کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەترسی پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی بەسەر دنیاوە

سەرئەنجام دوای چەند مانگ شەڕی ڕەوانی و هەراوهوریای تەبلیغاتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکانی کورەی شومالی، سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ڕێبەری کورەی باکور بەیانی رۆژی سێشەممە ١٢ی مانگی ژوئه‌ن لە دورگەی “سنتوسا” لە سەنگاپور چاویان بەیەک کەوت و ووتووێژیان کرد. هەیئەتە نوێنەرایەتیەکانی هەردولا دوای ٢ کاتژمێر وتووێژ، سەنەدێکیان مۆر کرد کە ناوەرۆکی سەرەکی لەپێشدا لە دیداری هەیئەتی وتووێژکاری هەردولادا تەوافوقی لەسەر کرابوو. بە پێی ڕاپۆرتەکان لەسەر بنەمای ئەم سەنەدە ئەمریکا و کورەی شومالی تەعەهودیان داوە لە پێناو باشتر کردنی پێوەندیەکانی نێوان هەردو وڵات، یارمەتی بە ئاشتی و سەقامگیری لە شێوە دورگەی کورە، ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ چەکی ئەتۆمی داماڵن. هه‌روه‌ها چەند خاڵی تر لەوانە هه‌وڵ دان بۆ دۆزینەوە و گۆڕینەوەی تەرمی ئەسیران و کەسانی ونبوو لە شەڕی کورەدا.

قەیرانی ئەتۆمی کورەی شومالی دوای ئەوە گەیشتە لوتکە کە دەوڵەتی ئەم وڵاتە لە مانگی خه‌رمانانی ساڵی ڕابردوودا بەهێز ترین تاقیکردنەوەی هەستەیی خۆی ئەنجامدا. ئەم ئازمایشە هەستەییە، بوو بەهۆی بومەلەرزیەکی ٦،٣ ڕیشتێری لە بەشێک لەم وڵاتەدا و کاربەدەستانی کورەی جنوبی و ژاپۆن بە دەربڕینی نیگەرانی تەقینەوەی ئەم بۆمبە هیدرۆژێنیەیان ١٠ بەرابەر بەهێزتر لە پێنجەمین تاقیکردنەوەی هەستەیی کورەی شومالی لە ساڵی ٢٠١٦ دا، وەسف کرد. تەقریبەن هاوکات لەگەڵ ئازمایشی هەستەیی، هاویشتنی موشەکی قاڕە پەیما کە بەسەر ئاسمانی ژاپۆندا تێپەڕی، هیچ گومانێکی نەهێشتەوە کە تواناییەکانی کورەی باکور لە پەرەدان بە چەکی هەستەییدا گەیشتۆتە خاڵێکی هەستیار. دەوڵەتی کورەی شومالی دوای ئاخرین ئازمایشە هەسته‌یی و موشەکیەکانی و دوای ئەوەی کە نیشانیدا توانایی ئەوەی هەیە کە نە تەنیا کورەی باشور و ژاپۆن، بەڵکوو سەرجەم ناوچەکە لە “رۆژی قیامەت” نزیکتر بکاتەوە، ئەمجار هەوڵیدا تا ئیبتیکاری عەمەل لە بواری دیپلۆماسیدای بۆ دەرچوون لە گێژاوی قەیرانی ئەتۆمی بەدەستەوە بگرێت. هەڵبەت ڕێبەرانی کورەی شومالی لەسەر بنەمای ستراتیژی سیاسەتی خاریجی خۆیان ئەم بڕوایە پەرە پێ ئەدەن کە لە بواری پەرەدان بە بەرنامە هەستەیی و موشەکیەکانیان گەیشتونە خاڵی بەرپەرچدانەوە لەپێناو زەمانەت کردنی ئەمنیەتێکی بەردەوامدا. بەپێی ئەم ئیدیعایانە، دەستڕاگەیشتن بەم ئامانجە ستراتیژیكه‌ ئەوانی گەیاندۆتە قۆناغێک کە وەسیەتی باوک و باوەگەورەی “کیم جونگ ئون” بەکردەوە دەربێنن و بۆ پاک کردنەوەی شێوە دوڕگەی کورە لە چەکی ئەتۆمی هەوڵ بدەن.

دەوڵەتی کورەی شومالی بەم ئاراستەیە و بە پشت بەستن بە نیگەرانی و ترسێک کە لەدڵی سەرانی کورەی جنوبیدا پێكیان هێناوه‌ وە بە کەڵک وەرگرتن لە كاتی یاریەکانی ئولەمپیکی زستانی هەوڵیاندا تا ڕێبەرانی کورەی جنوبی و دواتر ئەمریکاش بۆ قەبوڵ کردنی وتووێژی بێ شەرت و مەرج ئامادە بکات. دوای ئەوە کیم جونگ ئون لە کۆتایی مانگی مارسدا بە سواری قەتارێکی زرێهی چوو بۆ بینینی “شی جی پینگ” سەرۆك کۆماری چین تا لە ڕاوێژ و هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێک لە گەورە ڕەقیبە نێونەتەوەییەکانی ئەمریکادا هەنگاوی دواتری بنێت. ڕێبەری کورەی باکور لەجەریانی سەفەری بۆ چیندا بوو کە لە وڵامدانەوە بە ئامادەیی ترامپ بۆ دیدارێکی دوو لایەنە وتی: “بابەتی لە چەکی ئەتۆمی داماڵینی شێوە دوڕگەی کورە دەتوانێ چارەسەر بکرێت بەو شەرتەی کە وڵامی کورەی جنوبی و ئەمریکا بە هەوڵەکانمان حوسنی نیەتی لەگەڵدا بێت و لە جەریانی هەنگاوی پێشکەتوانە و هاوئاهەنگدا بۆ دەستەبەر بوونی ئاشتی، فەزای ئارامش و سەقامگیری بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بێت”.

بەڵام ئامانجی پشتی سەری ئیدیعای دەست راگەیشتن بە خاڵی بەرپرچ دانەوە بۆ زەمانەت کردنی ئەمنیەتی بەردەوام لە لایەن سەرانی کورەی شومالیەوە و توانایی بە قەناعەت گەیاندنیان بۆ پاساوی رای گشتی هەرچیەک بێت، له‌ ڕاستیدا چوونی کورەی باکور بۆ نێو ئەم كێبڕكێ‌ تەسلیحاتیە و ئەو تەحریمە ئابووریە قورسانەی کە لە ڕێگای شوڕای ئەمنیەتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بەسەر خەڵکی ئەو ولاتەدا داسەپاون، ئابووری ئەو وڵاتەی ئیفلیج کردوە و هەژاری و فەلاکەتێکی بێ وێنەی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بە شوێنەوە بووە. ئەم تەحریمە بەردەوامانە لە لایەن ئەمریکا و شوڕای ئەمنیەتەوە لەدژی کورەی شومالی حوکمی گەمارۆی ئابووری هەبووە و ئابووری ئەو وڵاتەی گەیاندۆتە لیواری هەڵدێر و نابودی. بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان “١٨ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی ئەم وڵاتە توشی بەد خۆراکین و هەروەها دەست ڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری سەرەتایی ئازاریان ئەدات.” لە سەر بنەمای ئەم راپۆرتە “زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە جەمعیەتی ئەم وڵاتە خۆراکی پێویستیان نییە. لە ئاکامی ئەم تەحریمانەدا و ڕکودی ئابووری نرخی بێکاری گەیشتۆتە نزیکەی ٢٧ لەسەد.

دەولەتی ئەمریکا و شورای ئەمنیەت لە حاڵێکدا ئەم وێرانیە ئابووری و هەژاری و فەلاکەتە جەماوەریەیان بەسەر خەڵکی کورەی شومالیدا سەپاندوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەرنامە هەستیەکانی دەوڵەتی ئەم وڵاتە کە دۆناڵد ترامپ لە دوای چوونیەوە بۆ کۆشکی سپی تا ئێستا گەلێک جار لەسەر پێویستی پەرەدان بە زەڕدادخانەی ئەتۆمی ئەمریکا جەختی کردۆتەوە. ترامپ لە یەکێک لە تویتەکانیدا راگەیاندبوو کە: “دەبێ ئەمریکا توانایی ئەتۆمی خۆی تا کاتێک کە دنیا سەبارەت بە بابەتی چەکی ئەتۆمی دێتەوە سەر ئەقڵ بەشێوەیەکی چڕ زیاد بکات. دوای ئەم وتە شێتانە بوو کە کابینەی ترامپ لە مانگی فێوریەی ٢٠١٨دا جاریکی تر بە بابەتی هەستەیی ئامریکایدا چۆوە. پنتاگۆن بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە “تەوافوقنامەی دوای شەڕی سارد” بە سەرلەنوێ دەست پێکردنەوەی ڕقابەت لەلایەن روسیە و چینەوە پێشێل کراوە، خوازیاری دوو بەرابەر کردنی بودجەی تەسلیحاتی هەستەیی ئەمریکا لە یەک دەیەی داهاتودا بوو. ئه‌مه‌ش شاملی بەکار هێنانی زەرفیەتی چەکی ئەتۆمی، لەوانە موشەکە ژێر دەریاییە ئەتۆمیەکانە. بەپێ لێکدانەوەی لیزبیس گرانلند، زانای بەرجەستە و مودیری هاوبەشی ” بەرنامەی ئەمنیەتی جیهانی” لە ” یەکیتی زانایانی دڵنیگەران” ” سیاسەتەی کابینەی ترامپ ئەگەری شەڕی ئەتۆمی زیاتر کردوە و ئەمنیەتی نەتەوەیی دەخاتە مەترسیەوە. ئەم سەنەدە درێژەی حاڵاتێکی کە لەژێ ناوی ئەودا سەرۆک کۆماری ئیجازەی کەڵک وەرگرتن لە چەکی ئەتۆمی دەبێت پەرە پی ئەدات.”

ئەم ڕاستیانە نیشانی ئەدەن کە بە درێژە کێشانی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری کە ١٠ ساڵ لە تەمەنی تێپەڕیوە، نیزامی پێوەندی نێونەتەوەییش خەریکە قۆناغیکی قیراناوی و پڕ لە کێشمەکێش دەنێتە پشت سەر. لەسەر ناوەرۆکی به‌ درێژەی قیرانی ئابووری زل هێزە سەرمایەداریەکان بۆ پەرەدان بە ناوچەی ژێر نفوزی خۆیان بە شاراوەیی بەرنامەی تەسلیحاتی هەستەیی خۆیان پەرە پێ ئەدەن. لەم نێوانەدا هەرچەند هەواڵی چەک کردنی ئەتۆمی کورەی شومالی جێگای خۆشحاڵی بێت بەڵام سێبەری شەڕی ئەتۆمی بەسەر دنیاوە نا ڕەوێنێتەوە. توند بوونەوەی ئەم ڕقابەتە هەستەییانە لە حاڵێکدا کە نوسخە نیئۆلیبڕاڵیەکان بۆ تێپەڕاندنی نیزامی سەرمایەداری لە قەیرانی ئێستا ناکارایی خۆی نیشانداوە، هەروا لەژێر سێبەری شەڕ و قەیران و ڕکودی ئابووری و تەب و یاوی شەڕدا گرفتار کردوە. بەم بارودۆخەوە کۆمەڵگای بەشەری زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە بەرانبەر دووڕێیانی سۆسیالیزم یان بەڕبەڕیەتدا قەراری گرتوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-