ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، سەرکوتی توند و ئاسۆی داهاتوو
١– ڕاپۆرتی مەیدانی
١٧ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەت لە ئێران تێپەڕ دەبێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی هەواڵەوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای ئەم ناڕەزایەتیانەوە لانیکەم ٦٤٨ خۆپیشاندەر کە ٩ کەسیان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بریندار بوون. ژمارەی دەستگیرکراوەکان بە زیاتر لە دە هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، ئامارێکی کە بەیانگەری ڕەهەندە بەربڵاو و توندوتیژەکانی سەرکوتە. کۆماری ئیسلامی بە بڕینی تەواوەتی هێڵی ئینتەرنێت و موبایل، هەوڵ دەدات ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی کوشتار و سەرکوت لە بیروڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بشارێتەوە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا ترسی ئەوە هەیە کە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکان زۆر لەو ئامارانە زیاتر بێت کە بڵاوکراونەتەوە. بڕینی ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵات هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی بەردەوامی بەرپرسانی حکوومەت لە دژی ناڕازییان و دەرکردنی سزای قورس، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری کوشتاری بەربڵاوتر و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان زۆر زیادکردووە. هەندێک سەرچاوەی پزیشکی و نەخۆشخانەکان باسیان لەوە کردووە کە دام و دەزگای ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە کۆمەڵگەی پزیشکی و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانە تایبەتەکان کردووە کە دەستبەجێ ناوی بریندارانی ناڕەزایەتییەکان ڕابگەیەنن و خۆ لە چارەسەری بێبەرامبەریان ببوێرن. ئەم کارە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەخلاقی پزیشکی و پرەنسیپە مرۆییەکان و هەروەها ئاماژەیەکی ترە لە پەرەسەندنی ئاستی سەرکوت و توندوتیژییەکان بۆ هەموو بەشە کۆمەڵایەتییەکان.
سەرەڕای ئەم سەرکوتکردنە بێ وێنەیە، توندوتیژیی دەوڵەتیی ڕێژیم نەیتوانیوە ئاگری تووڕەیی و بێزاریی گشتی دابمرکێنێتەوە. بەر لە بڕینی ئینتەرنێت، ناڕەزایەتییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی وڵات و نزیکەی ١٩٠ شاری ئێران بەردەوام بوون، ئەمەش نیشانی دا کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، کاتی و پچڕ پچڕ نییە، بەڵکوو ڕیشەدار و سەرتاسەرییە. لە هەمان کاتدا میدیاکانی حکوومەت ئیدیعای ئەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵە لەناو ڕیزی خۆپیشاندەراندا بوونیان هەیە. ئەم ئیدیعایە لە کاتێکدا دەکرێت کە کۆمەڵە زۆر جار و بە ڕاشکاوی، لە ڕێگەی وتەبێژە فەرمییەکانییەوە ڕایگەیاندووە کە ستراتێژ و تاکتیکی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بنەمای خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی دامەزراوە و میلیتاریزەبوونی فەزای سیاسی بە زیانی بزووتنەوەی جەماوەری دەزانێت. کۆمەڵە وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە، ئەو ئیدیعایە بە پاساوێک بۆ سەرکوتکردنی زیاتر دەزانێت.
٢– ئاسۆی گۆڕانکارییەکان
ناڕەزایەتییەکان کە سەرەتا بەهۆی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕیاڵەوە دەستیپێکرد، بە خێرایی بوو بە بزووتنەوەیەکی سیاسی و سەرتاسەری. بزووتنەوەیەکی کە چیتر داواکارییەکانی لە چوارچێوەی ڕیفۆرمێکی بچووک یان بەڵێنییە ئابوورییەکاندا بەرتەسک نابێتەوە و بەشێکی زۆری تەنانەت بە هیچ شتێک کەمتر لە ڕووخاندنی تەواوەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی خامنەیی ڕازی نابێت. ڕیشەی ئەم ناڕەزایەتیانە هەمان ئەو داخوازیانەیە کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا هاواریان کردووە. دابینکردنى بژێوییەکی شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە، ئەمنییەتی کار و ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی، بەهرەمەندبوون لە ئازادییە بنەڕەتییەکان، کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوەیی و هەر چەشنە هەڵاواردن و نایەکسانییەک، داواکارییەکی کە دەکرێت لە دوو دروشمی (نان، کار، ئازادی) و (ژن، ژیان، ئازادی)دا کورت بکرێتەوە.
لەم نێوەندەدا دەنگۆی ئەگەری هێرشی نیزامی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەرەی سەندووە. سیناریۆیەکی کە ئەگەر ڕووبدات، نەک هەر کۆمەک ناکات بە پەرەسەندنی خەباتی جەماوەر، بەڵکوو دەتوانێت ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و چارەنووسسازە دابمرکێنێتەوە. بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە دەوڵەتی ئەمریکا پتر لەوەی بیر لە گۆڕانکاریی بنەڕەتی ڕژێم بکاتەوە، هەوڵدەدات بەدیلێکی “دڵخوازی خۆی لە ناو پێکهاتەی ئەم سیستەمەدا شکڵ پێبدات. هێزەکانی سەرکوت بە هەموو توانایانەوە لە هەوڵی پاراستنی ئەو دۆخەی ئێستادان. ئەزموونی بابەتیی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامی لە کەڵک وەرگرتن لە سەرکوتی دڕندانە و بێبەزەییانە بۆ مانەوەی خۆی هیچ سنوورێک ناناسێت. هەر ناڕەزایەتییەکی جەماوەری بەوپەڕی توندوتیژی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی سەرکوت وەڵام دراوەتەوە و دەکرێتەوە، واتە لە فیشەک و زیندانەوە بگرە تا ئەشکەنجە و لەسێدارەدان.
لە کۆتاییدا ئەگەر تاکە ڕێگای مانەوەی ئەم ڕێژیمە بریتی بێت لە چوونە ناو قۆناغی نیزامیی، دوور نییە کە دەسەڵات لەڕووی سەرکێشییەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر خەڵکی ئێراندا بسەپێنێت. مەبەست لە کارێکی لەو شێوەیە دەتوانێت بۆ ڕێگریکردن بێت لە هەڵوەرین و دروستبوونی کەلێن لەناو ڕیزی هێزە نیزامییەکانی و هەروەها ڕێگریکردن لە پەیوەستبوونیان بە جەماوەری ناڕازییەوە. هاوکات، ڕێژیم هەوڵ دەدات بە پاساوی “دابینکردنی ئەمنییەت ” بەشێک لە کۆمەڵگا بە ناچاری بخاتە شوێن خۆی، سیناریۆیەکی کە زیاتر لە هەر شتێک خەڵکی ئێران باجەکەی دەدات. ئەم سیناریۆیە نموونەیەکی ناسراوی دەسەڵاتە پاوانخوازەکانە کە لە بەرامبەر قەیرانێکی ناوخۆییدا، بە دروستکردنی هەڕەشەیەکی دەرەکی یان ململانێیەکی نیزامی، هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا بەناوی بەرگری لە ئەمنییەتی نەتەوەیی، واز لە بەدواداچوون بۆ ویست و داواکارییەکانی بهێنێت.
واقعییەت ئەوەیە کە ئازادی، دێموکراسی و ژیانێکی شایستەی مرۆڤ، تەنها بە دەستی خودی جەماوەر مسۆگەر دەبێت. پشت بەستن بە دەستێوەردانی نیزامیی ئەمریکا یان ئیسرائیل وەک سەرچاوەی ئازادی، گەشبینییەکی مەترسیدارە. ئەزموونی تاڵی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بە ڕوونی نیشان دەدات کە دەستێوەردانی نیزامیی ئیمپریالیستی، نە ئازادی بەدیاری دەهێنێ و نە ئەمنییەت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ماڵوێرانی، داڕمانی کۆمەڵایەتی و پاشەکشەی بزووتنەوە جەماوەرییەکان. هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران، ئەگەر ڕووبدات، ئەگەری زۆرە کە ببێتە هۆی بەهێزتربوونی کەشی ئەمنی و پەراوێز خستنی ویست و داواکارییە ئازادیخوازانەکان. واقیعییەتێکی تر ئەوەیە کە سەرەڕای حزووری چالاکانەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەکانی سەر بە چینی مامناوەند، لە ژنان و موعەلیمانەوە بگرە تا خوێندکاران و فەرمانبەران، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە هێشتا خاوەن ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری و هاوئاهەنگ نیین. نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی لەو شێوەیە، یەکێکە لە خاڵە لاوازە جیددییەکانی ئەو بزووتنەوەی ئێستا و دەتوانێت لە قۆناغە هەستیارەکاندا تێچووی قورسی بەسەردا بسەپێنێت. بەڵام هاوکات پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ڕێکخراو و ڕێبەرایەتی، نەک لە بۆشاییدا، بەڵکوو لە هەناوی گەشەکردن و پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا پێک دێت. بارودۆخی ئێستا و گۆڕانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی جەماوەر، دەرفەتێکە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جددی لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم کەموکوڕییە بنەڕەتییەدا.
