کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

نابێ چاوه‌ڕوانی هیچ ده‌ستكه‌وتێك بن كه‌ به‌هێزی خه‌بات خۆتان به‌ده‌ست نه‌هات بێت

26

2017-04-04 | ۱۳۹۶-۰۱-۱۵

26

له‌یه‌كه‌م ڕۆژی ساڵی 1396دا هاوڕێ ئێبراهیم عه‌لیزاده‌ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌وه‌ ئه‌م په‌یامه‌ی له‌ڕێگای تلویزیۆن و رادیوكانی كۆمه‌ڵه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی كوردستان كرد.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!

ساڵی تازه‌ و یه‌كه‌م ڕۆژی وه‌رزی بوژانه‌وه‌ و ڕازانه‌وه‌ی سروشت له‌ هه‌موو ئێوه‌ی ئازیز پیرۆز بێت. هیوای ساڵێكی پڕ لە خۆشی و كامەرانی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

له‌و ڕۆژی نه‌ورۆزه‌ دا جێگای ئازیزترین ئازیزانمان، ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی كه‌ له‌ پێناوی دابین كردنی ئازادی و ژیانی ئاسوده‌ و به‌خته‌وه‌رانه‌ و یه‌كسان بۆ هه‌موان، گیانیان به‌خت كرد، خاڵییه‌. هه‌زاران سڵاو و درود بۆ گیاتی پاكیان، سڵاو بۆ خۆراگری و دڵ گەورەیی بنەماڵە ئازیزەكانیان. سڵاو لە هەموو ئەو تێكۆشەرانەی خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسی كە لە شەوەزەنگی دیكتاتۆری ئیسلامیدا دەنگی دلێری حەقخوازانەیان بەرز كردۆەتەوە و ئێستا لە گۆشەی زیندانەكاندا ئەسیرن و لەو رۆژی نەورۆزە دا لە دیداری ئازیزانیان بێبەش كراون.

ئازیزان!

ئه‌گه‌ر چی ساڵی ڕابردوو بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ ساڵی ژیان له‌ژێر هێلی هه‌ژاریدا، ساڵی په‌ره‌سه‌ندنی زۆرتری ئازاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان،ساڵی توندبوونه‌وه‌ی فشار بۆ سه‌ر هه‌ڵسووڕاوانی مه‌ده‌نی و سیاسی، ساڵی پێشێلكردنی زیاتری ئازادییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵك و ساڵی به‌رپا بوونی به‌رده‌وامی داری سێداره‌ بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ڕووداوه‌كانی ساڵی ڕابردوو نیشانی دا كه‌ هه‌ڕه‌شه و زه‌بر و زه‌نگ نواندنی ڕژیمی ئیسلامی نه‌یتوانیوه‌ وره‌ و خۆڕاگری خه‌ڵك تێك بشكێنێت. ئێمه‌ به‌و هێوایه‌ین كه‌ ساڵی داهاتوو ساڵی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌هه‌موو بواره‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بێت. ئێمه‌ به‌ بەشی خۆمان بۆ ئه‌وه‌ تێده‌كۆشین و به‌ ئاكامی خه‌بات و خۆڕاگری چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری خه‌لك هیوادارین.

ئازیزان!

ئێوه‌ باش ده‌زانن كه‌ كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام وه‌كوو ناوچه‌یەكی جه‌نگی چاو له ‌كوردستان ده‌كات و ئوستانه‌ كوردنشینه‌كانی ڕۆژئاوای ئێران به‌ ناوچه‌یه‌كی ئه‌منیه‌تی ده‌زانێت. هێزێكی زۆر و زه‌به‌ندی له‌سۆپا و ئه‌رته‌ش و هێزی ئێنتزامی له‌و ناوچه‌یه‌دا جێگیر كردووه‌. ته‌نانه‌ت جار و بار ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شی له‌ده‌ستووردا بێت، ده‌بێ له‌ڕێگای سوپای پاسدارانه‌وه‌ بەڕێوه بچێت و له‌ گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی سوپا بگونجێت. باڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی رژیم له ‌ڕێفورمخۆازه‌وه‌ تا ئوسۆلگرا و تۆندڕه‌وەکان له‌سه‌ر كێشه‌كانی دیكه‌ هه‌ر ناکۆکیێکیان هه‌بێت، له‌سه‌ر كوردستان یه‌ك ده‌ست و هاوئاهه‌نگن و یه‌ك سیاسه‌تیان هه‌یه‌.

كوردستانیان له‌بواری ئابورییه‌وه‌ به‌ ئانقه‌ست دواكه‌وتوو راگرتوه‌‌. كۆماری ئێسلامی ته‌نانه‌ت له‌ ژێر سێبه‌ری ئاگر و ئاسنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیشیدا ئاماده‌ نییه‌ له‌كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری درێژماوه‌ بكات. ڕێژه‌ی بێكاری له‌ سه‌رووی له‌ سه‌دا چل و بگره‌ زۆرتریشه‌. خزمه‌تگوزاری گشتی له‌نزمترین ئاستی خۆیدایه‌ و كه‌مترین بودجه‌ بۆ ته‌ندروستی و بیمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌كوردستانی ئێران خه‌رج ده‌كرێت. ڕێژه‌ی نه‌خوێندەواری له‌كوردستان له‌چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران له‌زۆرترین ئاستی خۆی دایه‌. ئه‌و رژیمه‌ ته‌نانه‌ت دوژمنی ژینگه‌ی كوردستانیشه‌ و هه‌موو ساڵێك دارستانه‌كانی زنجیره ‌كێوه‌كانی زاگرۆس له‌ڕۆژئاوای ئێران له‌نێو ئاگردا ده‌سۆتێن، به‌ڵام هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له‌خۆی نیشان نادات.

هه‌زاران كه‌س له‌ لاوانی كوردستان ڕوویان كردۆته‌ پیشه‌ی كۆڵبه‌ری، له‌سه‌ر ڕێگای كۆڵبه‌ران، كه‌ كۆڵبه‌ری تاقه‌ ئامڕازی دابینكردنی ژیان و به‌ڕێوه‌چوونی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیانه،‌ مین داده‌نێن و ده‌یانده‌نه‌ به‌ر ده‌ستدڕێژی گولله‌، هه‌موو ساڵێك ده‌یان كه‌س له‌م ڕێگایه‌دا ده‌كوژرێن و سه‌دان كه‌سیش كه‌م ئه‌ندام ده‌بن. زیاتر له‌ سه‌دا نه‌وه‌دی ژنان له‌كوردستان بێكارن. ئه‌و به‌شه‌ش كه‌ ده‌ستیان به‌كارێك ده‌گات له‌به‌رامبه‌ر كاری یه‌كسان به‌قه‌ده‌ر پیاوان حه‌قده‌ستیان پێ نادڕیت. ژنان له‌كوردستان زیاتر له‌ ئه‌ندامانی تری بنه‌ماڵه‌ ده‌بنه‌ قوربانی ئازاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. كاتێك نان ئاوه‌ری بنه‌ماڵه‌ گیرۆده‌ی مه‌وادی مۆخه‌دیر ده‌بێت، باری قورسی ئه‌و ئازاره‌ زیاتر به‌سه‌ر ژنانی بنه‌ماڵه‌دا ده‌شكێته‌وه‌. كاتێک منداڵه‌كانیان تووشی مه‌وادی مۆخه‌دیر ده‌بن گۆشاره‌كانی له‌بواری ده‌رونییه‌وه‌ زیاتر له‌سه‌ر شانی ئه‌وان قورسایی ده‌كات.

ئازیزان!

سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و دژوارییانه‌ی كه‌ به‌ربینیان به‌ كۆمه‌لانی خه‌ڵكی كوردستان گرتووه‌، خەباتی سەربەرزانەی ئێوە لەدژی رژیمی كۆماری ئیسلامی موژدەبەخشی داهاتوویەكی گەش و پرشنگدارە. بزووتنەوەی شوڕشگێرانەی كوردستان یەكێك لە سەنگەرەكانی بەردەوامی خۆڕاگری بەرانبەر بەو رژیمە بووه. ئەم ڕژیمە لە كوردستان، بێجگە لە جیرەخۆرانی خۆی و ئەوانەی كە بەرژەوەندییان لە مانەوەی ئەو هەلو مه‌رجە دایە و لەژێر سێبەری ئەو ڕژیمەدا كیسەی خۆیان پڕ كردوە، كەسی تری پشت و پەنا نییە. زەحمەتكێشانی كوردستان مافەكانی خۆیان دەناسن و بەردەوام لە پێناویان دا خەباتیان كردوە. كرێكارانی كوردستان هێز و پێگەی كۆمەڵایەتی خویان ناسیوە و فەرهەنگ و سوننەتی خەباتكارانەی خۆیان چەسپاندوە.

كۆمەلە لەو خەباتە هێز وەردەگرێت و بەرنامەی سیاسی و ستراتێژ و هەڵسووڕانی تەشكیلاتی ئێمە هەمووی لە خزمەت بەرەوپێش بردن و بەسەركەوتن گەیاندنی ئەو رەوتە دایە.

ئازیزان!

ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانیشه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ بارودۆخێكی گه‌لێك هه‌ستیارەوه. ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆته‌ مه‌یدانی ململانێی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازەوه. له‌و ناوه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ به‌تایبه‌ت به‌كوردستانی ئێران دەگەڕێته‌وه‌دوو خاڵی گیرینك هه‌یه‌ كه‌ له‌م مه‌جاله‌دا پێویسته‌ سەرنجی بۆ ڕابكێشین.

یه‌كه‌م، ده‌ستپێكردنی ده‌وره‌یه‌كی تازه‌ له‌ناكۆكییه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و كۆماری ئێسلامی دوای هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماریخۆازان له‌ ئه‌مریكا. دووه‌هه‌م، كێشه‌ و ناكۆكیه‌كانی ناو باڵه‌كانی ناوخۆی رژیم. پێویسته‌ ناوه‌رۆكی هه‌ر دووی ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌ وردی بناسین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆنیان هه‌لس و كه‌وت له‌ گه‌ل بکەین.

ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی نوێی ئه‌مریكا زه‌ختێكی دیاری كراو ده‌خاته‌ سه‌ر كۆماری ئیسلامی. به‌ڵام ئه‌و زه‌خته‌ پێش ئه‌وه‌ی له‌ناوه‌ڕۆكدا مه‌ترسیێك بێت بۆ مانه‌وه‌ی رژیمی كۆماری ئێسلامی له‌ ده‌سه‌ڵات، له‌مه‌یدانی ژیانی واقعیدا ده‌توانێت جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك تووشی وه‌ها خۆشباوه‌ڕیێك بكات كه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بن گۆیا ڕۆژێك له‌ڕۆژان هێزێكی وه‌كوو ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌و په‌ڕی سنوره‌كانه‌وه‌ به‌هانایانه‌وه‌ دێت و رزگاریان ده‌كات. ئه‌و‌ چاوه‌ڕۆانییه‌ بێ بنه‌مایه‌. رژیمی كۆماری ئێسلامی به‌هه‌موو باڵه‌كانییه‌وه‌ كاتێك كه‌ هه‌ست به‌وه‌ بکات كه‌ له‌ ژێر ئه‌و فشارانه‌ دا مان و نه‌مانیان له‌مه‌ترسیدایه‌، له‌ میانه‌ڕه‌ویانەوه بگره هەتا تۆندڕه‌ویان‌، هه‌موویان خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌رزی واقیع ده‌گونجێنێن و چی سازانی پێویست بێت ده‌یكه‌ن و ده‌وڵه‌تی ئامریكاش ڕازی ده‌كه‌ن.

ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواش به‌لایانه‌وه‌ رژیمێكی سه‌قامگیر له‌و ناوچه‌ هه‌ستیاره‌ دا گه‌ڵێك گرینگتره‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێران تووشی وه‌ها ئاڵوزێك بكه‌ن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی دڕێژماوه‌یان بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. تا ئیستاش گه‌لێک به‌رهه‌می ئه‌و ناكۆكیه‌یان هه‌لگرتۆته‌وه‌.له ژێر سێبەری ریزبه‌ندیێک که له‌ ناوچه‌كه‌دا پێكیان هێناوه‌ و ناكۆكی گه‌ڵێک كه‌ له‌ نێوان كۆماری ئێسلامی و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ دا هانده‌ری بوون،به‌رده‌وام خه‌ریكی بازرگانی ئه‌سلەحه‌ و كه‌ل وپه‌لی جه‌نگین. ده‌وڵه‌تانی ده‌وڵه‌مه‌ندی عه‌ره‌بی سیلاحه‌‌ كۆنه‌كانیان وەلا دەنێنن و ساڵ به‌ ساڵ نوێیان ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م ڕه‌وته‌ بازرگانییه‌ زه‌مانه‌تی ڕه‌ونه‌قی ئابوری ئامریكا و وڵاتانی ئوروپاییه‌. كه‌وا بێت رژیمێك له‌ئێران كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك سه‌ركێشییه‌كانی كۆنترۆل كرابێت، با سه‌ر به‌ خۆ له‌وانیش بێت، ده‌توانێت گه‌ڵێك دڵخۆازیان بێت. ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ چۆنكه‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌و وڵاته‌ ناتوانن چاوه‌ڕۆانی هیچ ده‌ستكه‌وتێك بن كه‌ به‌هێزی خه‌بات و مۆقاوه‌مه‌تی خۆیان به‌ده‌ست نه‌هات بێت.

سه‌باره‌ت به‌ خاڵی دووهه‌م، ئه‌گه‌ر چی ئه‌وه‌یكه‌ ڕیزه‌كانی دوژمن تووشی ناكۆكی و ناته‌بایی بن خۆی له‌خۆیدا ده‌توانێت له‌خزمه‌ت گۆڕینی هاوسه‌نگی هێز به‌قازانجی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك بێت، ئه‌گه‌ر چی كۆماری ئێسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌پێناوی ستراتێژی جیاواز بۆ پاراستنی ئه‌و رژیمه‌ ته‌فڕه‌قه‌و دووبه‌ره‌كی واقعی له‌ناویدا هه‌بووه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌می باڵه‌كانی ئه‌و رژیمه‌ توانیویانه‌ ئه‌م ناكۆكیانه‌ی خۆیان بكه‌ن به‌ده‌رفه‌تێك بۆ چاوه‌ڕوان ڕاگرتنی خه‌ڵكی ناڕازی و خۆشباوه‌ركردنیان. هه‌ر ده‌مه‌ به‌ هه‌ڵسوكه‌وتی باڵێك، جه‌ماوه‌رییان هانداوه‌ بۆ به‌رده‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدان تا له‌م ڕێگایه‌وه‌ ڕه‌وایی ببخشن به‌رژیمێكی ناڕه‌وا. ئه‌زموونی هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ باڵه‌كانی رژیم له‌ناو خۆیاندا تووشی ناكۆكی بوون، نیشانی داوه‌ كه‌ خه‌ڵكی تێنوی ئازادی و ژیانی باشتر ناتوانن هیچ هیوایێك به‌م كێشانه‌ ببه‌ستن و لێره‌شدا ئه‌وه‌یكه‌ به‌خه‌باتی خۆیان به‌ده‌ستی نه‌هێنێن له‌ ئاكامی كێشه‌ی ناو باڵه‌كانی رژیم به‌ده‌ست ناێت.

ئازیزان!

ئه‌گه‌ر سروشت له‌ ناو جه‌رگه‌ی به‌سته‌ڵه‌ك و سه‌هۆڵبه‌ندانی زه‌وی دا سه‌رله‌نوێ ده‌بووژێته‌وه‌، شكۆفه‌ ده‌كات و گیانێكی تازه‌ی دیه‌ته‌وه‌به‌ر، ئەوا هیوا به‌ دامەزراندن و به‌رپا كردنی جیهانێكی به دوور له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و سته‌م و جیهانێكی شیاوی ئینسانی ئه‌مڕۆش له‌مێژه‌ له ناو‌ جه‌رگه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندانی به‌ڕبه‌ڕییه‌ت و دڕندەیی نیزامی سه‌رمایه‌داری دا شكۆفه‌ی كردووه‌. رۆژ به‌ رۆژ ئاره‌زومه‌ندانێكی زیاتر به‌ ریزی كاروانی شێلگیر و ماندووی نه‌ناسی رێگای بنیات نانی ئه‌م جیهانه نوێیه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن. پیرۆزبێت،به‌هارونوێبوونه‌وه‌یسروشت.