مۆتەکەی شەڕ لە خزمەت دامرکاندنەوەی بڵێسەی خەباتی جەماوەر
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەروبەندی ٤٧مین ساڵیادی دامەزراندنیدا، لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ و فرەڕەهەند بەرەوڕوو بووەتەوە کە بناغەکانی دەسەڵاتەکەی خستووەتە لەرزە. هەروەک چۆن ئەم دەسەڵاتە ٤٧ ساڵە لەناو ڕووباری خوێندا درێژەی بە ژیانی خۆی داوە، ئێستاش بە سەرکوتی خوێناوی و بێبەزەییانە حوکمڕانی دەکات. دیمەنی ترسناکی کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژانی دوای بڕینی ئینتەرنێت، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە کۆماری ئیسلامی هێشتا دەستبەرداری تاکە ستراتێژی مانەوەی، واتە سەرکوت و توندوتیژیی، نەبووە. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە زیاتر لە ١٩٠ شاری ئێران گەیشتۆتە ئاستێکی بێ وێنە. خەڵک بەوپەڕی ئازایەتی و چاونەترسییەوە خوازیاری ئازادی، عەداڵەت و ژیانێکی باشترن. بەڵام وەڵامی حکوومەت هەمان وەڵامی کۆن و هەمیشەیە: گوللە، زیندان، ئەشکەنجە و سێدارە. بڕینی ئینتەرنێت و سانسۆری میدیاییش نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە تاریکی پەیوەندییەکاندا تاوانەکانی خۆی بشارێتەوە.
ئەم سەرکوتە خوێناوییە نەک هەر نیشانەی لاوازیی و بێتوانایی ڕژیمە لە ئاست وەڵامدانەوە بە ویست و داواکارییە ڕەواکانی جەماوەر، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەشە کە حکوومەت جگە لە هێز و توندوتیژی هیچ ڕێگایەکی دیکە شک نابات بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی. هاوکات پێشهاتە نێودەوڵەتییەکانیش پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. بەپێی زانیارییەکان، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کاردانەوە بە کوشتاری بەربڵاوی خۆپیشاندەراندا، سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێرانە. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری هێرشێکی لەو شێوەیە، بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەروبەندی ئەگەری دەستپێکی شەڕێکی نیزامیدا، پرۆسەی چۆڵکردنی بەشێک لە هێزەکانی لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر و چەند بنکەیەکی دیکەی ناوچەکە دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوە سەربازییانە ئەوە دەردەخەن کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری دیکە سیناریۆیەکی دوور لە چاوەڕوانی نییە. بەڵام شەوی ڕابردوو ترامپ لە لێدوانێکی دژوازدا وتی کە زانیاریی دروستی لەبارەی ژمارەی کوژراوەکان لەبەردەستدا نییە، بەڵام لایەنی ئێرانی بەڵێنی پێداوە کە چیتر خەڵک لە شەقامەکاندا نەکوژن و هیچ کەس لەسێدارە نەدەن. ئەم قسانە لە کوێی سیاسەتی ڕاستەقینەی ئەمریکادا جێگا دەگرن، هێشتا ڕوون نییە. ئایا ئەمە بە مانای پاشەکشەی ترامپە لە هەڵوێستەکانی پێشووی سەبارەت کۆماری ئیسلامی؟ بەو پێیەی کە زۆرجار هەنگاوەکانی ترامپ پێشبینیکراو نین، دەبێت چاوەڕان بین و بزانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چی ڕوودەدات.
بەڵام ئەمە تاکە دەنگ نییە کە لە کۆمەڵگەی ئەمریکاوە دەبیسترێت. بێرنی سەندەرز، سیناتۆری چەپگەرای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی ئێکس نێتۆرک وتی: “ملیۆنان کەس لە دژی حکوومەتێکی دیکتاتۆر ڕاپەڕیون، ڕێژیم بەوپەڕی توندوتیژییەوە وەڵامی داونەتەوە و هەزاران خۆپیشاندەری کوشتووە، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران مافی خۆیانە داهاتووی خۆیان دیاری بکەن و ئەمریکاش دەبێت پشتیوانی بکات لە داواکارییە ڕەواکانیان بۆ ئازادی و دێموکراسی، بەڵام ئەم پشتیوانییە نابێت بە زەبری چەک بێت“. سەندەرز جەختی لەوە کردۆتەوە کە ئەمریکا دەبێت خواستەکانی بریتی بێت لەم خاڵانەی خوارەوە: کۆتاییهێنانی خێرا و دەستبەجێ بە توندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران، کۆتاییهێنان بە سانسۆری میدیایی و بڕینی ئینتەرنێت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکى ئازاد لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا. ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت: دەستێوەردانی نیزامیی ئەمریکا چارەسەر نییە، لە ڕابردوودا شکستی هێناوە و دووبارە شکست دەهێنێت.
لە کاتێکدا کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لە زیاتر لە ١٩٠ شاری ئێران لە ئاستێکی بێوێنەدا هەروا بەردەوامە، هاوکات لەگەڵ زایەڵەی شۆڕشی جەماوەر، دەنگۆیەکی مەترسیداری دیکەش دەبیسترێت کە ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت. لە هەناوی ناکۆکییەکانی ناوخۆی حکوومەتدا هێڵێکی فاشیستی و پۆپۆلیستی، هێدی هێدی خەریکی خۆڕێکخستن و خۆ پڕچەک کردنە. لەبیرمان نەچێت، بۆ نموونە سەعید جەلیلی کە بڕوای بەو جۆرە بیر و بۆچوونە هەیە، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دا ئەگەرچی سەرنەکەوت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکانی بەدەستهێنا. ئەمە نیشان دەدات کە لەناو کۆمەڵگای ئێرانیشدا ڕەوتگەلێکی مەترسیدار خەریکە پێکدێن کە ددانیان بۆ دوای ڕووخانی ئەم ڕژێمەی ئێستا تیژتر کردووە و دەتوانن مەترسی نوێ بۆ سەر داهاتووی خەڵکی ئێران دروست بکەن. سیناریۆیەکی لەو شێوەیە تەنها کاتێک ئیمکانی بۆ دەڕەخسێت کە خەڵک لە مەیداندا نەبن.
ئەگەرچی زۆرێک لە ڕووداوەکان بە وردی پێشبینی ناکرێن، بەڵام بە زۆر هۆکاری بابەتیی دیاردەیەک بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیی ئیدارەی ئێراندا بووەتە شتێکی حەتمی. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئەم گۆڕانکارییە بە چ ئاراستەیەکدا ڕوودەدات؟ بێگومان چ ئەوەی کە ئەمریکا هێرش بکات یان خودی کۆماری ئیسلامی بۆخۆی زەمینە بۆ هێرش ئامادە بکات و شەڕێکی پێشگیرانە دەستپێبکات، دەرئەنجامی دەستبەجێی لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتیی بریتی دەبێت لە دامرکاندنەوەی بڵێسەکانی ئاگری ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەی ئێستا. شەڕ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێ دەستی پێبکات، تەنیا لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا دەبێت. ئەم ڕاستییەمان لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا بە ڕوونی بینی. ئەو جەماوەرەش کە لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکانی خۆیدا خەبات دەکات، ئەمجارەش لە چاوەڕوانیدا دەمێننەوە. چاوەڕوان مانەوەی جەماوەر تا ئەنجامی کۆتایی ئەم پێشبڕکێیە، سیناریۆی مەترسیدار و دەرئەنجامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە. شەڕێکی لەو شێوەیە نەک هەر ئازادی بەدیاری ناهێنێت، بەڵکوو وێرانکاری، هەژاری و لەناوچوونی بۆ خەڵک بەدواوە دەبێت.
ئازادی ڕاستەقینە و ژیانێکی باشتر تەنیا بە خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیو دەستەبەر دەبێت. دەستێوەردانە ئیمپریالیستییەکان ئازادی بۆ خەڵک بەدیاری ناهێنن و هیچ بۆمب و مووشەکێکش ناتوانێت ئازادی لە جێگای ستەم و سەرەڕۆیی جێگیر بکات. ئەم ئاخێزەی ئێستای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەریخستووە کە ئەوان چیتر ئامادە نین ستەم و هەژاری و گەندەڵی و سەرکوت تەحەمول بکەن. ئەم خەبات و تێکۆشانە دەبێ بەردەوام بێ و خەڵکی ئێرانیش دەبێت وێڕای پاراستنی یەکڕیزی و هاوپشتی، ڕێگای خۆیان شێلگیرانە تا گەیشتن بە ئازادی و بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان، درێژە پێبدەن. نابێ ڕێگا بدرێت بڵێسەکانی خەبات لەژێر سایەی شەڕدا دابمرکێتەوە. داهاتووی ئێران دەبێ لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانەوە بنیات بنرێت نەک بە بۆمب و مووشەک.
