کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەیدانە سەرەکیەکانی خەبات لەبیر نەکەین

دەیەمین دەورەی شانۆگەری هەڵبژاردنی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و و پێنجەمین دەورەی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری قەرارە بەیەکەوە رۆژی ٧ ی مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. پرۆسەی ئامادەکاری بۆ ئەم شانۆیە، وەک ڕابردو، کۆمەڵێک دەغەڵکاری لەگەڵ دایە. گاڵتەجاڕغ هەڵبژاردن هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم ڕژیمەوە تا ئێستا تەنانەت هاوتەریب نەبووە لەگەڵ کەمترین ئیستانداردەکانی دیموکراسی رۆژئاوایی و مەودایەکی دووری لەگەڵیدا هەبووە. بەڵام سەرانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئیدیعایان کردوە کە گویا ” هەڵبژاردن” لە ئێراندا ئازاد ترین هەڵبژاردنە لە دنیادا. خزمەتگوزارانی دەرکراو لە ناوەندە سەرەکیەکانی دەسەڵات وەک ڕەفسەنجانی و خاتەمی، کە رۆژگارێک ئەم ئیدیعایانەیان هەبوو، ئێستا خوازیاری بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕقابەتین. لەوە پێشیش حەسەن رۆحانی، داواکاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕقابەتی ببوو.ئەو هەروەها ناڕاستەوخۆ سەبارەت بە ڕەدی سەڵاحیەتی کاندیداتۆڕەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە لایەن شوڕای نیگابانەوە هۆشداری دابوو. حسێن ئەنساری ڕاد، یەکێک لە سیما ناسراوەکانی ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی، لەبارەی ئەگەری ڕەد کرانەوەی سڵاحیەتی نامزەدەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو هۆشداری داوە. ئەنساری نووسیویەتی کە ” تەفسیری شوڕای نیگابان لە چاودێری بەسەر چاودیری ئیستسوابیدا پێچەوانەی بۆچوونی روونی قانونگوزار”ە و داوای لە ڕێبەری ئێران کردوە تا ئیجازە نەدات ” ئەم هەموو پێشێل کرانی قانون و ئەخلاقە بە حیسابی ئیسلام و کۆماری ئیسلامی و رۆحانیەت بنووسرێت”. بەڵام خامنەیی وتویەتی کە ” هەڵبژاردن لە هەموو دەورەیەکدا سالم بووە و خیلافکاریەکی ڕێکخراو کە بتوانێ ئاکامی هەڵبژاردن بگۆڕێت قەت بوونی نەبووە.”631
کرێکاران و بەتایبەت هەڵسوڕاوانیان ئاگادارن کە هاوکات لەگەڵ ئەم هەراو هوریایەی هەڵبژاردنی پێشوەختدا هەر ئێستا ڕاگۆڕینەوەکانی پێوەندیدار بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان لە وەزاڕەتی کاردا لە ئارادایە. لە ئاوا بارودۆخێکدا هێندێک لە کاربەدەستان خەریکن ددان بەوەدا دەنێن کە بارودۆخی ئابووری خراپە. وەزیری کاری ڕژیم وتویەتی کە دەوڵەت لەنێوان ١٠ ملیۆن کەس لە شارۆمەندانی کۆمەڵگەیەکدا کە بەهۆی هەژاری زۆرەوە توشی بەد خۆراکی و کەمبونی پرۆتۆئین بوون ” سەبەدی خۆراکی” دابەش دەکات. رۆژنامەی حکومەتی ” تەعادول” بەشێک لە ئاکامی توێژینەوەی ” بەراورد کردنی هێڵی هەژاری لە ئێرانی” بڵاو کردەوە کە دەرخەری ٧ بەرابەر بوونی هێڵی هەژاری لە هێندێک شوێنی شارەکان و ٨ بەرابەر بوونی لە دێهاتەندایە. ئاکامی توێژینەوەیەک کە لە لایەن پەژوهشکەدەی ئاماری ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، نیشانی ئەدات کە لانیکەمی هەزینەی ژیانی بنەماڵەیەکی ٥ کەسی لە تاران، یەکسانە بە لانیکەمی حەقدەستی پەسند کراوی شوڕای باڵای کاری ڕژیم. بەم حاڵەشەوە ئەو دەمگۆیە بوونی هەیە لەمساڵدا حەقدەستەکان زیاد نەکرێن.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ڕژیم لەسەر ناوەرۆکی وەڕێخستنی هەراوهوریای تەبلیغاتی هەڵبژاردن، خەریکە هێرش بۆسەر ئاستی ژیان و مافە ئینسانیەکانی کرێکاران توندتر دەکات. هەڵسوراوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری بە وشیاری و ئەزمونی خەباتیان بۆیان دەرکەوتوە کە ” هەڵبژاردن” لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بێجگە لە گاڵتەجاڕیەک هیچی تر نییە و هیچ پێوەندیەکیشی بە قازانج و بەرژەوەندی کرێکارانەوە نییە. ئەوان ئەم ڕژیمە بە ڕژیمێکی سەرمایەداری دەزانن کە لە ڕاستای بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار و پشت بەستو بە شگردی سەرکوتی پۆلیسی بارودۆخێکی فەلاکەتباری بەسەر چینی کڕێکار و زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کاسەی سەبری کرێکارانی لێوڕێژ بووە. کرێکاران و زۆربەی هەژارانی کۆمەڵگە هیچ هیوایەکیان نییە کە لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا باشتر بوونێک لە ژیانیاندا بەدی بێت. ئاشکرایە کە لەسەر بەستێنی درێژەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری و توند بوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی، ناڕەزایەتی و مانگرتنێکی کرێکاری کە ئێستا لە ئارادایە بە ئارامی ڕەوتی روو بە گەشەی خۆی درێژە پێئەدات و قین و توڕەیی و بێزاری گشتی کەڵەکە بوو لە درێژەکێشانی ئەم بارودۆخە رۆژ لە رۆژ زیاتر زەرفیەتی هەڵچونی خۆڕسکی جەماوری لە کۆمەڵگادا فەراهەم بکات.
ترس و هەراسی ڕژیم لە ئاخێزێکی جەماوەری روخێنەر واقیعیە. وتە پڕ لە ترسەکان سەبارەت بە هەڵبژاردن، کە سەرەتا لە زمان خامنەییەوە دەرچوون، هێستاش درێژەیان هەیە. کاربەدەستانی ڕەنگاو ڕەنگی ڕژیم بە بۆنەی جۆراو جۆرەوە نیگەرانی خۆیان لە مەترسی هەڵچونی قینی جەماوەر دەردەبڕن. هێندێک لە ئیمام جومعەکان وتویانە کە ڕەنگە ” فیتنەیەکی گەورە” لە ڕێدا بێت کە گەلێک بەهێز تر بێت لە فیتنەی ساڵ ٨٨ .

ڕاستە کە سەرانی ڕژیم بەم قسانە، لە هەمانحاڵدا خەریکن ئامادەباش بە هێزەکانیان ئەدەن و خۆیان بۆ بەرەو روو بوونەوە ئامادە دەکەن. بەڵام لاوازیەکەیان و لە ئاکامدا ترسەکەشیان ڕاستیە. ئەوە ئەرکی هەڵسوڕاوانی کرێکاریە کە بزوتنەوەی کرێکاری بۆ بەرەو روو بوونەوەی وەها ڕژمێکی ترساو ئامادە بکەن. بێکاری، گرانی، ئیعتیاد و موسیبەتەکانی هاوشێوە وەک خۆرە کەوتوەتە گیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. بێبەش بوون لە مادەی خۆراکی پێویست نەسڵی داهاتوی کرێکاران و منداڵانی ئەمرۆی بەرەو رووی گەلێک مەترسی کردوەتەوە. بێجگە لە خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراو ڕێگایەک بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخە نەماوەتەوە. کرێکارانی وشیار دەزانن، کە تەوافوقاتی هەستەیی و بەچۆکداهاتنی ڕژیم لە بەرانبەرگوشارەکانی دەوڵەتی ئامریکادا خۆی لە خۆیەوە بە واتای باشتر بوونێک لە بارودۆخی کار و ژیانی کرێکاراندا نییە. ئەم ڕژیمە دەیەوێ بە پشت بەستن بە هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی ئێرانی قەیرانی سەرمایەداری هێور بکاتەوە. کەوایە هەر چەشنە باشتر بوونێک لە بارودۆخی ژیانی کرێکاراندا تەنیا و تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی یەکگرتوانەی کرێکاران بێت.
هەڵسوڕاوانی کرێکاری نابێ ئیجازە بە ڕژیم بدەن بە هەراو هوریای تەبلیغاتی سرنجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران لە چوونە سەر بابەتە بنەڕەتیەکانی پێوەندیدار بە کار و ژیانیان بە لاڕێدا بەرێت. لە بارەدۆخی ئێستادا پەەرسەندنی خەبات بۆ دانی حه‌قده‌سته‌كان له‌ سه‌ر وه‌ختی خۆی، داسەپاندنی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی و خەبات بۆ دابین کردنی بیمەی بێکاری بۆتە بابەتێکی هەنوکەیی بزوتنەوەی کرێکاری. بارودۆخێکی فەلاکەتباری ئابووری کە بەسەر چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگەدا سەپاوە، درێژەی بەردەوامی بێکارسازی کرێکاران و لە لایەکی دیکەوە هەوڵی ڕژیم بۆ دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا بۆ ساڵی ١٣٩٥ بە کردەوە ئەم سێ مەیدانەی کردوەتە گۆڕەپانی سەرەکی کێشمەکێشی نێوان بزوتنەوەی کڕێکاری و چینی سەرمایەدار و ڕژیمی پشتیوانیان. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری پێویستە، یەکگرتوانە، ئاگاهانە و بە بەرنامەوە ئەم مەیدانانه‌ لە خەبات بەرنە پێشەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-