ئەو شەڕەی کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەوە بە هێرشی هەماهنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران دەستی پێکرد، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممە، پێی نایە قۆناغێکی نوێ و زۆر ئاڵۆزترەوە. ئیسرائیل ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تاران دەست پێکردووە و ئامانجی ڕاگەیەندراویشی بریتییە لە «زاڵبوون بەسەر ئاسمانی ئێران» و کردنەوەی ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە تا پایتەختی ئێران. هاوکات لە تاران، دەزگای دەسەڵات لە کاردانەوە بەو بۆشاییەی کە بەهۆی مەرگی ڕێبەرەوە دروست بووە، پێکهێنانی میکانیزمێکی کاتیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕێبەریی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا هێرشی دوولایەنەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بێ وچان بەردەوام بووە و پانتایی لێکەوتەکان کەنداوی فارس، ڕێڕەوەکانی وزە، گەشتە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت شەقامەکانی پاکستان و عێراقیشی گرتووەتەوە.
مەرگی خامنەیی، هەرچەندە زەبرێکی قورس و بێوێنەیە بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵام بە تەنیا بە واتای کۆتایی هاتنی ئەم ڕژێمە نییە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارێتی خۆیدا نیشانی داوە کە پێکهاتە ئەمنی، ئایدۆلۆژی و ئابوورییەکانی لە سەرەوەی تاکە کەسێکەوە کار دەکەن. بەڵام بێگومان ئەم ڕووداوە گورزێکی توند کاریگەرە نەک تەنیا بۆ ئەم ڕژێمە، بەڵکوو بۆ تەواوی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا. لە حیزبوڵڵای لوبنانەوە تا گرووپەکانی سەر بەو ڕژێمە لە عێراق و یەمەن، هەموو ئەم ڕەوتانە بە جۆرێک لە ڕێگەی تارانەوە تەیار دەکرێن و خامنەیی هێمای ئایدۆلۆژی و سیاسیی هەموو ئەوانە بوو. بە ڕووخانی ئەم هێمایە، ئاستی قەیرانەکە لە سنوورەکانی ئێران تێپەڕ دەبێت.
لە بارودۆخی ئێستادا، ڕێبەریی داهاتووی کۆماری ئیسلامی بەبێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی سپای پاسداران مەحاڵ دەبێت. بەڵام سپا خۆی پێکهاتەیەکی یەکدەست نییە. ئەم دامەزراوەیە لە دوو بەشی جیاواز و لە هەمان کاتدا لێکئاڵاو پێکدێت: ئەو نیزامیانەی کە لە مەیداندا شەڕ دەکەن و تۆڕێکی بەهێزی ئۆلیگارشی دارایی کە بەشێکی زۆری ئابووری ئێرانیان لەژێر کۆنترۆڵدایە. ئەو گورزە قورسانەی کە لەم شەڕەدا بەر سپا کەوتووە، هاوسەنگی نێوان ئەم دوو بەشەی تێکداوە. باڵی سەربازی، کە خەریکی مەیدانە و هیلاک و لاواز بووە، پۆتانسێلی ڕێبەریی سیاسی لەدەست داوە و ئەم بۆشاییە لە بەرژەوەندی باڵە ئابوورییەکە تەواو دەبێت.
بەڵام ئەگەر لە ساتەوەختی هەستیاری ڕاگواستنی دەسەڵاتدا ئەم درزە قووڵتر بێتەوە، سیناریۆیەکی کە لە ڕواڵەتدا دەبوو گەرەنتی سەقامگیری بێت، دەکرێ ببێتە دەسپێکی شەڕێکی ناوخۆیی لەسەر دەسەڵات. دەسەڵاتی سەربازی لە دۆخی شەڕی دەرەکی و قەیرانی ناوخۆییدا، ناتوانێت سەقامگیری ناوخۆیی ڕژێمەکە دابین بکات. خامنەیی لە ماوەی سێ دەیەی ویلایەتیدا، توانیبووی ڕۆڵێکی زیاتر لە ڕێبەرێکی ئایدۆلۆژی بگێڕێت. ئەو ببووە خاڵی بەیەکگەیشتنی ڕەوتە دژبەیەکەکان و ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندییان لە پاراستنی ڕژێمدا هەبوو. ناوبراو هەم ناوبژیوان بوو لە نێوان دامەزراوە هاوتەریبەکان، هەم ناوبژیوانی ناکۆکییە باڵباڵێنەکان و هەم زامنی ئارامییەکی ڕێژەیی بوو لە نێوان ئەو تۆڕە مافیاییانەی کە لە سەردەمی ڕێبەرایەتی خۆیدا دروستی کردبوون. ئەم ڕۆڵەی کە دەیتوانی هاوکێشەکان ڕابگرێت بە مەرگی ئەو لەناو چووە.
واقعییەت ئەوەیە کە ئەم بۆشاییە لە بارودۆخێکدا دروست بووە کە شەڕ هێشتا بەردەوامە. کوژرانی دوو پلە لە ڕێبەرانی ڕژێم لە جەرگەی ململانێیەکی سەربازی ڕاستەوخۆدا، سەقامگیری ناوخۆیی ڕژێمەکەی تێکداوە. ڕژێمێک کە پێشتریش لە قەیراندا بوو، ئێستا بەبێ فەرماندە گشتییەکەی، لە ناوەڕاستی شەڕدا گرفتار بووە. پێویستە فشاری ئابووریی لەڕادەبەدەریش بە هەموو ئەمانەوە زیاد بکرێت. گەمارۆی چەند ساڵە، خراپی بەڕێوەبردنی پێکهاتەیی و ئێستاش تێچووی زۆر و زەوەندی شەڕ، ئابووری ئێرانی خستووەتە دۆخێکەوە کە ئیتر گەڕانەوەی بۆ دۆخی پێشوو مەحاڵە. خەڵک لەژێر باری هەڵئاوسان، بێکاری و کەمیی سووتەمەنی، ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکاندا پشتیان چەماوەتەوە. ئەم ڕژێمە، تەنانەت ئەگەر لە قەیرانی سەربازیش ڕزگاری بێت، ئیتر ناتوانێت بە شێوازەکانی پێشوو حوکمڕانی بکات.
خەڵکی ئێران لەم ڕژێمە بێزارن و ئەم بێزارییە ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە و بووەتە هۆی توڕەییەکی پەنگخواردوو. بەڵام مەودای نێوان بێزاری تا ڕووخاندن تەنیا بە ڕێکخراوبوون و ئامادەیی پڕ دەبێتەوە و لەم بوارەدا کۆمەڵگەی ئێران هێشتا لەگەڵ کەلێن و بۆشایی جددی بەرەوڕووە. بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەرتەوازە بوون، ڕێبەرییەکی کە لەلایەن جەماوەرەوە قبووڵکراو بێت بوونی نییە، و هێزەکانی گۆڕانکاری هێشتا نەیانتوانیوە توانای گرتنەدەستی دەسەڵات لە خۆیاندا پێک بهێنن. ئەگەر کۆماری ئیسلامی وەک سیستمێکی سیاسی بتوانێت لەم قەیرانە ڕزگاری بێت، بابەتی ڕاگواستنی دەسەڵات دەبێتە ململانێی سەرەکی هەفتە و مانگەکانی داهاتوو لە ناوخۆی ڕژێمدا. لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا، ئەنجومەنی شارەزایان ئەرکی هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی لە ئەستۆیە، بەڵام ئەم پێکهاتە یاساییە لە کەشێکدا کە هێزی ڕاستەقینەی بڕیارەکان لە ڕێگەی سەرنێزە و پارەوە دیاری دەکرێن، تەنیا وەک ڕووکەشێکی نمایشی دەبێت. ئەوەی لە پشتی پەردەوە ڕوو دەدات، مامەڵە و گفتوگۆیە لە نێوان باڵە سەربازی و ئابوورییەکانی سپا، مەلا کۆنەپارێزەکان و تەکنۆکراتە نزیکەکان لە حکوومەت. ئەڵبەتە ئەوانەش هەرکامەیان کۆمەڵێک شرۆڤە و لێکدانەوەیان هەیە بۆ مانەوەی خۆیان.
لە ناو هەموو ئەم گۆڕانکاریانەدا، بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوەوە دەخرێتە ڕوو: هەرچییەک لە سەرەوە ڕوو بدات، دەرفەت و مەترسی نوێ دەخوڵقێنێت. قۆناغی گواستنەوە هەمیشە هاوکات هەم پەنجەرەیەکە بۆ گۆڕانکاری و هەم مەیدانێکە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پاوانخوازیی، بەڵام بە بەرگێکی نوێوە. ئەگەر ئەم بۆشایی دەسەڵاتە لەلایەن هێزە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵگەوە پڕ نەکرێتەوە، هێزە ستەمکار و سەرەڕۆکان بە ناو و نیشانێکی ترەوە پڕی دەکەنەوە. بە
مەرگی خامنەیی، یەکێک لە کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامی ڕووخاوە. بەڵام کۆڵەکەکانی تر هێشتا ماون. ئەوەی دیاری دەکات کە پاشەڕۆژی ئێران چۆن دەبێت، تەنیا لاوازیی ڕژێم نییە، بەڵکوو هێز و ئامادەیی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت داهاتوویەکی جیاواز دروست بکەن. هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامادەییە، پرسی سەرەکی ئەو ساتە وەختەیە کە تێیدا دەژین.
