رۆژی یەکشەممە ١٥ی مانگی سەرماوەز مودیر کوللی ئاموزش و پەرەوەرشی تاران ڕایگەیاند کە ” لە ساڵی داهاتوی خوێندندا ناو نووسین لە ڕشتەی عولومی ئینسانی لە مەدرەسە دەوڵەتیەکاندا مومکین نابێت و هۆشداری ئهوهشی دا بە بنەماڵەی ئەو خوێندكارانهی کە دەیانەوێ لە رشتەی علومی ئینسانیدا بخوێنن، كه دەبێ بزانن ئیتر چوونەنێو رشتەکانی ئەدەبیات و علومی ئینسانی ئاسان نییە و ئەو دانش ئاموزانە لەوە بەدواوە دەبێ لە مەدرەسەکانی “ئیستعدادی درخشان” و مەدرەسەی “نمونەی دەوڵەتی” و مەدرەسە “فەرهەنگیەکان”ی تایبەت بە ڕشتەی ئەدەبیات و عولومی ئینسانیدا ناو نووسی بکەن.” هەڵبەت ژمارەی ئهو مەدرەسە فەرهەنگیانهش کە مودیر کولل بۆ خوێندن لەم رشتانەدا بۆ شاری گەورەی تارانی مۆعەرەفی کردووه، تەنها ١٢ مەدرەسەیە. ئەو هۆکاری ئەم بڕیارەی ناو ناوه “کەیفیەت سازی عولومی ئینسانی بەپێی بەڵگەی گۆڕانكاری بونیادین”. گەرچی ئەم هەوڵانە دەرخەری شکست و بنبەستە لە نیزامی ئاموزشیدا، بەڵام گەلێک دهرهاویشتهی لە کۆمەڵگە بە تایبەت بۆ خوێندكاران و موعەلیمان لێدهكهوێتهوه. لە بارودۆخێکدا کە بەپێی ئاماری سازمانی هەمیاری ئیشتیغاڵی دانش ئاموختەگانی “جیهادی دانشگاهی”، ژمارەی ئەو کەسانەی كه له رشتهی علومی ئینسانیدا خوێندنیان تەواو کردوە و بێکارن، لە مانگی رەزبەری رابردوودا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس بووە، ئیجرای ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی بەرین ژمارەی فارغو التەحسیلانی بێکاری ئەم ڕشتانە زیاد دەکات.هەڵبەت حەداد عادل راوێژکاری فەرهەنگیی خامهنەیی ماوهی مانگێک لهمهوبهر ئاشکرای کردبوو کە چ پیلانێكیان بۆ بێ ناوەرۆک کردن و بەلاڕێدا بردنی علومی ئینسانی هەیە. ناوبراو راشیگەیاندبوو كه پێویستە سەرجەم خوێندکارانی رشتەی علومی ئینسانی دەرسی “ئینسان شناسیی ئیسلامی” بخوێنن و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار دراوە کە بە هاوکاری ناوەندی نوێنەرایەتی ڕێبەر و ژمارەیەک لە مودەڕسینی حەوزەی عێلمیە، کتێبێک بۆ تەدریس هەڵبژێردرێت.
“مەدرەسە فەرهەنگیەکان” و “مۆجتەمەعی تەربیەتی فەرهەنگی” جێی سهرنجی مودیر کولل، ئەو مەدرەسانەن کە لە ساڵی ١٣٨٣ دا و لەژێر چاودێری شوڕای باڵای ئاموزش و پەروەرشی ڕژیمدا پێکهاتن و لەگەڵ ئۆرگانەکانی ڕێبەریدا لە پێوەندیدان و تا ئێستاش کارەکەیان درێژەی هەیە. ئەرکی سەرەکی ئەم مەدرەسانە، ئیسلامی کردنی علومی ئینسانی لە دەبیرستانەکانە، ههتا بە قەولی خۆیان بتوانن لەگەڵ فەرهەنگێکی سێکۆلار و غەیرە ئیسلامی کە خۆی خزاندۆته ناو ناوەندەکانی ئاموزشی و به قهولی خۆیان ” فاسدە و باوەڕی دینی لاوانی موسڵمان” توشی کێشە و گرفت دەکات بەربەرەکانی بکەن. لە ڕوانگەی باڵی ئوسولگەرا و شەخسی خامهنەیی و کەسانی وەک حەداد عادلەوە کە مودیری “موجتەمەعی تەربیەتی فەرهەنگ”ە و ئهحباب و یارانی دهوروپشتی خامهنهیی تێدا كار دهكهن، “سیستمی ئاموزشی ئەدەبیاتی ئینسانی مەوجود غەیرە ئیسلامییه و هۆکاری سەرەکییه بۆ بەلاڕێدا چوونی لاوانی دیندار. لەبەر ئەوەی ئەم لاوانە دوای ماوەیەک کە لە دانیشگاكان دەردەچن، بونیادی فکری ئیسلامییان شل دەبێت. ئەم مەدرەسانە دەبێ لاوان لەگەڵ ئۆلگوی “تەربیەتی ئیسلامی- ئێرانی” لەسەر بنەمایەکی فکری، بەرنامە و فەلسەفەی رههبهر واته خامنهیی پەروەردە بکەن.”کۆماری ئیسلامی ماوهی زیاتر لە سێ دەیە دهبێ كه بە هەموو ئیمکانات و ئامرازەکانی حاکمیەتیەوە لە هەوڵدایە بە ڕەواجدانی فەرهەنگی جەهل و خورافەی مەزهەبی بچێتە شەڕێ فەرهەنگ، ئەدەبیات و علومی ئینسانی پێشڕەو و پێشکەوتنخوازی ناوکۆمەڵگه و بیکاتەوە بە فەرهەنگی سەدەکانی ناوهڕاست. بەڵام لەم رێگایەدا تووشی شکست هاتووە و نەیتوانیوە لە گەیشتن بەم ئامانجەیدا سەرکەوتو بێت. خومەینی لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ پەرەسەندنی فەرهەنگی سیکۆلار و غەیرە دینی لە کۆمەڵگەدا دەربڕی و وتی ” علومی ئینسانی پێویستی بە ئینسانی موتەعەهد هەیە. ئینسانێک کە تەعەهۆدی بە قەواعدی ئیسلام و تەوحید نهبێ، لە علومی ئینسانیدا کارێکی لەدەست نایەت بێجگە لە بە لاڕێدا بردن نهبێ و ئەمەشمان قەبوڵ نییه.” خامهنهیش تا ئێستا چەندین جار دانی به شکست و بێتوانایی و ناکامی لە پڕۆژهی به ئیسلامی کردنی فەزای کۆمەڵگە و ههروهها داسەپاندنی ئەفکاری کۆنە پەرستانە و پڕتوکاو بەسەر خەڵکی ئێراندا، کردووه و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕێوە. ئەو بەشوێن ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک لە ساڵی ٨٨ دا کە تێیدا خەڵکی وەگیانهاتوو به ئیستڵاح هێڵه سوورهكانی دهوری رههبهریشیان بزاند و شەخسی ئەو و خومەینی و سەرجەم ئۆرگانەکانی ڕژیمیان دایەبەر هێرش، جارێکی تر خوێندن و ئاموزشی خوێندکارانی لە ڕشتەی علومی ئینسانیی زانکۆکانی ئێرانی توشی کێشە و گرفت کرد و ئیعتیڕافی کرد کە ” ئاموزش و پەروەرشی ئێستا، بهرههم و دهستكردی فکری ئێمە، بەرنامە و فەلسەفەی ئێمە نییە و دەبێ بگۆڕدرێت.” ئەوە یهكهمجار نییە کە خامنەیی قین و توڕەیی خۆی لە شکستهێنان و ناکامی لە پڕۆژهی بهئیسلامیکردنی نیزامی ئاموزش و پەروەرشدا دەردەبڕێت. ئەو مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوش لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە دەستپێکی دەوری نوێی چالاکی بەناو ” شوڕای عالی ئینقلابی فەرهەنگیی” لە حوکمێکدا نووسی: “مۆهەندیسیی فەرهەنگی و گۆڕانكاری و نوێ کردنەوەی نیزامی ئاموزشی وڵاتدا کە بەردەوام جێی پەسهند بووە، نەگەیشتۆتە ئەنجام و دواخرانیشی زیانێکی گەورە لە ئینقلابی ئیسلامی ئەدات.”بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە و ناشتوانێ رەوتی گەشە و تەکامولی کۆمەڵگه بهرهودوا بگێڕێتەوە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نەیتوانیوە بە دەرکردن و تەسفیەی موعەلیمان و ئۆستادان و دانشجوویانی تێکۆشەر، بە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، بە تیرۆر کردنی نووسەران و وێبلاگ نووسان و رووناکبیران، بە داسەپاندنی فەزای ترس و وەحشەت بەسەر ژنان و ئەسیدپاشی بەسەروچاوی کچان، بە داخستنی رۆژنامە و سایتەکان بە ئامانجە دزێوهكانی بگات، لهمهدواش ناتوانێ بە لابردنی رشتەی علومی ئینسانی لە دەرسی مەدرەسەکان خۆی لە مۆتهكهی پەرەسەندنی وشیاری زانستی و چینایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگه رزگار بکات. بۆ لاوان و بەتایبەت خوێندکاران، بنەمای فەرهەنگی پڕتوکاوی سەدەکانی ناوهڕاست، توانای خۆڕاگری لە بەرانبەر لۆژیکی زانست و زانیاری و دەستکەوتە عیلمیەکانی سەدەی بیست و یەکی نییە. بێگومان ئەو هەوڵانەی کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا خستونیەتەکار هەر بەو رادەیە تهئسیریان دەبن کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردودا لە زانکۆکاندا بۆ چەسپاندنی فەرهەنگی ئیسلامی بەکاری هێناون و تهئسیریان بووه. لە ههلومهرجێكدا کە لاوان، خوێندکاران، کرێکاران و باقی خەڵکی ستەمدیتوی ئێران بهدهست هەژاری و بێکاری و چارەنووسی نادیاری ژیانی خۆیان وەگیان هاتوون، خامهنەیی و باقی سەرانی حاکمیەتی ئیسلامیش کە وڵامێکیان بۆ باشتر بوونی بارودۆخی بەڕێچونی خەڵک و دابین کردنی نیازەکانیان نییە، ناتوانن بەم شگردانە بهرۆكی خۆیان لە چنگ مەترسی هەڵچونی قین و توڕەیی خەڵک رزگار بکەن.