کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

“نان، کار، ئازادی، حکوومەتی شۆڕایی.”

faghr

ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتی مانگی گەلاوێژی خۆیدا ئیدیعای کرد کە هەڵاوسان کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٤٦ و حەوت دەیەم. توجارەت نیوز لە درێژەی ئەو هەواڵەدا نووسیویەتی کە، دابەزینی هەڵاوسان نەک هەر بە مانای دابەزینی نرخ نییە، بەڵکوو تەنانەت نرخی هەندێک کەلوپەلیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. ئەم ماڵپەڕە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ درۆکانی ناوەندی ئاماری ڕەت کردبێتەوە، ئاماژەی بە دوایین ڕاپۆرتی بانکی جیهانیی کردووە  و نووسیویەتی، هەڵاوسانی پێداویستییە خۆراکییەکان لە ئێران ٧٨% بووە. هەڵبەت پێناچێت گرانبوونی نرخی نان لە چەند پارێزگای ئێران لە ئاماری بانکی نێودەوڵەتیدا لەبەرچاو گیرابێت. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی ناوەندی ئامار، ڕێژەی بەکارهێنانی نان لە ئێران لەلایەن  هەر تاکێکەوە نزیکەی ١٦١ کیلۆگرامە، لە کاتێکدا بەکارهێنانی نان لە ساڵی ١٣٩٢دا ٩٧ کیلۆگرام بووە. ڕاپۆرتەکان ئەم زیادبوونەی بەکارهێنان دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی کاڵاکانی تر، لەوانە گۆشت و شیرەمەنی و پرۆتین و هیتر لە سەبەتەی بنەماڵەکان لەم ساڵانەی دواییدا. لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی خەڵک، ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین زیادی کردووە و بەردەوامیش زیاد دەکات. کاربەدەستانی ڕێژیم دان بەوەدا دەنێن کە ٥٠٪ خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادا دەژین. لە ئاوا دۆخێکدا وەزیری هاوکاری و کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ ئیدیعای کرد کە ژمارەی دانیشتووانی ژێر هێڵی هەژاری ڕەها، کەمی کردووە.

ئەم فریوکارییانە تەنیا ڕق و بێزاریی جەماوەر لە دژی ڕژیم قووڵتر دەکاتەوە. ئەوان بەدرێژایی دەسەڵاتی ڕەشی خۆیان هەوڵیانداوە، بەردەوام خەڵک لە داوی هەژاریدا ئەسیر و ملکەچ بهێڵنەوە، یان لە ئۆرگانەکانی سەرکوتدا ڕێکیان بخەن. بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەم دواییانەدا بڵاو کراوەتەوە، دوای بە دەسەڵاتگەیشتنی ڕژیمی ئسلامی لە کۆتایی ساڵی ١٣٥٧دا، پێگەی ئێران لە پێوەرەکانی سەرانەی بەرهەمی ناخالیسی ناوخۆیی، زیاتر لە ٨٠ پلە دابەزیوە. ٤٧ ساڵ لەمەوبەر تەنها خەڵکی ٣٥ وڵاتی جیهان دۆخێ ژیانیان لە خەڵکی ئێران باشتر بوو، بەڵام ئێستا خەڵکی ١١٧ وڵاتی جیهان بارودۆخی ئابوورییان لە خەڵکی ئێران باشترە.

ئەو هەژارییەی بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە، هەم لە سیستەمی ئابووریی زاڵ لە ئێران، واتە سیستەمی سەرمایەداریی و هەم لە سیاسەتی هەڵە و دزی و تاڵان و بڕۆ و ڕانتخۆریی و شێوازی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوەی گرتووە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە پاڵپێوەنانی دەیان میلیۆن کەس بۆ ژێر هێڵی هەژاری، کارێکیان کردووە کە خەڵک بەردەوام چاویان لە یارانەی دەوڵەتیی، یارمەتی ڕێکخراوە نیمچە دەوڵەتییەکانی وەک کۆمیتەی ئیمدادی ئیمام و شتی لەو چەشنە بێت. بەڵام خەڵک بە گوێرەی ويست و ئامانجی بەرپرسە کۆنەپەرست و جەنایەتکارەکانی ڕژیم ڕەفتاریان نەکرد. ئەوان لەبری تەسلیم بوون لەبەرامبەر هەژاریی و ستەم و سەرەڕۆیی و هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا، ئاخێزی بەفرانباری ساڵی ٩٦، ئابان ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” ناسراو بە بزووتنەوەی “ژینا“یان بەڕێوەبرد. لە ڕاستیدا ئەوان بەو خەبات و ناڕەزایەتیانە کە هەریەکەیان تەواوکەری ئەویترن، نیشانیاندا کە هاوکات لەگەڵ خەبات لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیان و گوزەران، مافە دێموکراتیکەکانی خۆشیان داوا دەکەن. ئەو خەبات و ناڕەزایەتییە ئیلهامبەخشانە نیشانیاندا کە کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازیی، گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان لە نەمان و لەگۆڕنانی ڕێژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیدا بەدیدەکەن.

کۆماری ئیسلامی بەپێى سەرەڕۆبوونی سروشتیی خۆی، کۆمەڵێک ئەشکەنجەگەر و دز و  لات و چەقۆکێشی بەسەر چارەنووسی خەڵکدا زاڵ کردووە. بە بوونی ئەم تاقمە، خەڵکی ئێران ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لە داوی هەژاریی و ڕۆژ ڕەشی و ستەم و سەرەڕۆیدا گرفتار دەبن. ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ، بڕیاریانداوە و سوورن لەسەر ئەوەی کە بە شۆڕشی ژینا ئەم ڕژیمە و تاقمە دز و گەندەڵ و نەریتەکانی بخەنە زبڵدانی مێژووەوە. هەموو ئەو جەسارەت و بوێرییە شکۆدارانەی کە ژنانی ئازادیخواز و ئازادپۆش، بنەماڵە دادخوازەکان، هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کرێکارییەکان و بزووتنەوەی ژنان، چالاکانی مرۆڤ و شۆڕشگێڕان لە کوردستان و بەلووچستان لە بەرامبەر شەپۆلی گوشار و  سەرکوتی دڕندانەی ڕێژیمدا، لەخۆیانی نیشان دەدەن، لەو بڕیارە جەسوورانەیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم شۆڕشە توانایی و پۆتانسێلی ئەوەی هەیە کە بە گرتنەبەری تاکتیکی درووست، ئامانجەکانی خۆی دەستەبەر بکات. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە بزووتنەوەی ژینا شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و مۆرکی پێداویستییەکانی سەردەمی خۆی بە ناوچاوانییەوە دیارە. ئەم شۆڕشە خەریکە ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەکات.

قۆناغی یەکەمی ئەم شۆڕشە بە دروشمی جەماوەریی وەک “ژن، ژیان، ئازادی” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” ناسرا. لە قۆناغی نوێدا پێویستە دروشمی “نان، کار، ئازادی، حکوومەتی شۆڕایی“ش بەشێوەیەکی جەماوەریی، لەڕێزی دروشمە گشتی و باوەکانی تر دابنرێت. مەرجی سەرەکی بۆ ئەمەش بریتییە لە پەیوەستبوونی چینی کرێکاری ڕێکخراو لە ئاستێکی چەند ملیۆن کەسیدا، بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە