کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نابێ ئەم دەرفەتە لە دەست بچێت

محەممەد باقر نەوبەخت جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بوجەی دەوڵەتی روحانی بەڕیار ئەدات کە بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارە سەبارەت بە بارودۆخی شپرزەی بازاڕی ئەرز و گرفتە ئابووریەکانی ئەم دەورەیەی دەوڵەت بەگشتی، لەگەڵ گوروپێک لە سەرمایەدارانی ئێران، ئه‌ندامانی ژوورە بازرگانیەکانی سەرتاسەری ڕاوێژ بكات. بۆ ئەم مەبەستە رۆژی دووشەممە ٩ ی مانگی خەزەڵوەر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی جەلەسەیەک لە ژووری بازگانی تاران ئاماده‌ ده‌بێت. ئاساییه‌ كه‌ لە دەست پێکی جەلەسەکەدا، بۆ کردنەوەی باسەکە ڕاپۆرتێک لە بارودۆخی ئابووری وڵات پێشکەش بە ئامادە بووان دەکات. وەک ئەوەی کە ئیلنا هەواڵنێریی کاری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، لە هەمان سەرەتاوە بەرەو رووی وەها هێرشێک دەبێتەوە لە لایەن ئامادە بوانەوە، لە ناڕەزایەتی بە درۆکانی و دانی ئاماری هەڵە، کە لە هەرچی مەشوەرەت و ڕاگۆڕینەوەیە پەشیمان دەبێتەوە. بەڕواڵەت ئەندامانی ژووری بازرگانی کە خۆیان لە سەرمایەداران و دەست ئەندەرکارانی چالاکی بەرهەمهێنان و بازرگانین، چاوەڕێ بوون کۆمەڵێک قسەی دەقیق و گرنگ لە بارەی سیاسەتە ئابووریەکانی دەوڵەتەوە لە بارودۆخی تازەدا لە زمان بانترین کاربەدەستی بەرنامە دارێژەری ئابووری وڵاتەوە ببیستن. بەڵام نەوبەخت وەک بڵێی لەحاڵی سوخەنڕانیەکی تەبلیغی بۆ فریودانی خەڵک دایە، ته‌نیا بڕێک زانیاری و ئاماری نا ڕاست پێشکەش دەکات. بەشێوەیەک کە لە یەکەم کاردانەوەدا تاوانبار دەکرێت بە سوکایەتی کردن بە شعوری ئامادە بوان. هەواڵنێری مێهریش کە بەشێک لە قسەکانی ئەم جەلەسەیەی گێڕاوەتەوە، دەنووسێت:” دانی ئاماری کۆن و سوتاو و ئاماژەیەکی ساکار بە بارودۆخی ئابووری وڵات، ئامادەبوان لە ژووری بازرگانی، کە کۆمەڵێک لە سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکانی باقی ئوستانەکانیشیان لەنێودا بوو، بە شێوەیەک توڕە کرد کە ژمارەیەکیان ویستیان جەلەسەکە بەجێبێڵن.” وەک نمونە سەرۆکی ژووری بازرگانی سمنان لە کاردانەوە بە قسەکانی نەوبەخت روو بە ئەو دەڵێ “سەرم سوڕ دەمێنێ کە ئەمە چ بەرنامە ڕێژیەک بووە لە وڵاتدا کە کاری ئابووری بێرە گەیاندوە؟” عەلی دیلمقانیان، ئەندامی هەیئەتی نوێنەرانی ژوری بازرگانی تارانیش وێڕای بە ناڕاست ناو بردنی ئامارە پێشکەش کراوەکان لە لایەن نەوبەختەوە ئاماژە بە ئاماری هەڵەی ئەو سەبارەت بە هەلی کار و بیکاری دەکات و دەڵێ:” ئێمە وەک بەرهەمهێنەران و کەسانیک کە رۆژانە لەنێو بازاڕداین و دەچینە نێو شارەکە سەنعەتیەکانەوە، دەبینین کە بۆنگاکانی بەرهەمهێنان یەک لەدوای یەک دادەخرێن، ڕێژەی هەلی کار لە کۆمەڵگادا کەم دەبێتەوە، لە حاڵێکدا کە ئێوە ئیدیعای زیاد بوونی هەلی کار دەکەن.” یەکێکی تر لە ئامادە بوان دەڵێت:” کاتیک دەوڵەت باس لە زیاد بوونی هەلی کار دەکات دەبێ بپرسین ئەم زیاد بوونە بە کام چالاکی بەرهەمهێنان ڕەخساوە لەبەر ئەوەی لە ئێستادا لە شارەکە سەنعەتیەکاندا کەم بوونەوە و کەسادی بەرهەمهێنان دەبینین.”

یەکێکی تر لە ئامادە بوان ئامارە پێشکەش کراوەکان لە لایەن نەوبەختەوە بە سوکایەتی بە شعوری چالاکانی ئابووری ناو برد و دەڵێ:” نیسبەت دانی هەموو بابەتەکان بە دوژمنەوە جێگای داخە.”

مەحەممەد لاهوتی، سەرۆکی کونفیدراسیۆنی هەناردە کردن بە وتنی ئەوەی کە تەنانەت دۆناڵد ترامپیش کاتێک کە پەیڕەو کردنی سەرلەنوێی تەحریمەکان لەدژی ئێرانی ڕاگەیاند ٣ مانگی دەرفەت دا، روو بە جێگری سەرۆ کۆمار وتی:” بەڵام ئێوە ئه‌مڕۆ بەخشنامەیەک دەردەکەن و سبەی رۆژەکەی ئیجرای دەکەن”. ئیلنا دەنووسێ:” چاوپێکەوتنی بەرەبەیانی نەوبەخت لەگەڵ چالاکانی کەرتی تایبەت لە بینای ژووری بازرگانی تاران لە حاڵێکدا کۆتایی هات کە تەقریبەن هیچ یەک لە ئامادە بوان دەوڵەتیان لە ڕەخنە توندەکانیان بێ نەسیب نەکرد.” خاڵی جێگای سەرنج سەبارەت بەم جەلەسەیە و جەلەسەکانی هاوشێوەی کە هێندێک جار لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و یان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی تردا بەڕێوەدەچن، ئەوەیە کە شیرازەی کار لە دەست دەوڵەتی روحانی و کاربەدەستانی دەرچووە، به‌جۆرێك کە تەنانەت لە جەلەسە تەخەسوسیەکانیشدا بە بەشداری سەرمایەداران کە پشتیوانی سروشتیی دەوڵەتن، ناتوانن وێنایەکی واقعی لە بارودۆخێک کە تییدان، پێشکەش بکەن تا بەڵکو ببێتە بنەما بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چارەیەک.224

لەم پێوەندەدا یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتیەکان، گاز و پیتروشیمی ئێران، کە گەورە ترین ڕێکخراوی تایبەتی هەناردە کردنە لە بەشی وزەدا رۆژی یەکشەممە ٨ ی مانگی ڕەزبەر، وێڕای ڕەخنەی توند سەبارەت بە درێژەی نابەسامانیە ئابووریەکان، لە بارەی مەترسی وەرشکست بوونی بە تەواوەتی یەکەکانی هەناردە کردنی نەوت، گاز و پیترو شیمی هۆشداری دا. لە بەیانیەی ئەم یەکێتیەی سەرمایەداراندا هاتوە:” ئیبلاغی بەخشنامەی جۆراو جۆر و نا رۆشن لە لایەن دەوڵەتەوە، سەری لە هەناردە کاران و بەرهەمهێنەرانی ئێرانی شێواندوە، درێژەی ئەم ڕەوتە بەشی هەناردە کردنی نەوت، گاز و پیتروشیمی خستۆتە بەردەم وەرشکست بوونەوە.”

ئەم نمونانە نیشانی ئەدەن کە نە تەنیا بە پشت بەستن بەوەی کە لە خوارەوە و لە ئاستی کرێکاران و جەماوەری بێبەشدا لە ئارا دایە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی کە لە بانترین مەحفەلەکانی نیزامی سەرمایەداری ئێرانیشدا لە جەریان دایە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ ستراتیژیەکی ئابووری روونی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو گوشارانەی خراونەتە سەری و دەرباز بوون لە قەیرانێک کە تێیدا پەلەقاژەیەتی نییە.

لە وەها بارودۆخێکدا دەبێ چی بکرێت؟ ئایا دەبێ چاوەڕوان بین تا سەرمایەداران سەرئەنجام ڕێگای دەرباز بوون لە قەیرانێک خۆیان دروستیان کردوە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەگەر بە شێوەی کاتیش بووە، بدۆزنەوە و بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ جەماوەری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش هێز وەبەر خۆیان بێننەوە؟ یان ئەم قەیرانە حکومەتیە و قەیرانی ئابووری و سەر لێ شێواوی سەرمایەداران و دەوڵەت بکەینە دەرفەتێک بۆ وەلا نانی ئەم ڕژیمە و پێنانە نێو ڕێگایەکەوە کە کۆتایی بە گشت ئەو ستەم و موسیبەتانە بێنێ کە ئەم ڕژیمه‌ و ئه‌و نیزامە بەرسرمانیدا سەپاندوە؟ سەرمایەداران کە بەم شێوەیە بەدەست هەڵەکانی دەوڵەتەوە توڕە و سەرخوردەن، خۆشیان بە گشت ئەدا و ئەتوارەکانی شێوە کارناسانەیانەوە، لای بەرپرسانی دەوڵەتی، ڕێگا چارەیەکی خێرا و درێژ ماوە بۆ دەرچوون لە مەوقعیەتی ئێستا شک نابەن. بەڵام ئەگەر دەرفەتیان دەست بکەوێ، زنجیرەکانی ستەم و چەوساندنەوەیان لە دەست و پێی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگادا سەرلەنوێ توند ده‌كه‌نه‌وه‌. یەکێک لە پێداویستیەکانی روودانی شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان، بوونی وەها قەیران گەلێکە لە ئاستی سەرەوەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان دا. ئەو کاتەی کە ئەوان وەک ئەسپی ماندوو لە سەرو ژوریەکاندا قه‌پ لەیەکتر دەگرن، نابێ دەرفەت لەدەست بدرێت.