لە درێژەی گوشار و سەپاندنی حوکمە سەرکوتگەرانەکان دژ بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان، مەترسی سەپاندنی دووبارەی حوکمی سێدارە بەسەر چوار بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان لە ئارادایە.
ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە بە ناوەکانی ڕزگار بەیگزادە بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی و کاوە ساڵحی کە لە کاتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەستبەسەر کرابوون، ماوەی ٣٧ مانگە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراون و هاوکات بەندکراوێکی دیکە بە ناوی تەیفوور سەلیمی بابامیری هەمان مەترسی لە سەرە. ناوبراوان پێشتر بە تۆمەتی بەغی و موحارەبە لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی سێدارە و ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو، کە هەرچەندە ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشێندرایەوە و ڕەوانەی دادگای مەهاباد کرا، بەڵام ئێستا نیگەرانییەکان لەسەر ئەگەری سەپاندنەوەی حوکمی سێدارە بەردەوامە.
