کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەرگی فیدل کاسترۆ و تەبلیغاتی ڕاگەیەنەرەکانی سەرمایەداری

لەگەڵ مردنی فیدل کاسترۆ و سیمایەک کە لە دڵی خەڵکی ئەم وڵاتەدا و زۆربەی وڵاتانی ستەم دیتوی دنیادا جێی خۆی کردبۆوە، شەپۆلێکی تر لە هێرشی ئەحزاب و هێزە کۆنەپەرستەکانی سەرمایەداری جیهانی لەدژی ئەزمونی شۆڕشی کووبا و رۆڵێکی کە کاسترۆ لە ڕێبەری کردنی ئەم شۆڕشە و هێدایەت کردنیدا بووی دەستی پێکردوە. ڕێبەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی کە زۆربەیان لە گەمارۆ ئابووری و جەنایەتەکان لەدژی خەڵکی کوبادا بەشدار بوون چ ئەوانەی کە بە ڕێزەوە باسی رۆڵی کاسترۆیان کرد و چ کەسانی وەک ترامپ ئەم هێمای گەنیویەی سەرمایەداری کە نەیتوانی شادمانی خۆی لەم رووداوە بشارێتەوە، بەگشتی لە ئامانجێکدا، ئەویش هێرشی کردنه‌سه‌ر دەستکەوتەکانی شۆڕشی کوبایە هاوبەش بوون.

ڕاگەیەنەرە ئیمپڕیالیستیەکانی وەک بی بی سی و سی ئێن ئێن و باقی ڕاگەیەنەرە رۆژئاواییەکان لەو گۆشە نیگایەوە کە لە کوبا مەیدان بە مودێلی دیموکراسی و ئابووری بازاڕی ئازادی جێی سرنجی سەرمایەداری جیهانی نەدراوە لە هەوڵدان کە وێنای ڕژیمێکی دیکتاتۆڕی و ئیستبدادی لە نیزامی سیاسی حاکم لە کوبا بە ڕای گشتی بگەیەنن. ئەم ڕاگەیەنەرانە عەوامفریوانە فیلمەکانی پێوەندیدار بە سەپۆلی پەنابەرانی کوبایی کە دوای شەڕی سارد و لێک هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت بە قەبوڵ کردنی هەموو مەترسیەک دەیانەوێ خۆیان بگەیەننە ئامریکایان لە ئاڕشیوەکانیان دەرکێشاوە تا لەوان بۆ شکڵ دان بە ڕای گشتی کەڵک وەربگرن. ئەم ڕاگەیەنەرانە هەمان شەپۆلی تەبلیغاتی کە لە کاتی کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و کەنار گرتنی فیدل کاسترۆ لە دەسەڵات ئەنجامیان دا تێکرار دەکەنەوە. ئەم ڕاگەیەنەرانە دەیانەوێ بە خەڵک بڵێن کە خەڵکی کوبا نەک لە دەست ئاسەوارەکانی نیو سەدە گەمارۆی ئابووری و هەژاری، بەڵکو بەهۆی گوشاری پۆلیسی و نەبوونی دیموکراسیەوە هەڵدێن. سەرەڕای وەڕێ خستنی ئەم شەپۆلە تەبلیغاتە ژەهراوییە ناتوانن ئەم ڕاستیە بشارنەوە کە دوای شۆرشی کوبا و روخانی دیکتاتۆڕی باتیستا لە ساڵی ١٩٥٩ و سەرەڕای گەمارۆی ئابووری ئەم وڵاتە لە لایەن ئامریکا و هاوپەیمانەکانیەوە لە سەرتاسری دنیادا پێشکەوتو ترین سیستمی دابین کردنی کۆماڵایەتی لە بواری دەست ڕاگەیشتن بە ئاموزش و پەروەرش، بێهداشت ودەرمان و مەسکەن لەم وڵاتەدا بە کردەوە دەرهاتوە. لە حاڵێکدا کە نە لە ئامریکا وەک گەورە ترین ئابووری دنیا و نە لە باقی ئابووریە گەورەکانی سەرمایەداری جیهانی لەم ڕێژە لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی خەبەریک نییە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە فیدل کاسترۆ بەو ئەندیشە و ئاڕمانە سۆسیالیستیانەی کە تا کۆتایی ژیانی پێیانەوە پابەند مایەوە و بە پشت بەستن بە نفوز و خۆشەویستیەک کە لە نێو خەڵکی کوبادا هەیبوو رۆڵێکی حاشا گەڵنەگری لە چەسپاندنی دەستەکەوتەکان و بردنەسەری حورمەتی کەسایەتی ئینسانەکان لە وڵاتدا گێڕا. کاسترۆ بە هۆی پاسداری کردن لەم بایەخ و ئەرزش ئینسانیانە بوو کە لە لایەن دەوڵەتە جۆراو جۆرەکانی ئامریکا و سازمانی ئەمنیەتی ئەو وڵاتەوە سەرسەختانەی دوژمنایەتی لەگەڵدا دکرا. فیدل کاسترۆ و هاوخەباتەکانی بە پشت بەستن بەم دەستکەوتانە و خزمەتگوزاریەک کە پێشکەشی خەڵکی کوبایان کرد توانیان دوژمنایەتی دە سەرۆک کۆماری ئامریکا توشی ئاستەنگ و پوچەڵ بکەنەوە. بەڵام ئامریکا قەت لە هەوڵدان بۆ تێک شکاندنی ئەزمونی کوبا و کرداری پیلانگێڕانە بۆ کوشتنی کاسترۆ دەستی هەڵنەگرت.860

لە ١٧ ی مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٦١ بە دەستوری جان کندی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئامریکا هێزێکی نزیک بە ٢ هەزار کەسی لە دژی شۆڕشی کوبایی سەربە ڕژیمی روخاوی باتیستای بە فەرماندەیی ئەڕتەشی ئامریکا و بە یارمەتی کەسانی سەر بە سازمانی سیا لە خەلیچی بەرازەکان لە باشوری کوبا دابەزاند تا دەوڵەتی شۆڕشگێڕی کوبا بە ڕێبەریی کاسترۆ بروخێنێ. بەڵام هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوبا بە تێکشکاندنی هێزەکانی سەربە ئامریکا ئامانجی کندی و عەمەلیاتی کەنداوی بەرازەکانیان کردە بڵقی سەرئاو. کاسترۆ لە ساڵی ١٩٥٩ وە تا کاتێک کە دەستی لەکاری دەوڵەتی کێشایەوە زیاتر لە ٦٠٠ جار لە لایەن کەسانی سەربە ئامریکاوە پیلانی کوشتنی بۆ داندراوە و بە سلامەتی ڕزگاری بووە.

بەڵام ئامریکا تەنیا لە شەڕ و لە ناکامی ئەو پیلانانەدا بۆ تیرۆر کردنی کاسترۆ توشی شکست نەبووە بەڵکو شکستی سەرەکی لە نەبەرد لەگەڵ ئەرزشەکاندا بەسەریدا هات. ئەگەر هیچ پۆستێرێک لە کاسترۆ و لە هیچکام لە ناوچەکانی هاوانا بەسەر دیوارەکانەوە نابیندرێت، ئەگەرچی هیچ پەیکەرێکی لێ دروست نەکراوە و هیچ شەقامێکی بە ناوەوە نەکراوە، بەڵام حوزوری ئەو لە گشت شوێنێک هەست پێدەکرێت ئەساسەن بەهۆی رۆڵێکەوەیە کە فەرماندە لە دەستەبەر کردنی ئەم دەستکەوتانەدا و بەرز کردنەوەی ڕێز و حورمەتی ئینسانەکان لە وڵاتێکی ژێر گەمارۆی دژوار و درێژ ماوەدا گێڕاویەتی.

بەڵام سەرەڕای دەورێکی کە کاسترۆ لە سەرکەوتنی شۆڕشی دژی ئیمپڕیالئیستیدا نواندی و نەخشێکی نمادین کە لە خەبات لەدژی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا لە ئەستۆی بوو وە وێڕای ئەو دەستکەوتانەی کە لە بواری دابین کردنی سیستمی خۆش بژیوی و ڕیفاهی کۆمەڵایەتیدا لەژێر زەختی دەیان ساڵ گەمارۆی توندی ئابووریدا بۆ خەڵکی کوبای بە دیاری هێنا نەیتوانی سۆسیالیزم لە کوبادا دامەزرێنێ. کاسترۆ سەرەڕای وەفادار مانەوەی بە ئاڕمانی سۆسیالیزم نەیتوانی منسباتی کار و سەرمایە لە کوبا بگۆڕێت. ئەوەی کە لەوێ لە ئارادایە و حاکمە سیستمێکی سەرمایەداری ناوەندگەرای دەوڵەتیە. دەوڵەت وەک سەرمایەدارێک کاردەکات و کرێکارانیش دەچەوسێنەوە و نیزامی پوڵیش لەگەڵ کەمێک جیاوازی لەگەڵ باقی وڵاتانی دنیا لە ئارادیە. ئەوەی کە لە کوبا لە جەریاندایە کۆنترۆڵی دەوڵەتی کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت و بەهرەمەندبونی تا ڕادەیەک هەوسەنگە لە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان.

بەڵام ئەم دەستکەوتانەش سەرەڕای کەمی و بەرتەسک بوونیان دەتوانن بۆ چینی کرێکاری کووبا ببنە پاڵپشتێک بۆ بەرەو پێش چوون بەرەو سوسیالیزم. شوڕشی كووبا به‌ سه‌ركه‌وتنی خۆی ڕێگه‌ نیشانده‌ر و هیوا به‌خش بوو بۆ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازه‌كان له‌ ئه‌مریكا لایتن و سه‌رتاسه‌ری جیهان یادو بیرەوەی کاسترۆ وەک چەگوارا بۆ هەمیشە وەک هێمای خەبات و شۆڕش لەدژی دەسەڵاتە سەرمایەداریەکان بە زیندوویی دەمێنێتەوە و لە مێژووی خەباتی چینایەتیدا تۆمار دەکرێت.