ڕێكخراوی هه‌واڵنێریی بێ‌سنوور ڕۆژی هه‌ینی ١٢ی مانگی گوڵان، وێڕای ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی به بارودۆخی ڕۆژنامه‌نووسانی ئێرانی له توركییه، داوای له ده‌وڵه‌تی ئه‌م وڵاته و كومیساریای باڵای ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه كه بۆ پێدانی مافی په‌نابه‌رییه‌تی به‌م ڕۆژنامه‌نووسانه ئاسان كاری بكه‌ن.
ئه‌م ڕێكخراوه‌یه هه‌روه‌ها وێڕای ئاماژه به گۆڕینی یاسای په‌نابه‌رییه‌تی له توركییه له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوو، نووسیویه‌تی: ئه‌م گۆڕانكارییه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌ناخوازان هه‌بووه و ئیداره‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له تاوتوێ كردنی په‌روه‌نده‌كان زۆری دره‌نگ كردووه. ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور ژماره‌ی ڕۆژنامه‌نووسانی ئێرانی له توركییه ١٢ كه‌س ڕاگه‌یاندووه و ئاماژه‌ی به هه‌ڕه‌شه‌ی كۆماری ئیسلامیی له‌دژی ئه‌م ڕۆژنامه‌نووسانه و هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا بۆ سه‌ر ئه‌م كه‌سانه كردووه.