نووسین :حه‌سه‌ن ڕه‌حمان په‌نا
وەرگێران لە فارسی بۆ کوردی : ئیسماعیل کاکە رەش
٤٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ڕۆژی ٩ی خه‌رمانانی ١٣٥٨ی هه‌تاوی، کاک “فۆاد مسته‌فا سوڵتانی”، كۆمۆنیستی به‌ناوبانگ، له دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه، ستراتێژیسیهن دووربین و تاكتیك داهێنه‌ری لێهاتوو و له به‌ناوبانگترین ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان وكه‌سێك كه به‌ره‌و فه‌تحی لووتكه‌ی ڕێبه‌ری كرێكاری و كۆمۆنیستی ئێران و ناوچه‌كه هه‌نگاوی دەنا، له شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ردا له ناوچه‌ی “سه‌رشیو” له ڕێگای نێوان سه‌قز ــ مه‌ریوان، گیانی ئازیزی به‌ختكرد.
باوه‌ڕی مه‌رگی “كاك فۆاد” نه‌ك هه‌ر ئه‌و كات، به‌ڵكوو ئێستاش بۆ زۆرێك له یاران و دۆستانی، بۆ زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان و بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئۆمێدی ڕزگارییان له نیگا و ئه‌ندێشه و پراتیكی كاك فۆاد دا بەدیدەکرد، هه‌روا دژواره و قورسایی ده‌كات. قورس‌تر لهشاخەکانی دەورووبەری ئاوایی “ئاڵمانە” شوێنی لە دایکبوونی و گۆڕستانی “تاڵه‌سوار” دوایین ئارمگای و به‌ردی سه‌ر مه‌زاری ئه‌و كۆمۆنیسته خه‌باتكاره کە تێیدا ئارام نوستووه. نه ته‌نیا ئێمه یاران و ڕێبوارانی رێبازی کاک فۆاد نامانهه‌وێ مه‌رگی باوه‌ڕ بكه‌ین، به‌ڵكوو تا ئێستاش دوژمنانی ته‌نانه‌ت له جه‌سته‌ی بێ گیانی ده‌ترسێن وهەر بۆیە چه‌ندین جار به‌ردی سه‌ر مه‌زاره‌كه‌یان شكاندووه، چونكه به بیستنی ناوی و ئاسه‌واری بوونی خۆف دایانده‌گرێ، نه‌كا گوڵ و گیا و ژیانی له‌سه‌ر مەزارەکەی بروێت و نه‌كا فۆاد بژێته‌وه.
کاک فواد، كۆمۆنیستی دژه سته‌م، هێمای نەسرەوتووی خۆڕاگری و سه‌ركێشی، یاری و رێبەری دڵسۆزی زه‌حمه‌تكێشان و دوژمنی چه‌وسێنه‌ران، دوای ٤٠ ساڵ ناوی هێشتا تازه‌یه و بێ گومان ناوبانگی ده‌گاته چه‌ه‌ندین نه‌سڵ و سه‌ده‌ی دیكه‌ش. ئه‌و نوورێكی پڕ گڕ و تین بوو كه له مه‌مله‌كه‌تی تاریك و ژێر ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاران، ڕووناكی خسته دڵی زه‌حمه‌تكێشان و به‌ڵێنی ڕزگار دا به چه‌وساوه‌كان. ناوی فؤاد پاش مه‌رگی زۆر زوو كه‌وته سه‌ر زاری هه‌موان و ده‌ركه‌وت كه تا چ ڕاده‌یه‌ك خۆشه‌ویستی ئه‌و ئازیزه له ناو دڵاندایه. كاك فۆاد كه ئیش و كار و ژیانێكی تا ڕاده‌یه‌ك ئاسوودهشی بوو و ده‌یتووانی به پله و پایه و مه‌قامیش بگات و خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ژێر سێبه‌ری ده‌ستڕه‌نجی خۆی بحه‌سێنێته‌وه، پشتی له هه‌موو ئه‌مانه كرد و بوو به یاری قه‌ڵه‌م و چه‌ك و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش. ساده ژیان و خه‌بات بۆ ئاڵووگۆڕ و فیداكاری، شۆڕشگێڕانه بیركردنه‌وه و مانه‌وه، هێمای خۆشه‌ویستیی كاك فۆاد بوو له‌ناو یاران و جه‌ماوه‌ری سته‌ملێكراو. گیان به‌ختكردنی کاک فؤاد، خه‌ڵكێكی به‌رینی تووڕه و غه‌مبار كرد، له‌سه‌ر مه‌زاری گریان، تووڕه‌یی و نه‌فره‌تییان ده‌ربڕی و دوژمنان و قاتڵانیشی به مه‌رگی سه‌رخۆش بوون و مژده‌ی كۆتایی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یە و رێبازی فۆادیان دا! به‌ڵام بێ خه‌به‌ر له‌وه‌یكه ئه‌و دارەی کاک فۆاد چاندی و ئارمان و ئامانجه‌ی كاك فؤاد له هه‌موو ژیانیدا هه‌وڵی بۆ دا و گیانی له‌پێناویدا به‌ختكرد، هه‌رگیز لە بەین ناچێت و کۆتایی پێنایت.
بۆ من كه ته‌نیا دوو جارم كاك فۆادم له نزیكه‌وه بینی(جارێك له مەقەری جه‌معیه‌تی شاری سه‌قز له به‌هاری ساڵی ٥٨ی هەتاوی و جاری دووهه‌میش له ڕێپێوانی سه‌قز بۆ مه‌ریوان بۆ پشتیوانی له كۆچی مێژوویی خه‌ڵكی ئه‌مشاره(، ڕووخساری پڕ له بزه و جوانیی ئەم رابەرە مەزنە هه‌رگیز له‌یاد ناكه‌م.
كاك فۆاد له ماوه‌ی ژیانی كه‌م و پڕ له دهستكهوتیدا، نه‌خش و پێكهیهیكی وەهای بوو كه هیچكات له چوارچێوه‌ی به‌رته‌سكی ڕێكخراوه‌ییدا ناگونجێ و به‌رئاورد ناكرێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی فۆاد نه‌بوو، به‌ڵكوو هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕه‌سه‌ن، ڕێبه‌ری هاوشێوه‌ی ئه‌ویان په‌روه‌رده كردووه و بوونه‌ته پێشه‌نگ و بزووتنه‌وه‌كه‌یان به‌ره‌وپێش بردووه و له هه‌مان كاتیش‌دا له بزووتنه‌وه‌كه ئه‌زموونیان وه‌رگرتووه. ئه‌گه‌ر له قۆناخێكدا ڕێبهرانێك وه‌كوو كاك فۆاد، پێكهێنانی ڕێكخراوێك ده‌بێته ئامانجیان، له قۆناخێكی دیكه‌دا خۆیان ده‌بنه میحوه‌ر و پێناسه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه، كاك فۆاد وه‌ك ڕێبه‌رێكی ده‌گمه‌ن، ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی بوو. به‌ڵام ئەمرۆ ناوی كاك فۆاد ته‌نیا ناو و بیره‌وه‌ریی كه‌سێكی باوه‌ڕمه‌ند به فكرێك یان ڕێكخراوێك نییه، به‌ڵكوو ناوێكه به پانتای بزووتنه‌وه‌یه‌ك و خه‌تی فكری و سیاسییهیهكی دیاریكراو له ناو دڵی چێنێك و به به‌رینایی پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه. كاك فۆاد به‌ردی بناغه‌ی جه‌ماوه‌ری بوونی رەوتێکی كۆمۆنیسمی له كوردستان دانا و مێعماری ئەو رەوتە بوو. هه‌ر بۆیه له هه‌ر هه‌نگاو و پێشڕه‌وییه‌كی ئه‌م رەوت و بزووتنه‌وه‌یه‌دا، كاك فۆاد ده‌بێته‌وه پێشه‌نگی.
كاك فواد مرۆڤێك نه‌بوو كه ته‌نیا ڕووداو و دیارده‌كان لێكداته‌وه یان ئیراده‌گه‌را بێت ، یان ته‌ماشاچیی دونیای ده‌ورووبه‌ری بێت، به‌ڵكوو خه‌باتكارێك بوو كه له بنەرەتدا بۆ گۆرین چالاكیی ده‌كرد. بەواتایەکی دیکە رادیکاڵ بوو و دەستی بۆ رێشە دەبرد، کە ڕەگ و ریشە بۆ ئەو، خودی مروڤ بوو.هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌شی زیاتر ئه‌وی به‌ره‌و ماركسیزم ده‌برد و دیارده و ڕووداوه‌كانی ده‌ورووبه‌ری باشتر ده‌ناسی و له ناو یاران و درەیای بێ ئەوپەری جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێشدا ، خۆشەویستی ، قورسایی و متمانه‌یه‌كی تایبه‌تی پێبه‌خشیبوو. له ئه‌ندێشه و پراتیكی كاك فۆاد، مرۆڤ به پێی په‌یوه‌ندی و هه‌ڵسووكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ك بوونەوەرێکی بێ ده‌سه‌ڵات و داماو، به‌ڵكوو ئەکتەرێکی چالاك بوو كه ده‌یتووانی ئاڵ و گۆڕ به‌سه‌ر جیهاندا بێنێت و كۆتایی به سیسته‌مێك بێنێت كه تێیدا مرۆڤ به‌هۆی شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان بووه‌ته دیلی ئامرازی ده‌ستکردی خۆی و له خۆی بێگانه بووه. بۆ ئه‌و مرۆڤ، میحوه‌ری گۆڕان و له هه‌مانكاتیشدا گۆڕان مروڤی درووست ده‌كرد. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه بوو كه ته‌واوی هه‌وڵی كاك فۆاد، له هه‌موو پرسه ورد و درشته‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌وانه سیاسه‌ت، ئابووری و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ، فه‌رهه‌نگی و ئامووزشی له خزمه‌ت مرۆڤ دابوو. ئه‌و داهێنه‌رێكی نوێ بۆ دامه‌زراندنی جیهانێكی نوێ بوو كه تێیدا ئینسان میحوه‌ری سه‌ره‌كیی بوو. کاک فۆاد مارکسیستێکی مروڤ دۆست (بە مانی چینایەتییەکەی) و مروڤ دۆستێکی مارکسیست بوو.
کاک فۆاد له ته‌مه‌نی تازه‌لاویدا هاته ناو دونیای سیاسه‌ت، له لاویشدا ئامرازی وه‌دی هێنانی بیروباوه‌ڕی خۆی درووستكرد. لاوێكی ٢١ ساڵه بوو كه به‌ردی بناغه‌ی رێکخراوەیکی مارکسیستی بناوی “کۆمەڵە” ی لەگەڵ چەند هاورێی دیکەی لە زانکۆی تاران لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی دانا. سیاسه‌ت و كاری سیاسی له وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری ، سەرکوت و خه‌فه‌قان ، ئەگەر چی کارێکی ئاسان نییە ، بەڵام مروڤ بەرەو سیاست پاڵ پێوە دەنێت. لەو هەلوومەرجە دژوارەیشدا کاک فۆاد رچە شکێن بوو. کاک فۆاد یه‌كێك بوو له بنیادنه‌رانی ماركسیزمی ده‌یه‌ی ٤٠ و بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تیی كرێكاران لە ئێران و کوردستان. كاك فۆاد له‌و ڕسته زیره‌كانه و پڕ مانای ماركس به درووستی تێگه‌یشتبوو كه ده‌ڵێ “كرێكاران به تاك ده‌چه‌وسێنه‌وه، به‌ڵام به كۆمه‌ڵ ڕزگار ده‌بن” كه مانایه‌كی بێجگه له یه‌كگرتوویی و ڕێكخراوبوون و خه‌باتی وشیارانه بۆ گۆڕین و ڕزگاری نییه. به درووستی باوه‌ڕی وا بوو كه بە بێ تێئۆریی شۆڕشگێڕانه، پڕاتیكی شۆڕشگێڕانه نایه‌ته دی و پڕاتیكی شۆڕشگێڕانه‌ش بۆ ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری كرێكار و كۆیله‌ی سه‌رمایه بۆ گه‌یشتن به سۆسیالیزم، پێویستی به حیزبی شۆڕشگێڕ هه‌یه. كاك فواد له ساڵی ١٣٤٨ی هه‌تاوی ده‌ستی دایه پێكهێنانی ڕێكخراوێك كه دوای ئازادیی له زیندانی ساواك له پاییزی ساڵی ٥٧ی هەتاوی و به‌شداری له ئه‌وه‌ڵین كۆنگره‌یدا، ناوی “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران”ی له‌سه‌ر داندرا و تا ئه‌و كاته‌ی كه له ژیان دابوو، رابەری بوو، بەهێزی كرد، پاراستی و كردی به ئامرازی شۆڕشگێڕانی ماندوونه‌ناس، كرێكارانی وشیار، ژنانی وه‌گیان هاتوو له سته‌م و ستهملێكراوانی سیسته‌می چینایه‌تی و كردی به سه‌رچاوه‌ی ڕزگاری له دژ بە سیسته‌می چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه. له باروودۆخی ئه‌و كاتدا كه هێشتا جیا كردنه‌وه‌ی چاك له خراپ كارێكی ئاسان نه‌بوو، توانیی به جیهان بینیی چینایه‌تی و ڕووناكیی چرای ماركسیزم، ڕێگای سەر راست لە هە ڵە جیا بکاتەوە. ڕوانگه‌كانی به‌لاڕێداچووی ناو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌وانه خه‌یانه‌ت و ته‌سلیم خوازی حیزبی تووده و نۆكه‌ری و به‌ستراوه‌یی ئه‌و ڕه‌وته بە ئوردووگای بە ناو سوسیالیست لە قاو بدات و رێبازی چریكیی ڕه‌تكرده‌وه و نیشانی دا كه “مۆتۆری چكۆڵه توانای وهكار خستنی مۆتۆری گه‌وره‌ی نییه”. به ڕوانگه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ده‌یڕوانییه بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداریی ساڵه‌كانی ٤٦ ، ٤٧ی كوردستان، كه له لایه‌ن “كۆمیته‌ی ئینقلابی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران” به‌ڕێوه‌چووبوو و قه‌بووڵی نه‌بوو. زیاتر له چوار ساڵ نه‌بوو كه كۆمه‌ڵه پێكهاتبوو، ده‌ستبه‌سه‌ركرا و ڕه‌وانه‌ی زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌ی خۆفناکی ساواكی شا ی ئێران كرا. بۆ کاک فۆاد زیندانیش بووارێكی دیكه بوو له خه‌بات ، هەندێک جار بە تاک و هەندێک جار بە کۆمەڵ .لە زیندان خارا . ئه‌گه‌ر لە پێشدا پۆڵا بوو، ئه‌مجار له زیندان پۆڵاتر له جاران ده‌ركه‌وت. له ناو یاراندا جێی ڕێز و ئێحترام و خۆشەویستی بوو و مه‌ئموور و بازجووش حیسابیان له‌سه‌ر ده‌كرد. به‌ندی تاكه‌كه‌سی و به‌كۆمه‌ڵی زۆری بینی و ئازاری جه‌سته‌یی و ڕووحی زۆری چێشت ،به‌ڵام بۆ ساتێكیش ته‌سلیم بە دۆژمن نه‌بوو و لە درێژەدا توانیی مانگرتنی ٢٤ ڕۆژه‌ی به‌ندكراوانی سیاسی شاری سنه ڕێبه‌ری كات و به‌سه‌ركه‌وتنی بگه‌یه‌نێت. ڕێكخستن و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م مانگرتنه، توانای حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌وی له ڕێبه‌ریی حه‌ره‌كه‌تی به‌كۆمه‌ڵ، به دۆست و دوژمن نیشان دا و هەزری داهێنه‌ری فۆاد، حه‌ره‌كه‌تی جه‌ماوه‌ریی گه‌وره‌ی دوای ڕاپه‌ڕینی ٥٧ی له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان بۆ یه‌كه‌مین جار به‌ناوی ئه‌و و ڕێكخراوێك كه ئه‌و ڕێبه‌ری بوو، تۆمار كرد.
له ڕاپه‌ڕینی ساڵی ٥٧ی هەتاوی و له پڕۆسه‌ی ڕێكخستنیدا، به تایبه‌ت له جنووبی كوردستان و هاورێ لە گەڵ یارانی، ده‌ور و نه‌خشێكی به‌رچاوی گێرا. دوای ٢٢ی ڕێبه‌ندان ،ریزی بەشداربووانی ئەو راپەرینە رۆژ بە رۆژ زیاتر لە یەکتر دەتراز و جیا دەبوویەوە و ده‌سه‌ڵاتدارێتی دژه شۆڕشی ئیسلامی ،واتە حكوومه‌تی تازه، هه‌وڵی ده‌دا تا كاری ناته‌واوی ڕژیمی “شا” کە خنکاندنی راپەرین بوو به‌سه‌رئه‌نجام بگه‌یه‌نێ و جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو سه‌ركوت كات و دوورگه‌یه‌كی ئارام بۆ سیسته‌می سه‌رمایه بخۆڵقێنێتهوه. كاك فۆاد و یارانی به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستییانه و به بێ خۆشباوەری به ڕژیمی ئیسلامی بهرهوپێری باروودۆخی نوێ ڕۆیشتن.ئەوان باش ده‌یانزانی كه حاكمانی نوێ كه شمشیری ئیسلامیان به ده‌سته‌وه گرتووه و خۆشباوەری ئایینیان له پشت سه‌ره، عه‌زمیان جه‌زم كردووه تا كه‌شێكی گۆڕستانی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای پڕله جۆش و خرۆشی ئێران‌دا بسه‌پێنن و ئه‌وه‌شیان وه‌ك گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستی ڕێگای شۆڕش له ئێران و ناوچه‌كه‌دا بە ئەرکی سەر شانی خۆیان دەزانی. پیلانی حاكمانی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامی، لە پشتیوانی وڵاتانی زلهێزی ئیمپریالیستی و دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرەستی ناوچهكهبەهرەمەندبوو.
كاك فۆاد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێرشی ڕێكخراوی حكوومه‌تی، ته‌نیا بژارده‌ی ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری له‌به‌رده‌ست دابوو. باش ده‌یزانی كه بۆ ئه‌م كاره ته‌نیا ڕێكخراوبوون له‌ناو حیزبێك دا وڵامده‌ره‌وه نییه، به‌ڵكوو پێویسته له ئاستی جه‌ماوه‌ریدا و به میلیۆن كه‌س هاوئاهه‌نگ و ڕێكخراو بێته مه‌یدان. به هه‌وڵ و هیمه‌تی كاك فۆاد و فیداکاری بێ‌درێغی هاورێیانی، دامه‌زراوه‌ی شۆڕشگێڕانه و جه‌ماوه‌ری له‌وانه “جه‌معیه‌تی دیمۆكراتیك” و “یه‌كیه‌تیی جووتیاران” له هه‌موو شاره‌كانی كوردستان پێكهات. هه‌روه‌ها رێکخراوەكانی پارێزگاری له مافی كرێكاران و ژنان له زۆرێك له ناوچه‌كانی کوردستان دروستکران. زاڵمان و كۆنه‌په‌رستان كه دژ بە خه‌ڵكی هه‌ژار و چه‌وساوه ددانیان تیژ كردبوو و پڕچه‌ك بوون و ناوەندگەلێکی دژە خەڵکی وه‌ك “شورای عه‌شایری”یان پێكهێنابوو و بەردەوام لە حاڵی پیلان دژی هەژاران بوون ، له بهرامبهرییاندا، كاك فۆاد ده‌ستی دایه ڕێكخستنی زه‌حمه‌تكێشان و چه‌كدار كردنیان و “كۆمه‌ڵه” ی كرد به پێشه‌نگیان و له ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕاپەرینی خه‌ڵكی شۆڕشگێڕی كوردستان به چه‌ك پارێزگاری كرد. كاك فۆاد هێمای ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری بوو.
له یه‌كه‌مین به‌هاری ئازادی پاش ڕووخانی حكوومه‌تی” شا”، كه لە ماوەیەکی زۆر کورت‌دا بوو به به‌هاری خوێنینی شاری” سنه” و سه‌رانی ڕژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامی خه‌ڵكی خۆڕاگر و خه‌باتكاری ئه‌م شاره‌یان نۆقمی خوێن كرد، كاك فۆاد و یارانی ڕۆڵی سه‌ره‌كییان له ڕێكخستنی موقاومه‌تی خه‌ڵك و رابەری شه‌ڕ له دژی كۆماری ئیسلامی‌یان له‌م شاره گرته ئه‌ستۆ. ئه‌مه یه‌كه‌مین به‌ربه‌ره‌كانێی كۆماری ئیسلامی و خه‌ڵكی كوردستان بوو. له كاتی وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تی ڕه‌سمیی كۆماری ئیسلامی كه هه‌موو سه‌رانی ناسراوی ئەو دەسەڵاتە تازەیە ، جگه له خومه‌ینی به‌شداری بوون و شورای شاری سنه و چه‌ند سازمان و جه‌ریانی دیكه لایه‌نی وتووێژ بوون، هاوڕێ سه‌دیقی كه‌مانگه‌ر،ئاژیتاتۆر و موبه‌لیغی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵه و شورای شاری سنە ، ئه‌گه‌رچی ئەو کات بهرپرسایەتی دیاریكراوی رێکخراوەیی لە کۆمەڵەدا لە ئەستؤ نه‌بوو و كاك فۆاد ڕێبه‌رێ كۆمه‌ڵه بوو، به‌ڵام ئه‌ركی پاراستنی كاك سدیقی گرتبووه ئه‌ستووه. ئه‌م شێوه له هه‌ڵسووكه‌وت و خۆبەخشییە، له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌ی كه‌سانێك به‌رئاورد بكه‌ن كه بۆ پێگه‌ی شه‌خسیی خۆیان، ئارمان و ئامانجه‌كانی “كۆمه‌ڵه” یان نایه ژێر پێ و ئه‌مڕۆكه‌ش خۆیان پێ شاگرد و موریدی كاك فۆاده، تا بۆتان ده‌ركه‌وێ كه ئه‌م كه‌سانه چه‌نده چكۆله و داماون.
له گاڵته‌جاڕیی ئه‌وه‌ڵین هه‌ڵبژاردنی كۆماری ئیسلامی به ده‌نگی “ئه‌رێ یان نا” له ١٢ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی مێعماری کرابوو و تێیدا ئه‌ژدیهای حه‌وت سه‌ری حكوومه‌تی تیرۆر و ئه‌شكه‌نجه‌یان ناو لێنا حكوومه‌تی “موسته‌زعه‌فین” و به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێرانیان دا سه‌پاند، كاك فۆاد و یارانی به بێ خۆشباوەری ئه‌م فریوکاریی ڕژیمیان ڕسوا كرد و خه‌ڵكی كوردستان یه‌ك ده‌نگ حكوومه‌تی دژه مرۆیی كۆماری ئیسلامیی بایكۆت كرد. حه‌ره‌كه‌تێك كه بوو به به‌ردی بناغه‌ی یه‌كگرتوویی و خه‌بات و هه‌تا به ئه‌مڕۆش وه‌ك لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێرین له مێژوویی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان یادی لێده‌كرێ.
له کاتی وتووێژه‌كانی سنه و مه‌هاباد له‌گه‌ڵ نۆێنەرانی ڕژیمی ئیسلامی كه بڕیارنامه‌ی ٢٤ ماده‌یی سنه و ٨ ماده‌یی مه‌هابادی تێدا تۆمار كرا، كاك فۆاد ده‌ور و نه‌خشێكی به‌رچاوی بینی و دۆست و دوژمن و نه‌یاری ، چ ئەو کات و چ ئێستا دان به تیژبیری و لێهاتوویی کاک فۆاد داده‌نێن. ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامیش له وتووێژ و له جه‌ره‌یانی ڕێبه‌ری كردنی كۆچی مێژوویی خه‌ڵكی مه‌ریوان، كاك فوادیان باشتر ناسیبوو ،دڵیان لێی وه‌له‌رزه كه‌وتبوو. كاك فواد كه له زاتی دژه مرۆیی ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵك و ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕینی ٥٧ هیچ گومانێكی نه‌بوو، ده‌ستی دایه ڕێكخستنی خه‌باتی چه‌كداری جەماوەری و به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و كاره‌ی له پێكهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا بینی و بێ وێستان هاته مه‌یدان و ئه‌وه‌ڵین فێرگه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی له ئاوایی “گۆرهمهڕ”ی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت دانا. کاک فۆاد هیچكات ته‌سلیمی وههم و گهرایشی ته‌سلیم خوازانه نه‌بوو و به‌رده‌وام له‌سه‌ر به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دژه شۆڕشی ئیسلامی و دیفاعی چه‌كدارانه له ده‌ستكه‌وته‌كانی راپەرینی خەڵکی کوردستان‌و ئێران پێداگریی ده‌كرد. مێژوو به‌رحه‌قبوونی كاك فۆاد و رێباز و رێکخراوەکەی ئەوەی له ٤٠ ساڵی ڕابردوودا به درووستی و رۆشنی نیشان داوه.
كاك فواد ئه‌هلی نهێنی كاری و كاری ژێربه‌ژێر نه‌بوو. هه‌ر كارێك كه ده‌یكرد، ڕوون و ئاشكرا و بیرلێكراو بوو و باوه‌ڕێكی قووڵی به كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی كۆمه‌ڵگا بوو. باوه‌ڕی وابوو كه جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ده‌ریان و ڕووناكبیران و پێشڕه‌وانی وشیار و واقعی وه‌ك ماسیه‌ك وان كه نیازیان به‌م ئاوه زۆڵاڵهیه. له كۆچی مێژوویی مه‌ریواندا كه شارێكی له به‌رامبه‌ر زۆرگۆیی و دەسدرێژی پاسدارانی ئیسلامی بۆ سەر ماڵ و ژیانی خەڵکی ئەو شارە هێنایه مه‌یدان و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شار هیدایه‌ت و ڕێبه‌ری كردن و بە فکر و کردەوە چووە لووتكه‌ی كۆمیته‌ی ڕه‌هبه‌ریی ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته مێژووییه. وێڕای دیفاعی لێبڕاوانه له ویست و داخوازیی خه‌ڵكی ناڕازی، كاروباری ڕۆژانه‌ی ئه‌م كۆمیته‌یه‌ی به خه‌ڵك ڕاده‌گه‌یاند و ئه‌م هه‌وڵه‌ش ده‌بووه هۆی به‌هێزكردنی هه‌ستی یه‌كگرتوویی و هاوكاری و له هه‌مانكاتیشدا خه‌ڵكی به‌ره‌و ده‌خاڵه‌ت له خواره‌وه له كاروباری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاشنا ده‌كرد و هانی ده‌دان. هه‌میشه پرسی و راوێژی به جەماوەر ده‌كرد و پاشان بیرۆكه‌ی پێشڕه‌و و شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌ڵده‌بژارد و به‌كرده‌وه‌ی ده‌ردێنا و به‌م شێوه كاره، نوێیه خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و خه‌باتكاری بۆ شه‌ڕه گه‌وره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ئاماده و تەیار ده‌كرد. كاك فۆاد وه‌ك ڕێبه‌رێكی لێهاتوو، ئاست و ڕاده‌ی ئاماده‌یی خه‌ڵكی بۆ خه‌بات و چالاكی به‌راورد ده‌كرد، كاتێك له كۆچی مه‌ریواندا هه‌ستی ماندوویی له ناو خه‌ڵكی كۆچكردوودا بینی، به بێ ئیراده‌گه‌رایی، بیری له به‌سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی ئه‌و حه‌ره‌كه‌ته و ده‌ستكه‌وته‌كانی تا ئه‌و كاتی كرده‌وه و به له‌به‌رچاوگرتنی كاریگه‌ریی ئه‌م كۆچه مێژووییه كه له سنووره‌كانی كوردستانیش تێپه‌ڕ ببوو و ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی چینایه‌تیی سهراسهریشی له دژی ڕژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو خستبووه قۆناخێكی دیكه‌وه و به‌هێزی كردبوو، داوای له خه‌ڵك كرد كه سه‌ربه‌رزانه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵیان. كاك فۆاد ته‌نیا مامۆستای فێركردن نه‌بوو، به‌ڵكوو بەردەوام قوتابیێکی زیرک و لێهاتووی فێربوونیش بوو. ئه‌و موعه‌لیمی گۆڕینی نائۆمێدی به ئۆمێد و سه‌ركه‌وتن بوو.
كاك فۆاد نه ته‌نیا له دژی ڕژیمی ئیسلامی خه‌باتی ده‌كرد، به‌ڵكوو دژی هه‌ر چه‌شنه جه‌ریان و فكریهتێكی كۆنه‌په‌رستانه بوو. كاك فۆاد و ئه‌و ڕێكخراوه‌ی كه ئه‌و ڕێبه‌ری بوو، به‌گژ نه‌ریتی دواكه‌وتووی ئایینی، دژه ژن و كۆنه‌په‌رستی داچوون و كۆمۆنیزم ، یه‌كسانی خوازی و سێكۆلاریزمیان ته‌بلیغ دەكرد. له به‌رامبه‌ر بێ ئیراده‌یی مرۆڤ و ته‌بلیغی چاره‌نووسی دیاریكراو‌و ئەزەلی و ئەبەدی ، كه ئامرازی دەست و بیری چینی چه‌وسێنه‌ره و به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵیان كردووه، مرۆڤی به ئیراده و ده‌سه‌ڵاتداریان كرد به ئۆلگووی خۆیان. كاك فۆاد و یارانی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه لاو و كه‌م ئه‌زموون بوون و ڕێكخراوهكهشیان تازه پێكهاتبوو، له به‌رامبه‌ر حیزبی كۆن، سوننه‌تی و ناسیۆنالیست كه خودا، ئایین، كۆمار و كادری لێهاتوویان هه‌بوو، به هه‌ڵبژاردنی سیاسه‌تی درووست و شۆڕشگێڕانه، به پشت به‌ستن به هێزی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا واته كرێكاران و چه‌وساوه‌كان و دیفاع له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا جه‌ماوه‌ری بوونه‌وه و بوون به چرای ڕێگای بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی و كرێكاریی لە کوردستان و لە ئێران.
له جه‌ره‌یانی فه‌رمانی جه‌هادی خومه‌ینی له ٢٦ی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە پشت بەستن بە حەدیس و قورئان و هێرش بۆ سه‌ر كوردستان له ٢٨ی گه‌لاوێژ و به‌ناو “سه‌ركوتی ئاژاوه‌ی كوردستان” كه لیبرالیە ورد و درشتەکان پشتیوانیان لێ‌كرد،کاک فۆاد وه‌ك ڕێبه‌ری كۆمه‌ڵه فه‌رمانی موقاومهتێكی هه‌مه لایه‌نه‌ی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م هێرشه‌ی ڕژیم ده‌ركرد و له به‌یانییه‌یه‌كدا له ژێرناوی “خەڵی کورد لە کوانووی تاقیكردنه‌وه‌دا” بوو به هێمای موقاومهتێك كه دوای سێ مانگ جه‌لادی جه‌ماران، واتە “خومەینی” ناچار بوو یەکەم جامی ژەهری لە دەست بزوتنەوەی مەقاومەتی کوردستان بنۆشێت و له ٢٦ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٥٨دا ته‌سلیمی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو و فێڵبازانە پێشنیاری وتووێژی كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه كاك فۆاد كه ناوی” چگوارای” كوردستان و ئێرانیان لێنابوو، ئه‌و كات دڵه گه‌وره‌كه‌ی له‌لێدان كه‌وتبوو تا بتووانێ قوناخی هه‌ستیاری “وتووێژ” ی بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان لەگەڵ دۆژمن هیدایه‌ت و رێبەری بکات .
له‌و پاییزه غهمگرتووهدا له جیات كاك فۆاد، ناو و وێنه‌كانی له هه‌ر خۆپیشاندانێك و له هه‌ر گه‌ڕه‌ك و كوڵانێك و له هه‌ر سهركهوتنێكدا به‌ده‌ست ناڕازایانهوه بوو و سروودی “فۆاد گیوارای كوردهواری بوو، لە هەموو شوێندیاری بوو” لە شەقام و کۆڵانەکان دەخۆێندرایەوە. مێژوو ده‌تووانێ شایه‌ت بێت كه له ماوه‌ی ژیانی كورتی كاك فۆاد له كاتی ئازادبوونی له زیندان تا ڕۆژی گیان به‌ختكردنی، هیچ ڕووداوێكی سیاسی ،كۆمه‌ڵایه‌تیی و خه‌باتكارانه له كوردستان نه‌بووه كه مۆر و نیشانی ڕێبه‌ریی و لێهاتوویی فۆادی بپێوه دیار نه‌بێت. كاك فۆاد له كاتێكدا، كۆمه‌ڵه، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و كۆمۆنیستیی ئێران و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستانی به‌جێهێشت كه له هه‌ر زه‌مانێك زیاتر پێویستی به توانا و بیری داهێنه‌ری بوو.
بەڵام دەبێت ئاماژە بکەین کە فۆاد ئه‌فسانه نه‌بوو،قارمان بوو، ژیانێكی پڕ له ڕاز و شاراوه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكوو ساده و خاكی و شۆڕشگێڕ بوو. ئه‌و مرۆڤێكی راستەقینە ، پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بوو كه به وشیاریه‌وه ده‌یڕوانییه خۆی و دونیای دەوروبەری. له خۆ بێگانه بوون و بیری ئەوەژوو ڕزگاری ببوو. سەردەمی ناهوشیاری پێچەوانە (اگاهی کاذب) تێپەراندبوو و بە هوشیاری زانستی لە دوونیای دەورووبەری خۆی گەیشتبوو. فواد شیكه‌ره‌وه‌ی جیهان نه‌بوو، به‌ڵكوو مامۆستای گۆڕینی دوونیا بوو. بۆ هه‌ر شوێنێك كه ده‌رۆیشت و هه‌ر حه‌ره‌كه‌تێك كه بیری لێده‌كرده‌وه، ئینسان میحوه‌ری کرداری ئەو بوو. ئینسان له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه شتێك نه‌بوو جگه‌له حه‌ره‌كه‌ت به‌ره‌و گۆڕین بۆ خزمه‌ت به ئینسان. له فواددا تێئۆری و پراتیك زۆر وشیارانه تێك ههڵدهكێشران. به بڕوای ئه‌و ئینسان له ناو چینێكدا ده‌توانێ كۆمه‌ڵگا و مێژوو درووست كات، هه‌ر بۆیه هه‌موو توانا و لێهاتووی خۆی بۆ ڕێكخستن و حه‌ره‌كه‌تی ئینسان بۆ گۆڕینی كۆمه‌ڵگا و سازكردنی مێژووی نوێ، مێژوویه‌كی جیاواز له ڕابردوو، خسته گه‌ڕ. ئه‌و لایه‌نگری ئینسانێك بوو كه بتوانێ چاره‌نووس و مێژووی خۆی بخۆڵقێنێ،ئەم ئەرکە لە دیدی کاک فۆادەوە تاکە کەسی نەبوو ، بەڵکوو کۆمەڵایەتی و چینایەتی بوو. كاك فۆاد له ماوه‌ی كورتی پراتیكی خۆیدا، به‌تایبه‌ت دوای ئازادی له زیندان، له ٦ی ڕه‌زبه‌ری ساڵی ٥٧ هەتاوی تا ڕۆژی گیان به‌ختكردنی له ٩ی خه‌رمانانی ساڵی ٥٨ واته له ماوه‌ی ١١ مانگ دا به ڕوونی و به دەربەستی بە کردەوەی دەرهێنا.
بێ گومان،چینی کرێکار ،نەوی نوێ و هیوادار به ژیان و داهاتوو، كاك فۆاد و ئارمانه كۆمۆنیستی و ئینسانییهكانی بۆ ئاڵووگۆڕ باشتر و زیاتر ده‌ناسێ و به‌كرده‌وه‌ی ده‌ردێنێ. له به‌رامبه‌ر لێكدانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی و لیبڕاڵیی نان به نرخی ڕۆژ خۆرەکان ، پێویسته كاك فۆاد، ئارمان و ئامانجه چینایه‌تیی و سۆسیالیستیهكهی، وه‌ك خۆی پێناسە بكرێت، نه‌ك وه‌ك كه‌سانێك كه به مه‌یل و به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبەتی و داماوانه‌ی شه‌خسیی ئه‌مڕۆی خۆیان، كاك فواد ده‌ناسێنن.
ئه‌مڕۆله ٤٠یهمین ساڵڕۆژی گیانبه‌ختكردنی ئه‌م شۆڕشگێڕه لێهاتووه، كه بووه‌ته هێمای پاكی، سه‌داقه‌ت، فیداكاری له ڕێگای رزگاری چینی كرێكار و مرۆڤی سته‌ملێكراو، یاد و بیره‌وه‌ریی ئه‌و ئازیزه، نه‌ك به په‌ره‌ستن و ڕیاكاری و كه‌ڵك وه‌رگرتن له ناوی و پشت كردن له ڕێبازی، به‌ڵكوو به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو خه‌سله‌ته شۆڕشگێڕانه و ئینسانییهكانی، ڕێز لێده‌گرین.
ناوی به‌سه‌ر سەری مێژووە ده‌دره‌وشێته‌وه.
مانگی خه‌رمانانی ١٣٩٨