ژماره‌یه‌ك له كرێكارانی كارخانه‌ی دارووگه‌ری تاران ڕۆژی شه‌ممه ٢١ی جۆزه‌ردان له ناڕه‌زایه‌تی به دواكه‌وتنی حه‌قده‌سته‌كانیان له حه‌وشه‌ی ئه‌و كارخانه‌یه‌دا كۆ بوونه‌وه و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، زیاتر له ٢٥٠ كرێكار كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه هیچ جۆره حه‌قده‌ستێكیان وه‌رنه‌گرتووه له‌و كۆبوونه‌وه‌دا به‌شداریان كردووه. جێگای ئاماژه‌یه به‌شی به‌سته‌به‌ندی به‌رهه‌مه‌كان كه وه‌ك به‌شێكی جیاواز له‌و كارخانه‌یه داده‌نرێت، له سه‌ره‌تای مانگی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی پاره‌وه هه‌تا ئێستا هیچ جۆره حه‌قده‌ستێكیان وه‌رنه‌گرتوووه. به‌وته‌ی كرێكارێكی ئه‌و كارخانه‌یه جیا له دواكه‌وتنی حه‌قده‌ستی ئه‌و كرێكارانه، له سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه كاری به‌رهه‌مهێنان له‌و كارخانه‌یه به‌ته‌واوه‌تی وه‌ستاوه ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی بێكاربوونی كرێكارانی ئه‌و كارخانه‌یه.