ڕووداوەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەریخست کە کۆماری ئیسلامی تەنیا دەوڵەتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو دام و دەزگایەکی ئاڵۆز و فرە چەشنە کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی و ڕێکخستنی نیزامی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی بنیات نراوە. ئەو کوشتارە بەربڵاوەی کە لەم ماوەیەدا ڕوویانداوە، بەرهەمی دەیان ساڵ وەبەرهێنانە لەو پێکهاتە ئەمنی–سەربازییەی کە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە ناوخۆییەکان داڕێژراون. ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەر لەگەڵ دام و دەزگایەکی لەو چەشنە، بەر لە هەر شتێک، پێویستی بە ناسین و تێگەیشتنێکی ورد هەیە سەبارەت بە پێکهاتە و میکانیزمەکانی و هەروەها خاڵە لاوازەکانی. بەبێ ئەم تێگەیشتنە، ناڕەزایەتییە پرشوبڵاوەکان بە سانایی لاواز دەبن و کۆنترۆڵی دۆخەکە سەرلەنوێ دەکەوێتەوە دەستی سەرکەتگەران. سپای پاسداران گرینگترین پایەی ئەم دەزگایەیە و دەبێت ئەولاتر لە هێزێکی نیزامی سەیر بکرێت. سپای پاسداران کە ساڵی ١٣٥٨ لەژێر ناوی “پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی” پێکهێنرا، ئەمڕۆ بووەتە ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری، نیزامی و ئەمنی کە هەم دەسەڵاتی نیزامی و هەم سەرچاوەی دارایی لەدەستدایە و هەم تۆڕەکانی نفووز و کاریگەریی سیاسی. بوون و کاریگەری سپای پاسداران لە دەرکردنی بڕیارە گرنگەکان، کۆنترۆڵی بەربڵاو بەسەر بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوە ئابوورییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیا و دامەزراوە پێوەندیدارەکان و هەروەها میکانیزمەکانی پەروەردە و بەسیجی ئایدیۆلۆژی، وایکردووە کە ببێتە بڕبڕەی پشتی سەرکوت، پایەیەکی کە هەم دەتوانێت فەرماندەیی بکات و هەم لە ساتەوەختە قەیرانییەکاندا، ڕۆڵی هێزێکی کارا و دەستبەجێ بگێڕێت.
باڵی خۆجێیی و ڕۆژانەی ئەم سیستەمە بریتییە لە هێزی بەسیج، دامەزراوەیەکی کە ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و سەرکوتی لێرە و لەوێ لەسەر ئاستی گەڕەک و دامەزراوە گشتییەکان. بنکەکانی بەسیج لە گەڕەک و قوتابخانە و زانکۆ و فەرمانگە و مزگەوتەکان، تۆڕێکی سەرتاسەری بۆ چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی پێکدەهێنن. خێرایی کۆکردنەوەی هێز لە ناوچە قەیرانییەکان، ئاشنایی و زانیاری نزیک لەسەر تاکەکانی گەڕەک، هەڵسوکەوت کردن وەک هێزێکی نیمچە نیزامی بەبێ هەلگرتنی بەرپرسیارێتی، وایکردووە بەسیج ببێتە ئاڵقەی پەیوەندیی سەرەکی نێوان سەرکوتی شەقام و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی. هێزی پۆلیس ڕووخساری فەرمی و ئاشکرای سەرکوتکردنە لە شارەکاندا و ئەرکی سەرەکی بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی سەرەتایی لەگەڵ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان. ئەم دامەزراوەیە کە خاوەنی هێز و یەکە تایبەتمەندەکانی دژە شۆڕشە، توانای کۆنترۆڵکردنی مەیدان و گەمارۆدان و بڵاوەپێکردن و دروستکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندنی هەیە و زۆرجاریش ڕۆڵی “هێزی یەکەم” دەگێڕێت بۆ ئەوەی ئەگەر قەیرانەکە تەشەنەی کرد، بەشە توندوتیژ و ڕێکخراوترەکان بێنە ناو گۆڕەپانەکەوە. هاوکات لەگەڵ ئەمانە دەزگا هەواڵگرییەکان، لە ڕێگەی ناسینەوە، نفووزکردن، دەستبەسەرکردنی پێشگیرانە، پەروەندەسازیی و چاوترسێن کردنی بنەماڵەکان، هەوڵدەدەن ناڕەزایەتییەکان بەر لە پەرەسەندن و بەهێزبوونیان لەناوەوە لاواز بکەن.
بۆ باشتر ناسین و تێگەیشتن لە کارکردنی ئەم دام و دەزگایە، پێویستە بزوێنەرە ئیدیۆلۆژییەکەشی لەبەرچاو بگیرێت. یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئامادەکردنی هێزەکانی سەرکوت، بریتییە لە پاساوی ئایینیی توندوتیژییەکان. لێرەدا بە لێکدانەوە و خوێندنەوەی تایبەت بۆ چەمکەکانی وەک جیهاد، ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکر و بەرگریکردن لە ویلایەتی فەقیه، توندوتیژی دەبێتە “ئەرکێکی ئایینی“. لەم چوارچێوەیەشدا خۆپیشاندەران بە “ئاژاوەگێڕ“، “تێکدەر”، “هاودەستی دوژمن” و “محارب ” ناوزەد دەکرێن بۆ ئەوەی کەسێکی ناڕازی لە هاووڵاتییەکی مافخوازەوە ببێت بە “هەڕەشەیەک لە دژی ئایین و بەناو شۆڕشی ئیسلامی” و کوشتن یان ئەشکەنجەدانی، بۆ سەرکوتگەران پاساو هەڵبگرێت.
ئەم ئامادەکارییە ئایدیۆلۆژییە بەزۆری لە ژینگە داخراو و یەکدەنگەکاندا ڕوودەدات. ئەو ژینگەیانەی کە تێیاندا گوێڕایەڵی ڕەها بۆ وەلی فەقیه، جێگەی بیروڕای ڕەخنەگرانە دەگرێتەوە. ئەم پرۆسەیە لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێدەکات. لە بنکەکانی بەسیج و کەمپەکانی ڕاهیانی نورەوە بگرە تا ئەو قوتابخانە پێوەندیدارانەی کە فەرهەنگی توندوتیژی و شەڕ بەشێنەیی ئاسایی دەکەنەوە و دواتر، ئەم شێوە ڕاهێنانە لە یارییە نیمچە نیزامییەکانەوە بە ئاراستەی مەشقەکانی ھاوشێوەکردنی کۆنترۆڵ و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەڕوات. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم ئاڵۆزییانە، دام و دەزگای سەرکوت، لە هەناوی خۆیدا کۆمەڵێک خاڵی لاواز و کەلێن و ناکۆکی تێدایە. زۆرێک لە هێزەکانی بەسیج تەنیا بە هۆکاری ئابووری وەردەگیرێن نەک لەڕووی بیروباوەڕەوە، هەربۆیە لە ئەگەری پەرەسەندن و بەهێزبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم گرووپانە هەرچی زیاتر تووشی گومان و دوودڵی و خۆبواردن لە توندوتیژی دەبن. گەندەڵی ئابووری لە سپای پاسداران و دامەزراوە پێوەندیدارەکانیش، ڕادەی هۆگری و وەفاداری کەم دەکاتەوە و لە نێو هەندێک لە پلە و پایە و تەنانەت لە ئاستی فەرماندەییشدا، دیفاع لە“پاراستنی بەرژەوەندییەکان“جێگەی“دیفاع لە ئایدیۆلۆژی” دەگرێتەوە. جگە لەوەش، پشتبەستنی لەڕادەبەدەری ئەو دام و دەزگایە بە ناوەندە سەرەکییەکان و فەرمانەکانی سەرەوە، هەروەها پێویستی بەردەوامی بە پشتگیری لۆجستیکی وەک سووتەمەنی، خۆراک، گواستنەوە و ئامێرەکان، ئەو دەزگایە تووشی لێکترازانی شیرازەی فەرماندەیی و ئامادەکارییەکان دەکات.
لە ئاستی ڕێگەچارە پراکتیکییەکاندا، ئەزموونی خۆڕاگرییە سەرکەوتووە مەدەنییەکان لە سەرانسەری جیهان ئەوە دەردەخات کە کاریگەرترین ڕێگە بۆ زەمینگیرکردنی پێکهاتەیەکی لەو چەشنە، بریتییە لە تێکەڵەیەکە لەو میتۆدانەی کە توانای ئۆپەراسیۆن و سەرچاوەکانی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی سەرکوت کەمدەکاتەوە. لەم نێوەندەدا مانگرتنی گشتی جێگە و پێگەیەکی سەرەکی هەیە، چونکە ڕژیم بۆ پێدانی مووچەی هێزە سەرکوتگەرەکان و کڕینی کەرەستەی سەرکوت، پێویستی بە داهاتی ئابووری هەیە و مانگرتنی بەربڵاو بە تایبەت لە ناوەندە ئابوورییە سەرەکییەکانی وەک نەوت و پێترۆشیمی، ئەو سەرچاوانە دەبڕێت یان سنوورداری دەکات. مانگرتن هەروەها بە پەکخستنی بەشی گواستنەوە و دابەشکردنی سووتەمەنی و خزمەتگوزاری ڕۆژانە، پشتیوانی هێزە سەرکوتگەرەکان لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوڕوو دەکات و لە لایەکی ترەوە کاتێک بنەماڵەکان، هاوکاران و هاوشاریان لە مانگرتندان، گوشاری دەروونی و دوودڵی لە نێو هێزە سەرکوتگەرەکان پەرە پێدەدات. هاوکات لەگەڵ مانگرتن، خۆڕاگریی مەدەنی ڕێکخراو دەتوانێت توانای مانۆڕی دەزگای سەرکوت کەم بکاتەوە. لە هەر شوێنێک کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی تۆڕە خۆجێیی و ئیدارییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، هاوپشتی کۆمەڵایەتی و خۆبواردنی بەکۆمەڵ لە هاوکاری لەگەڵ میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن، تێچووی بەڕێوەبردنی سەرکوت زیاد دەکات. هەروەها ئاشکراکردنی بەرپرسیارێتی بریاردەران و جێبەجێکارانی سەرکوت ئەو فەرماندانەش کە دەستیان هەبووە لە تاوانەکاندا، ئەگەر بە ئامانجی لێپرسینەوە لە پێکهاتەی سەرکوت و دروستکردنی ترس لە سزای داهاتوو، ئەنجام بدرێت، دەتوانێت گوشاری کۆمەڵایەتی و دەروونی بخاتە سەریان و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی وەفاداری و پەرەسەندنی خۆپاراستن لە جێبەجێکردنی توندوتیژی. لەم نێوەندەدا بەکارهێنانی هۆشیارانەی تەکنەلۆژیاکانی پەیوەندیکردن بۆ هەماهەنگی، بەڵگەمەندکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە شکست پێهێنانی گێڕانەوەی فەرمی و ڕێگریی لە پەردەپۆشکردن. بەشێوەیەکی گشتی زەمینگیرکردنی دام و دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، بە سێ پایەی سەرەکی وابەستەیە کە بریتین له ناسین و تێگەیشتنێکی ورد لە پێکهاتە و میکانیزم و سەرچاوەکانی، فێربوون و بەکارهێنانی تاکتیکی خۆڕاگریی مەدەنی کاریگەر و جێبەجێکردنی بەشێوەیەکی هەماهەنگ لە ئاستێکی بەربڵاودا. کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو و ڕێکخراو دەتوانێت تەنانەت ئاڵۆزترین دام و دەزگاکانی سەرکوتیش لەکاربخات، بەمەرجێک لە کاردانەوەی پرشوبڵاوەوە بەرەو کردەوەی هەماهەنگ و بەردەوام هەنگاو بنێت و ئەو سەرچاوە ئابووری و کۆمەڵایەتیانە بکاتە ئامانج کە ستەم و سەرکوت پشتیان پێدەبەستێت.
