له ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار چالاكوانی ژنی خه‌ڵكی شاره‌كانی سنه و دێولان به ناوه‌كانی باران ساعدی، له‌یلا پاشایی، سۆما محه‌ممه‌دڕه‌زایی و سۆهه‌یلا مه‌تاعی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌ته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و چاره‌نووسیان به ناڕوونی ماوه‌ته‌وه.
پاش به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمه‌كانی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن له شاره‌كانی كوردستان، ڕۆژی ١٩ی ڕه‌شه‌مه، سۆما محه‌ممه‌دڕه‌زایی و باران ساعدی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كران. ڕۆژی ٢٠ی ڕه‌شه‌مه، له‌یلا پاشایی و سۆهه‌یلا مه‌تاعی له شاره‌كانی سنه و دێولان له‌لایه‌ن سه‌ركوتگه‌رانی كۆماری ئیسلامییه‌وه ڕفێندران و له‌و ڕۆژه‌وه چاره‌نووسیان به ناڕوونی ماوه‌ته‌وه. شایانی باسه كه باران ساعدی، له‌یلا پاشایی و سۆهه‌یلا مه‌تاعی له سه‌رده‌می شۆڕشی ژیناش ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.