کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەزهەب دەبێ بە تەواوەتی لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە

مەزهەب لە کۆمەڵگای چینایەتی ئەمرۆدا، لە هەمانحاڵدا کە بیرو باوەڕی جەماوەرێکی زۆر لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش پێکدێنێ، ئامرازێکیشە لە دەست سرمایەداران و دەوڵەتدا تا لە ڕێگایەوە خەڵک بە هیوای ژیانێکی ئەفسانەیی لە دنیایەکی تردا فریوبدەن و حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری و بەهەشتی ئەمرۆی خۆیان لەم دنیایەدا بەردەوام بێڵنەوە. مەزهەب هەمیشە و بە درێژایی مێژوو دەنگدانەوەی بێ هیوایی و بێ توانایی جەماوەری خەڵک بووە لە دەست و پەنجە نەرم کردنیان لەگەڵ کۆسپەکانی سەر ڕێی ژیانیان. ئەو ئینسانەی ئەسیری مناسباتی نیزامی سەرمایەدارییە و بە تەنیایی ناتوانێ بارودۆخی ژیانی خۆی بگۆڕێ و لەبەرانبەر ڕەنج و ئازارێکدا کە خۆی و بنەماڵەکەی گیرۆدەی بوون، کارێکیان بۆ ناکرێت، کاتێک کە خۆیان بە لاواز و داماو دەبینن بە ناچار روو دەکەنە ئاسمان، بەو هیوایەی کە هێزێکی بەتوانانتر لە خۆیان دەربکەوێت و ڕزگاریان بکات. کاتێک کە لە دنیای ڕاستەقینەدا هیچ هیوایەک بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان نامێنێتەوە، ئاواتە خوازن کە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە هیواکانیان دوای مردن سەرلەنوێ زیندو ببنەوە، و بە ئاواتی دەستەبەر کردنی ڕیفاە و بەختەوەری لە دنیای خیاڵی دوای مردندا، ڕەنج و ئازارەکانی دنیای ڕاستەقینەیان تەحەمول بکەن.دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆ درێژەدان بە سوڵتەی چەوسێنەرانەیان دەست ئەدەنە شێوە و شگردی جۆراو جۆری سەرکوت. سەرکوتی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و دروست کردنی فەزای پۆلیسی و ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا تەنیا یەکێک لە شێوەکانی سەرکوتە. شێوەیەکی تری کە بە یارمەتی مەزهەب ئەنجام ئەدرێت بریتیە لە دەروونی کردنەوەی سەرکوت. ئەوان بە یارمەتی مەزهەب دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی ناڕازی لە ناخەوە کپ دەکەن. مەزهەب بەوانەی کە هەموو تەمەنیان زەحمەت دەکێشن و لە نەداریدا دەژین ئەوە فێر دەکات کە تا کاتێک زیندون و لەسەر زەوین، مل کەچ بن و خاوەن سەبر و بە هیوای پاداشتەکانی بەهەشت سوکنایی بدەن بە خۆیان. مەزهەب جۆرێک موخەدری مەعنەویە کە لەودا کۆیلەکانی سەرمایە، بە ئیختیاری خۆیان داواکاری بۆ ژیانێکی باشتر کە زۆرتر شایستەی ئینسان بێت وەلادەنێن. لە ئێراندا بە سرنجدان بەوەی کە مەزهەب لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا بە تەواوی ئاوێتەی یەکتر بوون، نەخشی سەرکوتگەرانەی مەزهەب گەلێک ڕاستەوخۆتر و بەرچاوتر خۆی نیشان ئەدات.607
کرێکاران و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران، کەم کەس لە ئێوە هەیە کە بە تەجروبە بۆی دەرنەکەوتبێ کە دەوڵەتی مەزهەبی چییە؟! بڕواننە کۆماری ئیسلامی، بڕواننە ئەم ڕژیمە هەوسار پچڕاوە! ببینن کە چلۆن قانون، ناوەند و سەرجەم دەزگای ڕەسمی مەزهەبیان خستەوەتە خزمەت دامەزراندنی حکومەتی تیرۆر و وەحشەتی سەرمایەدارییەوە! ببینن کە بە چ شێوەیەک ئایات، ڕوایات و قانونە مەزهەبەیەکان بوونەتە وەسیلەیەک بۆ بێ مافی و سوکایەتی هەموو رۆژە بە نیوەی دانیشتوانی وڵات واتە ژنان، سەرکوتی کەمینە مەزهەبیەکان و زەوت کردنی ماف و ئازادیە فەردی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی خەڵکی ئێران.
ببینن کە چلۆن ڕژیمی حاکم لە خزمەت کردن بە سەرمایەداری بە پشت بەستن بە قانونە مەزهەبیەکان، بێدادگا، زیندان و ئەشکەنجەگاکانی ڕازاندۆتەوە تا هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکی خەڵک سەبارەت بە هەژاری و بێمافی و بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی بە جەنایەتی ڕێکخراو سزا ئەدات و خوێنی هەزاران ئینسانی ئازادی خواز و شۆڕشگێڕ بێ پەروا دەرێژێ!
ببینن کە بە چ شێوەیەک جەهل و خورافە و ئەفسون و فریوی ڕسمیان خستوەتە جێگای زانست و فەرهەنگ! چلۆن بە پەرەدان بە کوێرانە ترین دەمار گرژی مەزهەبی لەنێو بەشێک لە بێ خەبەرترین کەسەکاندا، ئەوانیان لە دەستەی حیزب اللە و جوندواللە و لیباس شەخسیدا سازمان داوە و ئەوانیان بە ئەفسون و فریو کردوەتە جەنایەتکار و ئینسان کوژی حیرفەیی.کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب وەک شگردێکی دەوڵەتی، یاساو ڕێسای چینە دارا و دەسەڵات دارەکان بووە. چینی سەرمایەداریش بەردەوام لە ئامرازی مەزهەب بۆ فریودان و خەڵەتاندنی جەماوەری خەڵک کەڵکی وەرگرتوە. لە ئێران بوونی مەزهەبی ئیسلام بە دینی ڕەسمی وڵات بەگشتی لەخزمەت بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار و رۆحانیەتی حاکم دایە. چینی سەرنایەدار لە پەرەدان بە دەمارگرژی مەزهەبی وەک ئامرازێک بۆ دروست کردنی تەفرەقە و چەند بەرەکی لەنێو کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا کەڵک وەردەگرێت.
ئێمە کومونیستەکان خوازیاری لەنێو چوونی دەوڵەتی مەزهەبی و کۆتایی هاتن بە هەموو جۆرە کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب وەک ئامرازێکی دەوڵەتین! مەزهەب دەبێ بە گشتی و بۆ هەتاهەتایە لە دەوڵەت جیا بکرێتەوە! ئێمە دەڵێین: هیچ کام لە مەزهەبەکان، نابێ هیچ چەشنە دخاڵەت و کاریگەریەکیان بەسەر قانونەکانی وڵاتەوە هەبێت!
ئێمە دەڵێین: ناوەند و دەزگا مەزهەبیەکان دەبێ بە تەواوەتی و بۆ هەمیشە لە دەوڵەت جیا بکرێنەوە و دانی یارمەتی ماڵی و غەیرە ماڵی لە لایەن دەوڵەتەوە بە ناوەند، دامەزراوە و چالاکیە مەزهەبیەکان هەڵبوەشێتەوە!
ئێمە دەڵێین: کاربەدەستانی مەزهەبی نابێ خاوەنی هیچ چەشنە ئیمتیازێک بن چ بۆ دەستەبەر کردنی پلەو پایەی دەوڵەتی و چ لەبەرانبەر یاساکانی وڵاتدا و سەرجەم هەڵاواردنە قانونیەکان لەسەر بنەمای باوەڕ بوون بە مەزهەب دەبێ بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە! ئێمە دەڵێین نابێ لە مەدرەسە، زانکۆ و باقی دامەزراوەکانی تەعلیم و تەربیەتی دەوڵەتیدا، هیچ یاسا و ڕێسا و ئاین و تەعلیماتێکی مەزهەبی پەیڕەو بکرێت!
ئێمە دەڵێین: هیچکام لە مەزهەبەکان نابێ وەک مەزهەبی ڕەسمی وڵات بناسرێت. دەوڵەت دەبێ مەزهەب وەک ئەمری شەخسی کەسەکان بناسێت و سەرجەم دانیشتوانی وڵات دەبێ لە هەڵبژاردنی هەر دینێکدا کە خۆی بیەوێ یان نەبوونی هیچ مەزهەبێکدا، ئازاد بن! ئێمە پشتیوانی لە یەکسانی تەواوی مافە قانونیەکانی سەرجەم دانیشتوانی وڵات، سەربەخۆ لە بیر و بۆچونی مەزهەبی، مەرام و ئیدەی سیاسییان دەکەین و خوازیاری بەکردەوە دەرهاتنی بە تەواوەتی جیایی دین لە دەوڵەتین.
ئێمە ڕادەگەیەنین کە: چینی کرێکار هەرکە بگاتە دەسەڵات، جیایی بە تەواوەتی دین لە دەوڵەت وەک بەشێک لە قانونی ئەساسی ڕادەگەیەنێت و یاساکانی پێوەندیدار بە جیایی کامڵی مەزهەب لە دەوڵەت بە خێرایی و بەهێزی دەوڵەتی شوڕاکانی کرێکاران و خەڵک لە سەرتاسەری وڵاتدا دەخاتە بواری ئیجراییەوە!