
ژماره‌یه‌ك له خوێندكارانی زانكۆی تاران ڕۆژی هه‌ینی ٦ی ڕه‌شه‌ممه، به به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك داوایان له ده‌وڵه‌ت كردووه كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، به‌سته‌ی پێداویستییه‌كانی گوزه‌ران له خزمه‌ت توێژی كه‌م داهاتی كۆمه‌ڵگا دابنێ.
زیاتر له ٥٠٠ كه‌س له خوێندكارانی زانكۆی تاران به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران، خوازیاری پێدانی یارمه‌تی تایبه‌ت به توێژی هه‌ژاری كۆمه‌ڵگا بوون. ئه‌م خوێندكاره له به‌یانییه‌كدا ڕایانگه‌یاندووه كه “هه‌ژاری، ته‌نگده‌ستی و بێبه‌شی، له‌م ڕۆژانه‌دا به تایبه‌ت به‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه، واتایه‌كی دڵته‌زێنتری به‌خۆیه‌وه گرتووه و گیانی كه‌سه‌كان له مه‌ترسی دایه. به پێی ڕاپۆرته‌كان، هه‌تا ئێستا ٤ هه‌زار و ٧٤٧ كه‌س له ئێران تووشی ئه‌م په‌تایه بوون كه له‌م ژماره‌یه ١٢٤ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه. ئه‌مه له‌حاڵێكدایه كه ئاماره نافه‌رمییه‌كان باس له گیان له‌ده‌ستدانی زیاتر له ٥٠٠ كه‌س ده‌كه‌ن.
