کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ناڕەزایەتیی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی ڕێکخراوی جیهانی کار، لە ئاست مافی کرێکارانی ئێران

١١٢هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانی کار بە ئامادەبوونی نوێنەری دەوڵەتەکان، یەکێتییە کرێکاریی و خاوەنکارییەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە، ڕۆژی ٣ی ژوئەنی ٢٠٢٤ بەرامبەر بە ١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣ دەستی پێکرد و تا ڕۆژی ١٤ی ژوئەن (٢٥ی جۆزەردان) بەردەوام دەبێت. ڕێکخراوی جیهانی کار یەکێکە لە دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە کار و کرێکاران کار دەکات. ئەم ڕێکخراوەیە لە ساڵی ١٩١٩ و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم دامەزرا. بارەگای سەرەکی ئەم ڕێکخراوەیە لە شاری ژنێڤی سوئیس هەڵکەوتووە و هەموو ساڵێک لە مانگی جۆزەردان دا، کۆنفرانسێک بەڕێوە دەبات. نوێنەرانی ١٨٧ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی جیهانی کار، لە گرووپی دەوڵەتەکان، کرێکاران و خاوەنکاران، لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارى دەکەن. بڕیارە لە کۆنفرانسی ئەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ ڕاپۆرت کە لە لایەن وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەوە ڕادەستی کۆمیتەی کارناسان کراوە، تاوتوێ بکرێت. ١١٢هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانی کار لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە یاساکانی کار کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و بە زیانی هێزی کارە، بەردەوام بە زیانی کرێکاران لە گۆڕاندان. دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان بە دەرکردنی یاساگەلێکی بە چەندقات دژە کرێکاری تر لە پێشوو، خزمەتگوزارییە بژێوی و کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەری خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگەکانیان گەیاندووەتە نزمترین ئاستی مومکین. مووچەی خانەنشینی بەردەوام کەمتر و تەمەنی خانەنشینیش بەرزتر دەبێتەوە. ئاماری هەژاری و مردن بەهۆی هەژاری و نەخۆشییە پەتاییەکان لە هەڵکشاندایە و ئازار و مەینەتییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لە هەژاری و بێکاریی، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە.

وەفدێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و ئەندامانی خانەی کارگەر و شۆڕاکانی ئیسلامی کاریش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەن. وەفدەکەی کۆماری ئیسلامی لەلایەنعەلی حوسێن ڕەعیەتی فەردبە نوێنەرایەتی وەزیری تەعاون، کار و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە سەرکۆکایەتی دەکرێت. ڕەزا شەهابی و داود ڕەزەوی، ئەندامانی بەندکراوی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحیدی تاران و دەوروبەر، لە نامەیەکی کراوەدا ڕوو بە نوێنەرانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی جیهان لە ١١٢هەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانی کاردا، ڕەخنەیان گرتووە لە کەمتەرخەمی ئەو ڕێکخراوەیە لە ئاست پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران لە ئێران. ئەم دوو هەڵسووڕاوە کرێکارییە، بە ئاماژە بە هەڵنەگرتنی هەنگاوی کردەیی و کاریگەر لەلایەن ڕێکخراوی جیهانی کارەوە سەبارەت بە سکاڵای ١٩ ساڵ لەمەوبەری سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی هەفت تەپە، ئەم ڕێکخراوەیان بە کەمتەرخەمی لە ئاست سەرکوتی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاریی و پەرەسەندنی منداڵانی کار لە ئێران تۆمەتبار کرد. هەروەها لەو نامەیەدا وێڕای ئاماژە بە هەڵسوکەوتی سەرکەوتگەرانە لە دژی سەدان چالاکی بزووتنەوەکانی کرێکاریی، مامۆستایان، خوێندکاران و ژنان بەهۆی چالاکییە سنفی و مەدەنییەکانیان و هەروەها دیفاع لە مافی خۆیان و هاوکارەکانیان، هاتووە کە: “ئەو چەند ڕێکخراوە سەربەخۆیەی کرێکاران و مامۆستایان، لەوانە سەندیکاکەی ئێمە و ڕێکخراوی مامۆستایان کە سەرەڕای فشاری دامودەزگا سەرکوتگەرەکان، پێکهێنران، بەردەوام لەژێر گوشار و چاوەدێری وردی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتدان و ئیمکانی چالاکی و تێکۆشانی ئازادانەیان لێ زەوت کراوە“.

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکان، دامەزراوە کرێکارییەکان و ئەنجومەنەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات، لەوانە کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و وتاربێژانی حیزبی کۆمۆنیست، بە بەڕێوەبردنی ئاکسیۆنێک لەبەردەم بینای کۆبوونەوەکە، لە دژی بەشداریی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتیان دەربڕی و خوازیاری دەرکردنی نوێنەرانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لەو ئۆرگانە نێونەتەوەییە بوون. ئەوان هەروەها داوایان لە یەکێتییە کرێکارییە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە پشتیوانی لە داواکارییەکەیان بکەن. ڕێکخراوی جیهانی کار لە کاتێکدا پێشوازی لە حزووری نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەو کۆبوونەوەیەدا دەکات کە زۆر باش دەزانن ئەم ڕژیمە بە هیچ کام لە بڕیارنامەکانی ئەم ڕێکخراوەیە پابەند نییە، ئەگەرچی لەلایەن خۆشیەوە پەسەند کراون. هەڵسووڕاوانی ناسراوی دیفاع لە مافە سەرەتایی و قبوڵکراوەکان لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیەوە، لە ئێران لە زینداندا بەسەر دەبەن و ئەشکەنجە دەکرێن. خانەی کارگەر و شۆڕاکانی ئیسلامی کار کە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، ڕێکخراو گەلێکی زەرد و حکووتی و ئامانجی نەفرەتی چینی کرێکاری ئێرانن. لەو ڕووەوە کە ئامانجی ڕێکخراوی جیهانی کار، لە بنەڕەتدا بریتییە لە دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، لە ئێران نووسینگە دەکاتەوە، لە کۆبوونەوەکانیدا بە باوەشی کراوەوە پێشوازی لە شاندەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات، نوێنەرانی ڕژیم وەک نوێنەری کرێکاران لە وتووێژەکاندا بەشداری دەکەن و لە بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیەدا ڕۆڵ دەگێڕن، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو بڕیارنامانە لە ئێران جێبەجێ بکرێن. به‌مجۆرە ئه‌م ڕێکخراوەیە به کردەوه له پێشێلکردنی مافەکانی چینی کرێکاری ئێران، دەبێتە هاوئاراستە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی ئەم زیندانوانەی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، ئەم جەلاد و دوژمنی کۆمەڵانی خەڵکی سەتمەمدیتووە، ئەم تاڵانچیەی بەرهەمی ڕەنجی کرێکاران و ئەم خزمەتکار و پشتیوانەی سەرمایە، دەبێ لە سەرجەم ناوەندە فەرمی و نافەرمییە نێودەوڵەتییەکان و لەوانە ڕێکخراوی کاریش، دەربکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی تۆماج و درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

-

کرێکارانی نەوت و پێویستی بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

-

چارەنووسی دڵتەزێنی پەناخوازان، بەڵگەی ڕسوایی دەوڵەتەکان و سەرمایەداران

-

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بەبایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران

-

گرفت لە بێتوانایی سیستەمی سەرمایەدارییە، نەک جەماوەری بەساڵاچوو

-

ئاڵوگۆڕی زیندانیان، یان سات و سەودای قێزەونی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی سوئێد؟

-