تەقینەوەیەک کە نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ١٣ی مانگی گوڵان لە مەعدەنی بەردی خەڵوزی یۆرتی ئوستانی گوڵستان رووی دا، بوو بە کارەساتێکی گەورەی ئینسانی. دوای تێپەڕ بوونی ٥ رۆژ بەسەر رووداوەکەدا هێشتا ژمارەیەک لە کرێکارەکان لەژێر داروپهردوودا گیریان خواردوە. ئاماری ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەست داوە هێشتا بە شێوەی ڕسمی ڕانەگەیەندراوە. وەزیری کاری کۆماری ئیسلامی وتویەتی کە تا ئێستا لەم رووداوەدا ٣٥ مەعدەنکار گیانیان لهدهستداوه. هێشتا ژمارەیەک لە کرێکارەکان لەنێو تۆنێلەکەدا ماون و ئهگهری زۆره كه ژمارهی قوربانیان بچێته سهرهوه.
توێژینەوە سەرەتاییەکان نیشانی ئەدەن یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم رووداوەی کە بۆتە هۆی گیان لهدهستدان و بریندار بوونی دهیان کرێکار، لاوازی دەزگای تەهویەی ٢٤ کاتژمێری و کۆبوونەوەی گازی متان بووە لە کانەکەدا. نەبوونی وەسایلی ئیمنی و ڕەچاو نەکرانی بارودۆخی ئیمنی شوێنی کار لە لایەن خاوەنکار و هەروەها نەبوونی چاوەدێری بەسەر ئەم کانەدا بە گرنگترین هۆکاری روودانی ئەم حادیسهیه تا ئێستا باس کراوە. بە وتەی کرێکارەکان زۆربەی ئەو ماشێن و ئامێرانەی لەو مەعدەنەدا کاریان پێ دەکرا وەک باقی کانەکانی ئێران کۆن و بێ کەڵکن و لە رووی فەننی و ستانداردی ئیمنیەوە بۆ کارپێکردن لە مەعدەنی بەردی خەڵوزدا ڕێگه پێدراو نین.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سازمانی “بەسیج” خاوەنی ئەم مەعدەنە بووە. زۆربەی کرێکارەکانی ئەم کانە لەژێر پۆششی هیچ بیمەیەکدا نین و هەرکامەیان لە ٥ مانگەوە تا ١٢ مانگ حقوقی دواخراویان هەیە. هێندێکیان لە حاڵێکدا لهسهروبهندی خانهنشینیدان كه هیچ چەشنە مافی بیمەیەک نایانگرێتەوە.
لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا کە بەسەر ئەم رووداوە تێپەڕێوە، بنەماڵەی کرێکارانی مەعدەنەکە شهو و ڕۆژ ئەو شوێنەیان جێنەهێشتوە. کرێکارانی ناڕازی خوازیاری سزادرانی بهرپرسانی ئەم رووداوە دڵتەزێنەن. کرێکارانی ناڕازی دەڵێن، بازڕەسانی ئیدارەی کار و ئیدارەی پیشەسازی تا ئێستا سەردانی ئەو کانەیان نەکردوە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە مەعدەنی زمستان یورتی ئازادشار بە هۆی ئەوە فەزایەکی داخراوی هەبووە، نا ستاندارد و نا یاسایی بووە و خاوەنی هیچ ئیمکاناتێکی ئیمنی سەرەتایی نەبووە. ئەم مەعدەنچیانە دەڵێن کە دوو حەفتە پێشتر بە بەرپرسانیان وتبوو کە مەعدەنەکە ستانداردی نیە و گازی تێدا کۆدەبێتەوە، بەڵام بەرپرسەکان، لەبەرانبەردا هەڕەشەیان لە کرێکارەکان کردبوو کە دەریان دەکەن. هاوکات لەگەڵ درێژەی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی پەیکەری کرێکارەکاندا، کرێکارانی مەعدەنی تەزهرە، تەبەس و کرمان بە ئامانجی هاوپشتی و ڕزگار کردنی هاوکارە گیرخواردوەکانیان لە مهعدهنی زمستان یۆرت دا چوون بۆ ئازاد شار.
بەڵام رووداوی تەقینەوەی مەعدەنی بەردی خەڵوزی یورت، رووداوێکی تاقانە نییە: چاوگێڕانێک بەسەر مێژووی ئەم یەک دەیەی دواییدا پێمان دهڵێت کە لەم ماوەیەدا گەلێک جار بڵاو بوونەوەی گازی متان بۆتە هۆی تەقینەوە و گیان بەخت کردنی کرێکاران. لە مانگی گەلاویژی ٨٤دا بەهۆی گاز گرتویی لە مەعدەنی “تەزرە” کە سەربە شیرکەتی بەردی خەڵوزی ئەلبورزی شەرقی شاهرودە، ٥ کرێکار گیانیان بەخت کرد. لە هەمان مانگدا، ٤ کرێکاری مهعدهنی بەردی خەڵوزی “هەجدەک” لە نزیک شارستانی ڕاوەری کرمان لە رووداوێکی هاوشێوەیدا لە حاڵی کار کردندا گیانیان لهدهستدا؛ رۆژی ٢٢ی مانگی خهرمانانی هەمان ساڵ ٩ کرێکاری مەعدەنی بەردی خەڵوزی “باب نیزو” لە نزیک شارستانی زەرەند، بەهۆی تەقینەوەی گازەوە کوژران. ئەم مەعدەنە لە ساڵی ٨٨یشدا سەرلەنوێ بە رووداوێکی هاوشێوە تەقیەوە و کۆمەڵێک لە کرێکارەکانی بەشی دەرهێنان لەم رووداوەدا گیانیان لەدەستدا. ئەم کانە لە مەودای نێوان ساڵەکانی ١٣٧٢، ١٣٨٤، ١٣٨٨ سێ رووداوی تەقینەوەی بە خۆیەوە دیوە کە بۆتە هۆی کوژرانی بە گشتی ٣٠ کرێکاری مەعدەنکار و بریندار بوونی زیاتر لە ٤٠ کرێکاری دیكه. لە ساڵی ١٣٩١دا دیسان بەهۆی تەقینەوەی گازی چڕ بۆوە کە بوو بە هۆی گیرانی ڕێگای هاتن و چوون بۆ نیو تونێلەکە و گیرخواردن تێیدا، ٨ کرێکاری مەعدەنی بەردی خەڵوزی “یالی شومالی” لە تەبەس لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستدا.
لە مانگی ڕەشەمەی ٩٢ لە رووداوێکی تەقینەوەی مەعدەنی بەردی خەڵوزی “چەشمەی پودنە” لە كوهبهنانی کرمان، ٣ کرێکار گیانیان لهدهستدا. هەروەها رووداوێکی هاوشێوە کە لە مهعدهنی بەردی خەڵوزی “گهلێ توت” لە کرمان روویدا کرێکارێک گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیاریە بڵاوکراوەکان لە لایەن ناوەندی ئامارەوە، وڵاتی ئێران بە ٥٣١٦ مەعدەنی چالاک، لە زومرەی ١٥ وڵاتی یەکەمی خاوەن زەخیرەی مەعدەنی دنیایە کە زیاتر لە ٦٠ جۆر مادەی خاو لە کانەکانی دەرئەهێندرێن و لە پیشەسازی مەعدەندا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و نزیکەی ٢ میلیۆن کەس بەشێوەی ناڕاستەخۆ تێیدا خەریکی کارن.
بە پشت بەستن بەم سەرچاوەیە لە ساڵەکانی ڕابردودا ژمارەی رووداوی سەرچاوە گرتوو لە کارەوە لە مەعدەنەکاندا رووی لە هەڵکشان بووە و وەک نمونە ژمارەی ئەم رووداوانە لە مەعدەنەکانی ئێراندا لە ٨٧٦ رووداو لە ساڵی ٢٠٠٩ دا گەیشتۆتە ١١٧٧ رووداو لە ساڵی ٢٠١٢ دا. ئەم ئامارە لە حاڵێکدایە كه ژمارەیەکی زۆر لە رووداوەکانی سەرچاوە گرتوو لە کار بڵاو نەکراونەتەوە. لە رووداوی مەعدەنی “باب نیزو” لە ئوستانی کرمان لە ساڵی ١٣٨٨ کە تێیدا دەیان کرێکار لە رووداوێکی هاوشێوەدا گیان لەدەستدا، تا ئێستا دەیان رووداوی دیكه لە مهعدهنهكانی ئێران و لە قوڵایی زەویدا روویانداوە، بەڵام تا ئێستا نەتەنیا هیچ خاوەنکارێک بە هۆی کەمتەرخەمیەوە سزا نەدراوە بەڵکوو بنەماڵەی کرێکارانی گیانبەختکردوش نەیانتوانیوە، لانیکەمی خەسارەتێک کە بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستە وەربگرن.
بەڕاستی تەکلیفی کرێکاران لەگەڵ وەها نیزامێکدا کە بەم شێوەیە گیان و بژیوی ژیانیانی کردۆتە یاری دەستی سەرمایەدارانی چاوچنۆک و قازانج پەرەست چییە بێجگە لە هەڵتەکاندنی لە بناغەوە. بەڵام تا کاتێک کە نیزامی سەرمایەداری حاکمە و کرێکاران لە بارودۆخێکی کاری ئیمن و مافە ئینسانیەکانیان بێبەشن، تەنیا ڕێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئهم بارودۆخه یهكگرتن و هێزی چینایەتی ڕێکخراو و هوشیاری کرێکارانە.