۆ ڕێز گرتن لە یاد و بیرەوەی قوربانیانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە، سەرتاسەری سوئێد خولەکێک بێدەنگی ڕاگرت. لە بەرانبەر هەستی ئینساندۆستانەی خەڵکدا، کە بە تایبەت لە کۆبونەوەی ” خۆپیشاندانی عەشق” دا کە لە لایەن دەیان هەزار کەسەوە به‌ڕێوه‌چوو، پارت و گوروپە ڕاست و فاشیستەکان هەوڵیاندا کە لەم جەنایەتە لەدژی پەنابەران و هەڵخڕاندنی هەستی ڕەگەز پەرستانە کەڵک وەربگرن. هێرشی تێرۆریستی گرووپە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی ئۆرووپایی لەم چەند هەفتەی داواییدا زیادی کردووە. لە ماوه‌ی دوو هەفته‌ی ڕابردوودا ئەمە سێهەم هێرشی تێرۆریستیی لە ئۆرووپایه‌. پۆلیسی نۆڕوێژیش ڕۆژی هەینی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکەی ستۆکهۆڵم، باسی لە دۆزینەوە و پوچەڵ کردنەوەی هێرشێکی تێرۆریستی کرد. هێرشی جەنایەتکارانەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە شاری ستۆکهۆڵم هاوشێوەی هێرشێکە کە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان لە شاری “نیس”ی فەڕانسە و “بەڕلین”ی ئاڵمان ماوەیەک لەوە پێش ئەنجامیاندا.

91
ئەم هێرشە تێرۆریستیە لە درێژە و لە ڕاستای ئەو شەڕانەدایە کە ئێستا لە سوورییە، عێڕاق، یەمەن، لیبی و شوێنەکانی دیكه‌ لە نێوان گرووپەکان و دەوڵەتاندا لە ئارادایە. سیاسەتی نەرم و سازش کارانە و معامەڵەگەرانەی دەوڵەتانی سەرمایەداری لە ئۆرووپا بە خاتری بەرژەوەندی ئابووریی و لە پێوەند لەگەڵ دەوڵەتانی پشتیوانی ڕەوتە تیرۆریستییەکان لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا بەستێنێکی له‌باری فەراهەم کردووە کە جەریاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامی بتوانن بە ئیمکاناتی دەوڵەتی خەریکی پەرەدان بە ڕێكخراوه‌کانی سەربە خۆیان بن. سەفەری سەرەک وەزیری سوئێد و هەیئەتی هاوڕێی بۆ ئێران لە مانگی فێوریەی ڕابردوودا و قەبوڵ کردنی پۆشینی حیجابی ئیسلامی لە لایەن وەزیرە ژنەکانی کابینەکەیەوە لە نمونەی ئەو سیاسەتانەیە. دەوڵەتی سوئێد یەکێک لەو دەوڵەتانە بووە کە لە هاوڕێیەتی لەگەڵ دەوڵەتانی ئیسلامی وەک عەڕەبستانی سعوودی و کۆماری ئیسلامی بە نۆبەی خۆی بەکردەوە لە گەشە و پەرەدان بە جەریاناتی ئیسلامیدا دەوری هەبووە. دەوڵەتی سوئێد بە دانی پارە و ئیمکانات ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەوتە ئیسلامییەکان فەراهەم کردوە تا بە دروست کردنی مزگەوت و ناوەندی سیخوڕی دەست بکەن بە خەڵەتاندنی لاوان و سەرپۆشێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی تێرۆریستی خۆیان دروست بکەن. مەدرەسەی ئیسلامی بە هەزینەی دەوڵەتی دروست بکەن و تێیاندا دەستبکەن بە شتنەوەی مێشکی منداڵان و ئامادە کردنیان بۆ جیهاد لە داهاتودا. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە ئیسلامی سیاسی لە سوئێد، سیاسەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی بە بەرچاوی دەوڵەتەوە پەیڕەو دەکات و منداڵانی قوتابخانە سەرەتاییە ئیسلامییەکان لە مەدرەسە و تەنانەت لە ئۆتۆبووسەکانیشدا لە یەکتر جیا بکەنەوە و کچان لە سەندەڵیەکانی دواوە دابنێن.
ئەوەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ستۆکهۆڵم ڕوویدا لە ڕاستیدا بەرهەمی سیاسەتی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و دەوڵەتانی سەرمایەداری ئیسلامییە. دەوڵەتانی ناوچەیی کە پشتیوانی گرووپە تێرۆریستییەکانن، لەگەڵ دەوڵەتانی وەک سوئێد پێوەندیەکی توجاڕی و بازرگانی پڕ سود و قازانجیان هەیە. زۆربەی دەوڵەتانی ئۆرووپایی لە بەرانبەر ئەم تێرۆرانەدا کە کۆماری ئیسلامی و ڕژیمەکانی هاوشیوەی لە ئۆرووپا ئەنجامی ئەدەن، لەبەر بەرژەوەندی بێ نرخی مادییان، یان بێدەنگ بوون و یان بە چاوپۆشی کردن و بێ کرداری، ئیمکانی ڕزگار بوونی تێرۆریستەکانیان فەراهەم کردووە. ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکان بووە کە ئیمکانی داوە بە دەوڵەتان و ڕەوتە تێرۆریستە ئیسلامییەکان کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدەن.
شەڕ، نائەمنی، هەژاریی و بێکاریی داسەپاو، بەسه‌ر خه‌ڵكی بێبەش و شەڕ لێدراو لە ئەفغانستان، ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و ئافریقا، و شوێنەکانی دیكه‌ ناچاری کردوون هه‌تا بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخە فەلاکەت بارە، بە تەحەمول کردنی مەترسی ڕێگه‌ی کۆچبەری، هەوڵ بدەن خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئۆرووپایی. هەڵسوکەتێکی سوکایەتی ئامێز کە لە وڵاتانی ئۆرووپاییدا لە لایەن دەوڵەت، سەرمایەداران و ڕەوتە ڕەگەز پەرست و دەستە ڕاستییەکانەوە بەرانبەریان دەکرێت، زەمینە بۆ چوونی بەشێک لەوان بەرەو ڕەوتە ئیسلامییەکان فەراهەم دەکات.
ڕەوتە چەپ و کومونیستەکان و ئینسانە پێشڕەو و ئازادی خوازەکان دەبێ هەوڵبدەن تا لەو وڵاتانەدا کە پەنابەرانی تێدا دەژین، یارمەتیان بدەن و بە دڵسۆزی و کاری وشیاری دەرانە بەر بە خزینیان بەرەو لای گرووپە ئیسلامییەکان بگرن. پێویستە یارمەتی ئەوان بدەن تا بتوانن قۆناغەکانی قەبوڵ بوون و وەرگرتنی ئیقامەیان خێراتر بچێتە پێشێ و لەگەڵ چوونە نێو کۆمەڵگای تازەوە و کار کردن تێیدا ببنە خاوەنی ژیانێکی ئاسایی و شیاوی ئینسانی ئه‌مڕۆیی.