کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەترسی سیاسەتێکی شەڕخوازانە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Untitled 58

کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە بە کۆتایی هاتنی هێرشە مووشەکییەکەی بۆ سەر ئیسرائیل، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشە بەو مەرجەی ئیسرائیل وەڵام نەداتەوە، کۆتایی پێهاتووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیلیش بە نۆبەی خۆی هەڕەشەی کردووە کە وەڵامێکی قورس بە کۆماری ئیسلامی دەداتەوە. تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بەم لێدوان و پڕوپاگەندانەوە هەیە، مەترسی واقیعی سیاسەتێکی شەڕخوازانە، هەڕەشە لە سەرجەم ناوچەکە دەکات. لە هەمان کاتدا کە هۆکارگەلێکی زۆر هەن نیشان دەدات کە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی بە تەواو مانا و وێرانکەر لەسەر ئاستی دەوڵەتەکان زۆر لاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت ئەگەری لە کۆنتڕۆڵ دەرچوون و ڕوودانی شەڕێکی لەو چەشنە، لەبەرچاو نەگیرێت. کۆماری ئیسلامی بە هاویشتنی نزیکەی ٢٠٠ مووشەکی دوور مەودا بەرەو ئیسرائیل، هەوڵیدا ئەو هەڕەشانەی کە دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران کردبووی، بەجۆرێک بە کردەوە دەربهێنێت. لە هەمان کاتدا لەو ڕووەوە کە ڕێژیمی ئێران لەو بارودۆخەی ئێستادا ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل بە قازانجی خۆی نازانێت، پێشوەختە دەوڵەتی ئەمریکای لەو هێرشە ئاگادار کردەوە. دەوڵەتی ئەمریکاش کە بە نۆبەی خۆی نیگەرانە لە داهاتووی ئێران، نایەوێت داهاتووی ئەم وڵاتە بە دەستی ڕووداوە پێشبینینەکراوەکان بسپێرێت. لەمڕووەوە،  لەم پرسەدا تا ڕادەیەک دۆخی کۆماری ئیسلامیی لەبەرچاو دەگرێ و لەو ڕاستییە تێدەگات کە لەم دۆخەدا ناکرێت کۆماری ئیسلامی لەمە زیاتر بکەوێتە ژێر گوشار و سووکایەتی پێکردن. هەربۆیە هەوڵدەدات کە زیادەڕۆییەکانی دەوڵەتی نەتانیاهۆ لە وەڵامدانەوە بە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، سنووردار و کۆنترۆڵ بکات. لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە، ئەگەریش بڕیارە هێرشێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت، دەبێ لە ئاستێکدا بێت کە کۆماری ئیسلامی پێویستی بە وەڵامدانەوەی نەبێت. لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەولەویەت بۆ دەوڵەتی ئیسرائیلیش ئەوەیە کە تەکلیفی خۆی لەگەڵ حیزبوڵڵا لە بەرەی لوبنان یەکلایی بکاتەوە. لەو ڕووەوە پێدەچێت تا ئەو کاتە، زۆر حەز نەکات بەرەیەکی شەڕی بە تەواو مانا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکاتەوە. دەوڵەتی ئیسرائیل لەوە دڵنیا بووە کە ناتوانێ دەوڵەتی ئەمریکا ڕابکێشێتە ناو شەڕێکەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بە درککردن بەم ڕاستییە، لە مەسەلەی هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، ئەم پاسیڤبوون و خۆبەدوور گرتنەی کۆماری ئیسلامی، بەهەند وەرگرتووە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ناکرێت ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو نەگیرێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل، زۆر نیگەرانە لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی. بەڵام لێرەشدا دوو فاکتەری واقیعی، لەوەدا ڕۆڵ دەبینن کە دەوڵەتی ئیسرائیل بیهەوێت لە هەنگاوێکی کرداریدا بەر بە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بگرێت. یەکەم ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی کە پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات، بەڵام ناتوانێت بەرژەوەندییە درێژخایەن و سەرمایە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بکاتە قوربانی پاوانخوازی و زیادەڕۆییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ. دەوڵەتی ئەمریکا هاوشێوەی دوو دەیەی ڕابردوو، پێی باشترە کە بە سەپاندنی گوشاری سیاسی و ئابووریی، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی بکات. دووهەم ئەوەی کە لەوانەیە، هێرشی نیزامی ئیسرائیل لە ئێران نەک هەر پرۆسەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی خاو نەکاتەوە، بەڵکوو خێراتریشی بکات. لەبیرمان نەچۆتەوە کە کێبڕکێی نێوان دەوڵەتەکانی ئاڵمانی هیتلەری و ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت، لە گەرمەی شەڕی جیهانی دووەمدا لەسەر بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، دەستی پێکرد و سەرەنجام دەوڵەتی ئەمریکا پێش ڕکابەرەکانی کەوت و بە هێرشکردنە سەر شارەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی لە ژاپۆن، ئاسەواری ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکی لەو دوو شارە سڕییەوە. بەڵام تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە چارەنووسی کۆماری ئیسلامیەوە هەیە، ئەم هەڵسەنگاندن و ئەگەرە جۆراوجۆرانە، سەرەنجام لە غیابی فاکتەرێکی جەوهەری و چارەنووسسازدا بە هیچ ئاکامێک ناگەن. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا، لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی چارەهەڵنەگر بەرەوڕووە. لە سەرووی هەموویانەوە قەیرانی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامی و جەماوەری خەڵکی ئێران. دەسەڵاتنەکهەرمافی

ژیانێکی ئاسایی لە زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا زەوت کردووە، بەڵکوو بە زیندانیکردن، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان، دەستوەردان لە هەموو بوارەکانی ژیانی تایبەتیی ئینسانەکان، هەژاری، گرانی، هەڵاوسان، چەوساندنەوە، بێکاریی، گەندەڵی دارایی و ئیداری و هتد، ژیانی لە خەڵک تاڵ کردووە. خەڵک لە ئاست ئەم بارودۆخەدا بێدەنگ و بێ هەڵوێست نین. شۆڕشی ڕزگاری بەخشی ژن، ژیان، ئازادی، لە فۆرم و  شێوازی نوێدا هەروا بەردەوامە. چارەنووسی کۆماری ئیسلامی، پەرەسەندنی خەباتی ڕوو لە گەشەی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیتوو و بێبەشی ئێران، دیاری دەکات. خەڵکی ئێران خوازیاری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامین، بەڵام نەک بە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل. چارەنووسی کۆماری ئیسلامی، دەبێ بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و بە دەستی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، دیاری بکرێت. تەنیا بەم شێوەیەیە کە خەڵک دەتوانن بگەن بە ئامانجی شۆڕشەکەیان، کە بریتییە لە ئازادی و ئەمنییەت و خۆشگوزەرانی.