ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٢ی گوڵان، موعه‌لیمانی نێهزه‌تی سه‌وادئامووزی له شاره جۆراوجۆره‌كانی ئێران، بۆ جارێكی دیكه له ناڕه‌زایه‌تی به تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك كه قه‌راره له مانگی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵدا بۆ وه‌رگیران له زانكۆی فه‌رهه‌نگیه‌كان به‌ڕێوه‌چێت، ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه.
موعه‌لیمانی ناڕازی ده‌ڵێن: چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن هه‌ر وه‌ك ئه‌و سێ گرووپه داواكاره‌كه‌ی دیكه به بێ تاقیكردنه‌وه ده‌توانن بڕۆنه زانكۆی فه‌رهه‌نگیان، ئه‌وانیش به له‌به‌ر چاوگرتنی چه‌ندین ساڵ پێشینه‌ی كاری، ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یان لێ وه‌رنه‌گیرێت. شایانی باسه، حه‌فته‌ی ڕابردووش، موعه‌لیمانی ناڕازیی نێهزه‌تی سه‌وادئامووزی ڕۆیشتنه تاران و له به‌رامبه‌ر مه‌جلیسدا كۆبوونه‌وه. ناڕازیان هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه كه سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی به‌رده‌وامی ناڕه‌زایه‌تی، هه‌تا ئێستا تاقی كردنه‌وه به ڕه‌سمی هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه و قه‌راره له مانگی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌بچێت.