کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەیدانداریی حەشدی شەعبی و وڕێنەی ڕێبەرانی دەوڵەتی عێڕاق زۆر بەردەوام نابێت

لەوەدا کە وڵاتی عێڕاق لە هاوسەنگی هێزی نێودەوڵەتیدا حەوزەی نفوزی ئەمریکایە، کەس گومانی نییە. بەڵام هێندێک جار نیگەرانی لە مەترسی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق دەبێتە هۆی ئەوەی، ئەم گومانە بەدی بێت کە گویا ئەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە کە خەریکە ئاڵوگۆڕەکانی نێو عێڕاق مودیریەت دەکات. وەها گومان و وێنا کردنێک واقعی نییە. تا ئەو جێگایەی کە بە کاریگەری هێزە دەرەکەیەکان هەڵدەگەڕێتەوە، زلهێزێکی وەک ئەمریکا کە زیاتر لە چوار هەزار کوژراو و ٥٠ هەزار بریندار و کەم ئەندامی بووە لە عێڕاقدا، ڕەقەمێکی نزیک بە ٢ هەزار ملیلیارد دۆلاری لەم وڵاتەدا هەزینە کردوە، لە حاڵێکدا کە لێرە بە پێچەوانەی سوریە، ڕەقیبێکی زلهێزی وەک روسیەش لە بەرانبەر خۆیدا نابێنێ، لە حاڵێکدا کە رۆژانەش پرۆژەی نوێ بۆ سنوردار کردنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەخاتە دەستوری کاریەوە، ئێستا چی رویداوە کە گۆیا بەم شێوەیە گۆڕەپانی عێڕاقی بۆ کۆماری ئیسلامی چۆڵ کردوە؟

 

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەباری عەینیەوە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ناکۆکی و دژایەتیەکانی لەگەڵ ئەمریکا بە واتایەک هاوکاری ئەو دەوڵەتەیە لە عێڕاقدا. ئەوە دەوڵەتی ئەمریکایە کە کۆماری ئیسلامی، بە دانی کۆمەڵێک ئیمتیازی دیاریکراو، هێناوەتە خزمەت بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە نەک بە پێچەوانە. سیاسەتی نوێی دەوڵەتی ئەمریکا دوای بردنە دەرەوەی هێزی پیادەی لە عێڕاق،

 

شکڵدان بە شەڕێکی نیابەتی بوو. لەبەر ئەوەی تەلەفاتی لەوە زیاتر بۆ ڕای گشتی لە ئەمریکا شیاوی قەبوڵ کردن نەبوو. حەشدی شەعبی بە یارمەتی کۆماری ئیسلامی و هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، لەدژی داعش ئەم جۆرە دەور و نەخشەیان وەئەستۆ گرت. ئەگەر هێندێک حیزب لە کوردستانی عێڕاق لەم بارەیەوە ئاڕاستەی بایەکەیان نادروست تەشخیس داوە، دیارە دەرەنگ یان زوو تاوانەکەشی ئەدەن.

هەڵبەت کۆماری ئیسلامیش وەها وێنا کردنێک پەرە پێئەدات و لە تەبلیغاتێک کە سەبارەت بە ” قەدەر قودەرەتی” ئەو لە ناوچەکەدا دەکرێت، شادمانە. وەک نمونە دەوتێرێت کە گۆیا ستون سەرەکی پاراستنی ڕژیمی بەشار ئەسەد لە سوریە کۆماری ئیسلامییە. بەڵام بە ئانەقەست لەبیر دەبرێتەوە کە ڕژیمی بەشار ئەسەد بەبێ یارمەتی روسیە و بە بەکار هێنانی گش

257

ت تواناییەکانی کۆماری ئیسلامیش نیدەتوانێ چەند مانگێک زیاتر دوام بێنێ. هەر ئێستاش تەکلیفی نیهایی لە هاوسەنگی ئێستادا و لە غیابی بزوتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەریدا، ( ئەگەر بزوتنەوەی رۆژئاو)ی لێ دەربکەین، ئەساسەن لە تەوافوقی نێوان ئەمریکا و روسیەدا یەکلایی دەبێتەوە.

هەڵبەت بوونی ١٥٠٠ کیلۆمیتر سنوری هاوبەش، پێوەندی ئابووری بە ناچاری، بوونی ناوەندە مەزهەبیەکانی خەڵکی شیعە مەزهەب لە عێڕاق، کۆماری ئیسلامی بە بەراورد لەگەڵ باقی وڵاتانی ناوچەکە کردۆتە خاوەنی زەرفیەتی زیاتر بۆ دخاڵەت کردن لە کاروباری نێوخۆی عێڕاقدا. لەگەڵ ئەوەدا ڕژیمی ئێران لەنێو بەشێک لە ئەحزابی شیعەی مەجود لە عێراقدا خاوەنی نفوزە، خۆی فاکتێکی واقعیە. بەڵام لێرەشدا ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان مەڕجەعیەتی شیعە لە عێڕاق و لە ئێراندا بوونی هەیە، ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێت. بەهەر حاڵ ئەم نفوزەش ئەساسەن دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق، کاتێک کە پایەگاکانی ئەم حیزبانە لەنێو ئێراندا بوون. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بە تەئکید دەکرێ بڵێین کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو ڕای گشتی خەڵکی عێڕاقدا ڕژیمێکی خۆش نێو نییە. خەڵکی عێڕاق چ دڵێکی خۆشیان دەبێ لە کۆماری ئیسلامی هەبێت؟ ئایا ڕژیمی ئێران ئۆلگوی ئازادی و گەشە و ڕیفاه و دابین بوونی مافی کەمینەکان و مافەکانی ئینسان و هیترە لە ئێراندا، تا خەڵکی عێڕاق، ئێرانی ژێر حاكمیەتی ئەم ڕژیمە وەک مەدینەی فازلە لەبەرەچاو بگرن؟ دیاری کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی عێڕاق هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە شەڕ و ماڵوێرانی، ئیعتیاد و گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر، کە هیچ کەس لە ڕابردودا هەر نمونەیەکیشی لەبیر نییە، دامەزراندنی بونگاکانی لەش فرۆشی لەپاڵ مەرقەدی ئیمامەکاندا و گەلێک خەساری کۆمەڵایەتی دیکە لە جۆری ئەوەی کە لە ئێراندا بوونی هەیە. برینە جەستەیی و دەرونیەکانی شەڕی، لە هەردو لاوە کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکی، کە کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی ٧ ساڵ، لە ٨ ساڵ شەڕ، پێداگری لەسەر دەکرد، بۆ خەڵکی عێڕاق هێشتا سارێژ نەبۆتەوە. کۆماری ئیسلامی بۆ زۆربەی خەڵکی ئێران هەر ئەو ڕژیمەیە کە زیاتر لە ١٢ ساڵ دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، هێشتا بە هەزاران دیلی شەڕی عێڕاقی لە گرتوخانەکانی دیلانی شەڕدا لە نا مرۆڤانە ترین بارودۆخدا بۆ ساتوسەودا لەگەڵ ڕژیمی عێڕاق ڕاگرتبوو. ئەم جۆرە رووداوە دڵتەزێن تر لەوەن کە بە هاسانی لە بیر بچنەوە.

بێگومان بیروباوەڕی مەزهەبی خەڵکی عێراق بەهیچ شێوەیەک خەڵکی ئەم وڵاتە یەکجێ ناباتە بەرەی داعش یان حەشدی شەعبی، بەرەی عەرەبستان یان کۆماری ئیسلامییەوە. سوننەتی سیکۆلاریزم لەم وڵاتەدا بەهێزە. زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە لەنێوان حیزب و گروپە مافیایی و مەزهەبیەکانی دەرگیردا، دابەش نەکراون. مەدەنیەت و ئینسانیەت لەنێو زۆربەی خەڵکی بێدەنگی ئێستای ئەم وڵاتە لەبەین نەچووە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە عێڕاقدا لە ئارادایە، میراتی ڕژیمی گەندەڵ و جەنایەتکاری بەعس، دەستێوەردانی ئەمریکا و ڕقابەتی دوو کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و ئەمیرەکانی حاکم لە عەرەبستانی سعودی و سەهم خوازی دەوڵەتی تورکیە لە داهاتی نەوتی ئەم وڵاتەیە. لەم نێوانەدا ئەوە خەڵکی بێبەش و ستەم دیتوی عێڕاقن کە دەبنە قوربانی و هەبوونی ئەمنیەتی گیانی بۆتە گەورە ترین ئاواتیان لە ژیاندا. کۆمەڵێک خۆپیشاندان کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا لە بەغدا و هێندێک لە شارەکانی دیکەی عێڕاق بەرپا بوون، نیشانی دا کە زۆربەی خەڵکی ئەم بەشە لە عێڕاق کە لەژێر سوڵتەی ئەحزابی شیعە مەزهەبدان، لە درێژەی ئەم بارودۆخە بێزارن و گەندلی دەوڵەتی مەزهەبی حاکم بەسەر ئەم وڵاتەدا بە سەبەبکاری ئەو فەلاکەت و ڕەزج و ئازارانە دەزانن کە لەم وڵاتەدا لە ئارادیە.

بە حوکمی بارودۆخیکی عەینی، بە حوکمی ئەو قەیرانە سیاسیە کوشەندانەی کە ڕژیمی عێڕاق، لەگەڵی دەستەویەخەیە، بە حوکمی ئابووریەکی تێکڕووخاو و بە حوکمی دەوڵەتێکی قەرزدار کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سازمانی شەفافیەتی نێو نەتەوەیی یەکێک لە گەندەڵ ترین ڕژیمەکانی دنیایە، بە حوکمی بێتوانایی ئەم ڕژیمە لە دابین کردنی سادە ترین و سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانی ئەمرۆ، ئاوی خاوێن و بەرقی بەردەوام، بە حوکمی ئەو زەرفیەتە بیالقوەانەی کە لە زۆرینەی بێندەنگی ئەم وڵاتەدا هەیە، مەیدانداریی حەشەدی شەعبی و وڕێنەی کورت بینانەی ڕێبەرانی ئێستای عێڕاق زۆر دەوام ناهێنێ.

خەڵکی کوردستانی عێڕاقیش کە لەم رۆژانەدا کەوتونەتە بەر هیرشی دەوڵەتی ناوەندی، لە پشت بەستن بە ” مەڕحەمەتی” ئەمریکا و خۆشباوەڕی سەبارەت بە نیەت و مەبەستەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاقدا خێرێک نابینن. هاوسەنگی هێز لە هەموو عێراقدا لە بەرەی تردا، بە زیانی دەوڵەتی حاکم لە بەغدا تێک دەچێت و خەڵک یەکگرتوانە و ڕێکخراو بە ئامانجێکی مافخوازانە و ئینسانیەوە سەرئەنجام دەبنە سەرکەوتوی ئەم نەبەردە کۆمەڵایەتی و سیاسیە.